قائیمقامیەتی پێنجوێن: کێشەی کارەبا چارەسەرکرا



قائیمقامیەتی پێنجوێن ڕایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری کارەبای هەرێم کێشەی کارەبای قەزای پێنجوێن چارەسەر دەکرێت، ئەویش بە مەرجی لابردنی سەرجەم زیادەڕەوییەکانی سەر تۆڕی کارەبای پێنجوێن و بەستنی سیستمی پێوەری زیرەک.

لە ڕاگەیەنراوێکدا قائیمقامیەتی پێنجوێن بڵاویکردەوە، هاوڵاتیانی سنووری قەزای پێنجوێن ئاگادار دەکەینەوە کە لەلایەن ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم، پێمان ڕاگەیەنراوە کە بە بڕیاری وەزیری کارەبای هەرێم کێشەی کارەبای پێنجوێن چارەسەرکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی کارەبای پێنجوێنیش بە چەند مەرجێک بووە، یەکەمیان سەرجەم ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای سنووری قەزای پێنجوێن لاببرێت، مەرجی دووەمیان بریتییە لە قۆناغی کۆتایی بەستنی پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان، پێنجوێنیش پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت.

سەبارەت بە بەستنی پێوەری زیرەک ئەوەی خستەڕوو،  پێوەرەکە میکانیزمێکە کە زامنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری دەکات لە سنووری قەزای پێنجوێن، هاوکات بە شێوەیەکی یەکجاری و ڕیشەیی کۆنترۆڵی زیادەڕەویی سەرتۆڕەکانی کارەبا دەکات، دوو مانگ جارێک پسوڵەی پارەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان دێتەوە، محاویلەی کارەبای گەڕەکەکان لە سوتان دەپارێزێت.

قائیمقامیەتی پێنجوێن لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، بەهۆی نەبەستنی پێوەری زیرەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ماوەی شەش کاتژمێر کارەبای قەزای پێنجوێنی کەمکردوەتەوە، داوایان کردووە پێوەری زیرەکیان بۆ ببەستن، بەڵام وتوویانە کە لە ئێستادا بەردەست نییە، هاوکات پەیوەندیشیان بە جێگری سەرۆک وەزیران و پارێزگاری سلێمانی کردووە، بەڵام کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکراوە.

 

سزایەکی دیکە بەسەر کۆڕەک سەپێنرا
پێشت سزایەکی دیکە بەسەر کۆڕەک سەپێنرا
نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە
دواتر نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە
ەیوەندیدار