محەمەد حاجی مەحمود: کورد دەتوانێت کارتی فشار بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنیت



سیاسەتمەدار و شارەزایانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەو بڕوایەدان کورد لە لاوازترین قۆناغی ڕۆڵ و کاریگەریدایە لە عێڕاق و هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ پەرتەوازەیی ناوخۆیی و نەقۆستنەوەی ئەو هەلە زێڕینانە دەگەڕێنەوە کە پێشتر کەوتنە دەست هێزە کوردستانییەکان.

هەندێکیشیان لەو بڕوایەدان کە هێشتا کار لە کار نەترازاوە و کورد بایی ئەوەندە کارتی فشاری لەبەردەستدا ماوە کە بتوانێت فشار لەسەر بەغدا دروست بکات بۆ دەستخستنی مافەکانی.

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، “کورد دەبوو سەرەتا ڕازی نەبووایە وەک کەمینە بەشدار بێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵکو دەبوو وەک نەتەوەیەک بەشدارببوایە لە پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕزژێمی بەعس، خاڵێکی تر ئەوەیە کورد شەرمنە لە داواکردنی مافی خۆی، ڕەنگە لێرە قسەیەک بکات و لە شوێنی تریش قسەیەکی تر بکات.”
وتیشی: “هەندێک جار لێرەو و لەوێ گوێمان لێدەبێت دەڵێن، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی نییە، بەڵکو دەسەڵاتەکانی تەشریفاتین، نەخێر بەو جۆرە نییە، بەڵکو سەرۆک کۆمار لە عێراقدا دەسەڵاتی زۆری هەیە.”

“کارتی فشارمان هەیە”


“کورد کارتی فشاری هەیە، بۆ نمونە جگە لە یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی، کشانەوەیانە لە بەغدا و بگەڕێنەوە کوردستان، بۆ لە بەغدان، مەعقولە خۆیان لە بەغدا دانیشتوون بە مووچەی مانگانە و پاسپۆڕتی دیپلۆماسییەوە سەفەر دەکەن خەڵکیش سێ مانگە بێ مووچە کراوە لەلایەن بەغداوە، بۆچی؟ چی دەکەن لە بەغدا بەو زەلیلیلییە دانیشتوون لە بەغدا؟ ئەم هەموو بڕیارە دەردەچێت لە دژی کورد ئەوان هەر دانیشتوون، دوور نییە سبەی بڕیاریش بدەن بە داخستنی یەکێک لە حزبە کوردەکان.”
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، “کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس چاوەڕێی دەکرد کۆمەڵێک ماف و دەستکەوت بەدەستبهێنێت، بەڵام نەک هەر نەیتوانی بەڵکو دەبینرێت کێشەکانی پێشوتریشی هەرماوە”.

پێیوایە چەند هۆکارێك وایانکردووە کورد نەتوانێت دەسەڵاتەکانی لە بەغدا بەکاربهێنێت، “لەوانە سرووشتی کارکردن لە بەغدا جیاوازە، وە هۆکاری ناسەقامگیری و نایەکڕیزی و نایەکبوونەی کورد لە ناو خۆیدا، هەروەها یەکڕیزنەبوونی فراکسیۆنە کوردەکان لە ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، وە هۆکارێکی تر لاوازی پەیوەندی شاندەکانی هەرێم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کە دێنە بەغدا، جگە لەوەش لاوازی پەیوەندی نێوان تیمە کوردییەکان کە لە بەغدان.”

سەرۆك کۆمار چی پێ دەکرێت؟


بەشیر حەداد وتیشی: “سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستورە، بەلانی کەم دەبێت هەر ئەمڕۆ داوای ئەوە بکات کە بۆچی دادگای فیدراڵی هەتا ئەمڕۆ یاسای نییە؟! ئەمە بە یاسایەکی کۆن پێکهاتووە نەک بەپێی دەستور ماددە 92، دووەم، دەیتوانی یاسای بودجە بەلانی کەم مانگ بۆ 40 ڕۆژ دوابخات، ئەم دواخستنە فشارێک بۆ سەر شیعە، بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆر پەلەیان بوو، بۆیە زۆر شت هەیە دەکرێت سەرۆک کۆمار فشار بکات.”
لای خۆشیەوە عەبدوڵا عەلیاوەیی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: “کورد بە چەند قۆناغێک تێپەڕی، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، قۆناغی بەشدارینەکردنی سوننە لە حکومەتدا کورد بەهێزبوو، شیعەش بەو جۆرە بەهێز نەبوو، کورد وەک میر وابوو لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لایەنەکان دەگەڕانەوە بۆلای سەرۆک مام جەلال.”

کورد چۆن لاواز بوو؟


“وتیشی: قۆناغێکی تر بریتییە لە قۆناغی ناو پەرلەمان، کە لایەنە کوردییەکان هەمووی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان کۆببونەوە. من ئەو کات خۆم پەرلەمانتار بووم، هەموو فراکسیۆنەکانی تر دەهاتنە لای هاوپەیمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەماهەنگی تەواو لە نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆک مام جەلال هەبوو ، کورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، هەموو مانگێک کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتی کۆمار بە هاوپەیمانی کوردستان و وەزیرەکان دەکرا، هەر کێشەیەک هەبووایە چارەسەر دەکرا.”
عەلیاوەیی دەڵێت: “قۆناغی دوای ئەوە، قۆناغی دووە، قۆناغی زۆر لاواز بوو، ئەمەش دوای ئەوەی حزبە کوردییەکان لەیەکتر جیابوونەوە، جەنابی مام جەلال نەخۆش کەوت، لە دوای مام جەلال ئەو سەرۆک کۆمارانەی هاتن پێ بەپێ لاواز بوون، نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و پەیوەندی نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمار ڕێکبخەن و هەماهەنگ بن، جگە لەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەهاتنە بەغدا بەشێکییان عەرەبییان نەدەزانی.”
بە بڕوای ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق “ئێستا کورد لە لاوازترین قۆناغدایە لە بەغدا، ئەگەر بە خۆمان نەکەوین ئەگەری هەیە خراپتریش ببینین لە ڕۆژانی داهاتوو، هیچ هەمانگیەک نییە لە نێوان ئەوانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە بەغدا، هەماهەنگی نییە لە نێوان سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان.”

“با لە بەغدا بکشێینەوە”
“سەبارەت بە چۆنێتی فشارخستنە سەر بەغداش بۆ چارەسەرکردنی بەشێك لە گرفتەکان عەلیاوەیی دەڵێت: “ئێستا کە جێگری سەرۆک کۆمار نییە، کشانەوەی لە بەغدا یان هەڵوێست وەربگرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەزمەیەک کە فشار لە چوارچێوەی شیعە دەکات، من سەرۆک کۆمار بوومایە دەهاتمەوە کوردستان و دەموت ئەگەر هەتا مانگێک مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان نەنێرن بە تەواوەتی ئەوا وازدەهێنم، ئەو کات بزانە چۆن کاریگەری دەبوو، ئەگەر کوردایەتی بیربکرێتەوە دەبێت وابێت، ئەگەرنا دادەنیشم لە بەغدا وەک سەرۆک کۆمار هیچ کێشەیەکم نییە و مووچە و نەسریەیەکی زۆر وەردەگرم و سەفەری خۆم دەکەم، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە من لەوێ وابژیم و میللەتەکەشم لە هەرێم برسی بێت و نان نەبێ بیخوا، سەرۆک کۆمار دەتوانێت هەندێک شت ڕابگرێت، دەتوانێت لە پەرلەمان داوا بکات متمانە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بسەنێتەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم.”

VOA

نرخی زێڕ جارێکی دیکە ڕووی لە بەرزی کردەوە
پێشت نرخی زێڕ جارێکی دیکە ڕووی لە بەرزی کردەوە
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بایدن و ترامپ کێبەڕکێ دەکەن
دواتر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بایدن و ترامپ کێبەڕکێ دەکەن
ەیوەندیدار