ئاسایشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر



ڕەووف محەمەد ئالانی

دوای ئەوەی لەبەرناڕەزایەتی وبایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانەوخوێندنگەکان تانوسینی ئەم وتارە نەکراونەتەوەو بەداخراوی ماونەوە، چەندین بۆچوون وڕای جیاوازودژبەیەک لەسەر ئەودۆخە هاتنە ئاراوە.

لایەنی کاربەدەستان و حکومەت و حیزبەکان یەک لایەن و جەمسەری گرفتەکە لێکدەدەنەوە، ئەویش ئەوەیە گوایە قوتابیان و خوێندکاران باجەکەی دەدەن، سەرەڕای ڕەوایی داوای مامۆستایان، بێ ئەوەی لایەنەکانی تر لەبەر چاوبگرێت و کاری لەسەر بکات بۆ چارەسەری ڕیشەیی گرفتەکە، چونکە هەرخۆیان هۆکارن، لایەنی دووەم ئەویش هەر داوای مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت، بەڵام تەنها بۆچوونی لەسەر کێشەکە هەیە و پشتگیری ناڕەزایەتیەکان دەکات، توانای چارەسەری گرفتەکەی نیە.

ئەوەی پێشکردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان دەبێت بیری لێبکرێتەوە و هەنگاوی چارەسەری ڕێشەیی بۆبنرێت، چاککردنی پرۆسەکەیە بەگشتی و ئاوڕدانەوەیە لەکۆی پرسەکە، بەدانانی فەلسەفەیەکی گونجاوی هاوچەرخی پەروەردەیی کە ئاراستەیەکی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و…. لەخۆبگرێت.

بابەتێکی تری گرنگ کە دەکرێ هەنگاوی پێویستی بۆبنرێت، دۆخی بژێوی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویانە، کەپەیوەندیەکی ڕاستەخۆی لەسەرپرۆسەکەهەیە.

ئاسودەیی دەروون، هۆکاری سەقامگیری و سەرخستن و بەدیهێنان و گەیشتنە بەئاکام، بەتایبەت لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، ئەویش بەباشکردن و گۆڕینی گوزەرانی مامۆستایان دەبێت، هەرچی بکرێت بۆ ئاسایشی دەروونی مامۆستایان واتە بەهاناوە چوون بۆ چارەسەری ڕیشەیی دۆخی پەروەردە، لەم قۆناغەدا دەرچەیەکە بۆ ئاراستەی دەرهێنان لەو دۆخەی پەروەردە کەوتۆتە سوڕی خەوتن و متبوون.
(برایان تریسی) لەبارەی بوونی ئاسایش لەناو ناخی تاکدا دەڵێت:( تا زیاتر بەدوای ئاسایشدا بگەڕێیت، کەمترت لێی دەستدەکەوێت).

لەم وتەیەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت بوونی ئاسایش هەرچەند زۆربێت هێشتا ڕۆحی مرۆڤ تێر ناکات و زیاتر داوادەکات.
جگە لەئاسایشی دەروونی چەند جۆرێکی تر لەئاسایش بوونی هەیە کە هەر یەکێک لەوانە گرنگی و بایەخی زۆری هەیە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکیش، لای(شەمسی تەبرێزی)ئاسایش پلەکەی زۆرباڵایە، ئەو دەڵێت:

(ئاسایش لە خۆشەویستی بەرزترە، بۆیە کاتێ نزیک بیت لێی سەرسام دەبیت، نزیک بوونەوەش دەبێتە هۆکاری دڵنیایی).
چەند جۆرێکی تر لەئاسایش هەن کەجێی بایەخ و گرنگی پێدانن ئەوانیش ئامانەن:
١-ئاسایشی دەروونی
٢-ئاسایشی خۆراک
٤-ئاسایشی تەندروستی
٤-ئاسایشی ئابووری
٥-ئاسایشی ژینگەیی
٦-ئاسایشی ماڵ
٧-ئاسایشی مرۆڤایەتی
٨-ئاسایشی سەربازی
٩-ئاسایشی زانیاری
١٠-ئاسایشی نەتەوەیی
١١-ئاسایشی ئاو
١٢-ئاسایشی کۆمەڵایەتی

ئەمانەی ئاماژەمان بۆکردوون جۆرە جیاوازەکانی ئاسایشن، بەگشتی کاریگەریان لەسەر ژیان هەیە، هەر یەکێک لەمانە کەموکورتی هەبوو لایەنێکی گرنگی ژیان کەلێنی تێدەکەوێت.

بۆ ئەوەی گرفت و کێشە پەروەردەییەکان بنەبڕبکرێن، پێش هەر هەنگاوێک دەبێت بیر لەسەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی دەروونی مامۆستایان بکرێتەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت چۆن خەمی پرۆسەی پەروەردە هەڵدەگیرێت؟

دڵێکی خۆش و نیگایەکی دووربین و مێشکێکی دوور لە بیرکردنەوەی ئاڵۆزی، هەموویان دەبنە بنەمایەکی پتەو بۆ بەدیهێنانی پلانێکی ڕاست و دروست و نەخشەیەکی گونجاوی زانستی بۆ ئەنجامدانی هەرکارو پلان و پرۆسەیەکی خواستراو، لەم کاتەدا کە مامۆستایان هیچ دڵیان بە پیشەکەیان خۆش نەبێت و هیچ ڕوانگەیەکی باش نەبێت بۆ بینین و هزریان هێندە ئاڵۆسکابێت، چۆن پلان و نەخشەو ڕێگایەک بدۆزنەوە تابتوانن بەباشی وەک توێژێکی گرنگی ناوکۆمەڵگە خزمەت بە قوتابیان و خوێندکاران بکەن؟
مامۆستایان بەسێ مانگ مووچەیەکی کەم وەربگرن، چۆن ئاگایان لەپرۆسەی پەروەردە دەبێت؟

بە مەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە و باشترکردنی کوالێتیەکەی، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و باشکردن وپێشخستنی ژیانیان بە مەبەستی هاندانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین پەروەردە بۆنەوەکانی ئایندەیان کە درەوشانەوەی ژیاری و خۆشنوودی بەدیبێت.

ئەمەش بەهێزی سیستمی خوێندن لەو وڵاتەدا بەرز دەکاتەوە و سەیر نابێت کە پێشکەوتووترین وڵاتان لە ڕووی ئابووری و پەروەردەییەوە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدان کە بەرزترین مووچە بە مامۆستایان لە جیهاندا دەبەخشن.

لێرەدابەباشی دەزانم ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە بخەمەڕوو وەک ماڵپەڕی (anamusafer ) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەو وڵاتانە زۆرترین مووچە دەدەن بەمامۆستاکانیان، هەموومان دەزانین ژیان و سیستمی پەروەردە بۆچی لەو وڵاتانەدا ئەوەندە لەپێشەوەیە.

1-لۆکسمبۆرگ 97,808 دۆلاری ئەمریکی
2- سویسر ا 68 هەزار و 849 دۆلاری ئەمریکی
3-ئەڵمانیا 64 هەزار و 289 دۆلاری ئەمریکی
4-هۆڵەندا 59,894 دۆلار
5-کەنەدا 56 هەزار و 422 دۆلاری ئەمریکی
6-کۆماری ئێرلەندا 54,954 دۆلاری ئەمریکی
7-دانیمارک 53 هەزار دۆلار
8-بەلجیکا 49 هەزار و 185 دۆلاری ئەمریکی
9-ئوسترالیا 48,937 دۆلار
10 -کۆریای باشوور 48 هەزار و 181 دۆلاری ئەمریکی
ئەم ڕێژەی مووچانە لەو وڵاتانەدا، ئەگەر بۆ هەر شوێنێک بەو ڕێژەیەی دیاریکراوە دابەشی دوانزە مانگی بکەی بڕێکی زۆرە و کەسی مووچەخۆر سەرەڕای ژیانێکی ئاسوودەو خۆشگوزەران دەتوانێت لە خەڵکی تر باشتر ژیان بەڕێبکات، بەڵام مامۆستای ئەم هەرێمە بەکام پێوەرو بەچ تەرازوویەک بتوانێت، بەسێ مانگ مووچەیەک وەربگرێت، هەربەشی پێداویستیە سەرەتاییەکانی بکات؟ خەڵک و حکومەتیش داوای پەروەردەیەکی باشی لێبکات، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی وەک بەردی خڕ حزبەکان خستویانەتە سەر ڕێگەی پرۆسەی پەروەردە، بەدڵنیایی دەروونی نائارام و شێواو و شپرزە دەبێت، هەر بۆیە لەئاکامی ئەم وردبوونەوەیەو بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی مامۆستایان و بێباکی حکومەتی هەرێم، دەگەینە ئەو بڕوایەی سیستمی پەروەردە و ئەو پرۆسەیە گیرۆدەی چەقبەستن و دواکەوتن و وێرانی بووە.

خوێندکارانی پۆلی ١٢ لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
پێشت خوێندکارانی پۆلی ١٢ لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
میلیشیاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا
دواتر میلیشیاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا
ەیوەندیدار