“هەوڵی تیرۆرکردنی کادیرەکەی دیموکرات لە هەولێر شتێکی بچووکە”



کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دەربارەی هەوڵی تیرۆرکردنی کادیرێکی حزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر دەڵێت: “ئەوە کارێکی بچووکە و کاری دەزگا هەواڵگرییەکان لە ئاستێکدا نییە کە مرۆڤ شۆك بکات”.

ڕۆژی پێنج شەممە 16ی ئەم مانگە تەقە لە سوهراب ڕەحمەتی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا و بە سەختی بریندار کرا. سوهراب کە بە یەک گولە پێکرابوو لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.

لەو بارەیەوە ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “وەک چۆن دەزگا هەوالگریەکان لە ناو وڵاتانی پێشکەوتوو چالاکی دژی نەیارە سیاسیەکانیان دەکەن، هەمان ئەو دیاردەیە لە هەرێمی کوردستانیش بوونی هەیە.”
وتیشی: “ئەو هەوڵەی دراوە لە هەولێر بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کادرەی پێشووی دیموکرات شتێکی بچوکە، ژیانی هەموو کەس بە قیمەتە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، کاری لەو شێوەیە لە هەرێم کەمترە. لە نیۆرک لە سەعاتێکدا چەند کەس دەکوژرێت. لەم بیست بۆ سی ساڵە مافیا لە سوید ئەوەندە بەقوەت بووە بە ڕۆژی ڕوناک خەڵک دەکوژرێت، هێشتا هەرێم لەو ئاستەدا نییە کە مرۆڤ تووشی شۆک ببێت.”
ئاری هەرسین دەڵێت: “ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین و لە بەغدا پێمان دەڵێن بابەتی ئەمنی حکومەتی ئیتیحادی ڕێکی دەخات، لەبەر ئەوە ئەگەر تەعدا بێت بۆ هەرێمی کوردستان تەعداشە بۆ سەروەری عێراق، بابەتەکە گشتیە و تایبەت نییە بەس بە هەرێمی کوردستانەوە، ئێمەش ئەو هێزەمان نییە هەم لە ڕووی سەربازییەوە هەم لە ڕووی دارایی و هەواڵگرییەوە تا بتوانین ڕووبەڕووی ئەو دەزگا هەواڵگریانە ببینەوە کە سەدان ساڵ ئەزموونیان هەیە.”
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوای ڕووداوەکە، لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سۆهراب ئەندامێکی چالاکی حزبەکەیان بووە و هەروەها ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە و پارێزەری چەند کەیسێکی هەستیاریش بووە، لەوانە دۆسیەی تیرۆرکردنی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموکرات و موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و چەندی دۆسیەیەکی تری هەستیار.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “پێشووتر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشە لەو ئەندامەیان کراوە، بۆیە داوا دەکەن لە دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر تاوانبارانی بدۆزنەوە و بەسزای خۆیان بگەیەنرێن.”

ناتانیاهۆ: ئەمریکا چەکی کاریگەری بۆ ناردوین
پێشت ناتانیاهۆ: ئەمریکا چەکی کاریگەری بۆ ناردوین
وەزرارەتی نەوتی عێراق، بەنرخی پاڵپشتیکراو غاز دەداتە کارگەکان
دواتر وەزرارەتی نەوتی عێراق، بەنرخی پاڵپشتیکراو غاز دەداتە کارگەکان
ەیوەندیدار