زێڕەنگەرێک بۆ خەڵک: ئەو کەسانەشی هاوسەرگیری دەکەن کەمترین زێڕ دەکڕن



نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی ناجێگیرە و بەهاکەی بەردەوام ڕوو لە بەرزییە، هاوکات لە هەرێمی کوردستان نرخەکەی بەرزبووەتەوە و خواست لەسەری کەمیکردووە، زەڕەنگەرێکیش دەڵێت، “بازاڕمان کزە، تەنانەت ئەوانەشی هاوسەرگیری دەکەن کەمترین زێڕ دەکڕن”.

لە ڕۆژی دووشەممەوە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە سەرووی ٢١٤٠ دۆلار و دواتر بۆ ٢٠٢٦ دۆلار دابەزیی، تا ئەمڕۆ نەیتوانیووە نرخەکەی بگاتەوە ئەو ئاستە پێوانەییە.

ئازاد عومەر، زەڕەنگەر لە شاری سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ڕۆژی دووشەممە گەیشتە بەرزترین ئاست و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زێر عەیار ١٨ بە ٤٠٩ هەزار دینار بوو، عەیار ٢١ بە ٤٧٥ هەزار دینار بوو”.

سەبارەت بە خواست لەسەر زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، ” بازاڕمان زۆر کزە و مامەڵەکردن بە زێڕ زۆر کەمی کردووە”.

ئازاد عومەر ئاماژەی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کرد، ” بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ جیهانییە، بەهۆیەوە خواست لەسەری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٪٨٠ کەمیکردووە”.

وتیشی، “خەڵک بە گشتی بۆ گۆڕینەوە یان لە کاتی هاوسەرگیری زێڕ دەکڕن، ئەویش لە نێوان ٥ بۆ ١٠ مسقاڵ دەبێت و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە”.

ئێستا بەهۆی نا سەقامگیری بەهای دراوەکان بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بازرگانان بە گشتی ڕوویانکردووەتە کۆفرۆشی زێڕ، رۆژانە ٥٠٠ تاوەکو ٦٠٠ کیلۆگرام زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئازاد عومەر، باسی لەوەشکرد، ” لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناجێگیری بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی کەسانێک دێن لیرە دەکڕن بۆئەوەی بۆ قازانج دایبنێن”.

حزبی دیموکرات: ئێران بە کورد ناڕووخێت
پێشت حزبی دیموکرات: ئێران بە کورد ناڕووخێت
نرخی نەوت هەرزان بوو
دواتر نرخی نەوت هەرزان بوو
ەیوەندیدار