سکاڵایەکی نوێ لە دژی حەلبوسی تۆمار دەکرێت



باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق بڕیارە سکاڵایەکی نوێ لە دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار بکات، سەبارەت بە بڕیاری دانانی شەش ڕاوێژکار کە مەرجە یاساییەکانیان تێدا نەبووە.

باسم خەشان لەگەڵ لەیس دولەیمی توانیان لە سکاڵاکەیان کە لەسەر حەلبوسی تۆماریان کردبوو سەربکەون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن دادگای فیدراڵی (باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق) هەڵبوەشێتەوە.

ناوبراو ئەمڕۆ لە پۆستێکی فەیسبووک، ڕایگەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەرچووە، پێچەوانەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان ئەو لایەنانەی کە دەیانویست دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەمە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەربەخۆیی دادگای باڵای فیدراڵی.

ئەو نوێنەرە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دادگای فیدراڵی دەربڕی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجومەن، “کە دەستووری پێشێل کردووە و دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرێکی هەڵبژێردراوی ساختە کردووە”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “ئەمڕۆ تانەیەکی دیکەم لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی هەیە لە دژی بڕیاری دانانی شەش ڕاوێژکار کە مەرجەکانی دانانیان تێدا نەبووە، ئەو سەرۆکەی کە ئەندامێتیەکەی بە نادروست دەرچووە، ئیدیعای ڕەزامەندی ئەنجومەنەکەی کردووە و تەنها ٢٠ یان ٣٠ جێگر دەنگی لەسەر داوە”.

دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی و ئەندامێتی لەیس دولەیمی دەرکرد.

حەلبوسی لێدوانی لەسەر بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی خۆی دا و بە بڕیارێکی “سەیر”ی زانی و وتی، “کەسانێک هەن هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن”.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، وەزیر و نوێنەرانی پارتی “تەقەدوم” بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاریاندا دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و بایکۆتی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دانیشتنەکانی پەرلەمان، پرۆسەی سیاسی بکەن، وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

وەزیری نەوتی عێراق: دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەین
پێشت وەزیری نەوتی عێراق: دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەین
“بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی حەلبوسی، لە قتوی هیچ عەتارێکدا نەبووە”
دواتر “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی حەلبوسی، لە قتوی هیچ عەتارێکدا نەبووە”
ەیوەندیدار