قوباد تاڵەبانی: دواخستنی مووچەی فەرمانبەران سزایەکی سیاسییە بۆ کورد



جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دەستوورێكی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە هەرچەندە كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات و دەشڵێت: “دواخستنی مووچەی فەرمانبەران سزایەکی سیاسییە بۆ کورد”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پانێڵێكدا لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك ڕایگەیاند، “بوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و پێویستە دەستوورمان هەبێت، بەڵام پێویستە دەستوورەكەمان لەگەڵ دەستووری عیراق هاوتەریب بێت، نەك پێچەوانە بێت”.

ڕاشیگەیاند، “لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەكانمان، دەستوور پێشێل كراوە، بەڵام بەشێكی ئەو پێشێلكارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان غیابی دەستوورمان هەیە”.

جەختیشی كردەوە، “بەڵێ، كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەكو پرسی گرنگی بودجە و مووچە، كە بوونەتە كێشەی گەورە لە كوردستان”.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “وەك كورد پێویستە پێش هەموو شتێك، نێوماڵی خۆمان یەكبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بكەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون”.

جێگری سەرۆكی حكومەت ئەوەشی ڕاگەیاند: “نیشتمانپەروەریی بە دروشمبازی و قسە و وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵك ناپێورێت، لای من نیشتمانپەروەری خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی مافەكانیانە، من وەكو كوردێك هەست دەكەم، كە سزای سیاسی دەدرێین، چونكە لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەرانمان چەند مانگێكە دواكەوتووە و بایكۆت لە بەشێك لە كوردستان بەردەوامە”.

 

یاسین مەحمود: سەرۆكی حكومەت پلانی باشی هەیە بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان
پێشت یاسین مەحمود: سەرۆكی حكومەت پلانی باشی هەیە بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەر بایکۆتی خوێندن دوا هەڵوێستی ڕاگەیاند
دواتر هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەر بایکۆتی خوێندن دوا هەڵوێستی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار