شارەزایەکی کەشناسی: نزمە پاڵەپەستۆیەکی سارد هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات نزمە پاڵەپەستۆیەکی سارد ناوچەکە بگرێتەوە کە کاریگەری لاوازی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، نزمە پاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەریی کە سەنتەرەکەی بەسەر باکوری تورکیا و وڵاتانی باکوری و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوەیە، کاریگەری لاوازی لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

ڕوونیشیکردەوە کە  بە کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە، سبەی شەممە، ئاسمانی ھەرێم لە کاتەکانی پاش نیوەرۆدا بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و درەنگانی شەو بارانی پچر پچر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک دەستپێدەکات.

ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی 26 و 27ی مانگ کاریگەری زیاتر دەبێت و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ بارانی مامناوەند و پچر پچر لەناوچە شاخاوییەکاندا و بارانێکی کەم بۆ مامناوەند لە ھەندێک کات لەسەنتەری پارێزگاکاندا.

وتیشی: بە گشتی کاریگەری زیاتر لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەبێت و تا بەرەو باشوری ھەرێم بڕۆین کاریگەری بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، ئاراس جەبار ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما لەماوەی ئاماژە پێکراودا زیاتر جێگیر دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەیەکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا و خێرایی با لەرۆژانی 26 و 27 مامناوەند چالاک دەبێت 15-30کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە .

شارەزاکەی کەشناسی ئەوەشی بە بیرهێنایەوە کە کاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لاواز دەبێت، بەڵام لە وڵاتانی باکور و ناوەڕاست و رۆژھەڵاتی ئەوروپا و وڵاتی تورکیا ھەر لەرۆژانی 26 و 27 ی مانگەوە شەپۆلێکی سەرما و بەستەڵەک و بەفر بارین بەرێژە و کاریگەری جیاواز ئەو ناوچانە دەگرێتەوە.

“فەوتاندنی خوێندنی 700 هەزار خوێندکار زیانێکی گەورە”
پێشت “فەوتاندنی خوێندنی 700 هەزار خوێندکار زیانێکی گەورە”
ئەمڕۆ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
دواتر ئەمڕۆ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
ەیوەندیدار