“بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی حەلبوسی، لە قتوی هیچ عەتارێکدا نەبووە”



سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی لە پەرلەمان بە سەیر و سەمەرە وەسف دەکات و لەو بڕوایەشدایە سوننە وەك کورد نەبێت کە هەموو ئەو بڕیارانەی پێشتر لە دژی دەرکران، قبوڵی بکات.

محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئەڵمانیاوە پەیامێکی دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جارێکی تر دادگا گاڵتەجاڕییەکەی بەغدا، لەبڕیارێکی سەیر و سەمەرەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە کارەکەی دوورخستەوە.

محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت: “لە قتوی هیچ عەتارێکدا نەبووە و نابێت دادگا سەرۆکی پەرلەمان لە کارەکەی دوور بخاتەوە، بەپێی هەموو یاسا و ڕێسا و عورفێک حکومەت و تەواوی دامەزراوەکانی شەرعیەت لە پەرلەمانەوە وەردەگرن بە سەرۆکی دادگا کانیشەوە، بەڵام ئەمڕۆ دادگا حزبییەکەی بەغدا بە بڕیارێک سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە کارەکەی دوورخستەوە و مافی ئەندامێتی پەرلەمانیشی هەڵوەشاندەوە”.

ڕاشیگەیاند، “پێشتر و بە چەندین بڕیاری هاوشێوە ئەو دادگا حزبییە سوکایەتی بە کورد کرد، هەر لە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان تا ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەداخەوە کورد بێدەنگی هەڵبژارد نەک هەر ئەوەندە بەوپەڕی داماوی و زەلیلی و تاڕادەی ترسنۆکی ملکەچی ئەو نادادییانەی ئەو بەناو دادگایە بوو”.

بە بڕوای سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دوای کورد، ئێستا نۆرەی بە ئامانجگرتنی سوننە هاتووە لە ڕێی دادگای فیدراڵییەوە و دەشڵیت: “بەڵام پێناچێت سوننەکان ئەوە قبوڵبکەن و بە ئاسانی بێدەنگ ببن، کاردانەوەیان دەبێت تا ئاستی کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمان و ئیفلیجکردنی تەواوی دامەزراوەکان لە عێراقدا”.

محەمەد حاجی مەحمود وتیشی: “هیوادارم کورد سود لە کات و قۆناغەکە وەربگرێت و بە “قەرزی ٣ مانگی تر” بێدەنگ نەکرێت”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو قەرزە سێ مانگییەی کە حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەیدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی سێشەممە، دادگای فیدراڵی بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامە، ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و بەوەش لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی پەرلەمان دوورخرایەوە.

سکاڵایەکی نوێ لە دژی حەلبوسی تۆمار دەکرێت
پێشت سکاڵایەکی نوێ لە دژی حەلبوسی تۆمار دەکرێت
دوای دوورخستنەوەی حەلبوسی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
دواتر دوای دوورخستنەوەی حەلبوسی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار