یەكێتی و گۆڕان لێدوانی جیاواز لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدەن



بڕیارە لە 25ی شوبات-ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خوولی شەشەم ئەنجام بدرێت و لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی بكرێت، بەڵام بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت: “هەڵبژاردن ناكرێت و دەكەوێتە پاییز” و بەرپرسێكی یەكێتی-ش دەڵێت: “هەڵبژاردن دەكرێت و دواناخرێت”.

بەپێی ئەو فەرمانە هەرێمییەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە و بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتانەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دراوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25ی شوباتی 2024ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم دیاری کرد لە پەرلەمانی کوردستان – عێراق.

لای خۆیەوە، گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەدوور نازانرێت لە مانگی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هۆکاری یاسایی پەیوەست بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی لە 7ی 1ی 2024 ماوەی كۆمسیۆن کۆتایی دێت و دوای ئەو وادەیە شەرعیەت لەدەست دەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەندێک لە فراكسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق داوای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنیان کردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت فراكسیۆنەكان تەنها لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا پەرلەمان ڕازی بکەن بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی کۆمسیۆن، چونکە لە 9ی ئەم مانگەوە پەرلەمان دەچێتە پشووی یاسادانانی خۆی، ئەگەرنا کۆمسیۆن شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات لە دوای ٧ی کانوونی دووەمی 2024، لەم حاڵەتەدا کۆمسیۆن ڕەنگە سەرپەرشتی هیچ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن نەکات و ئەمەش دەبێتە کێشەیەکی یاسایی و کۆمسیۆنی بەغدا وەک کۆمسیۆنی هەرێم شەرعیەتی نامێنێت”.

سەبارەت بە پێدانی متمانە و دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی نوێ، ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “ئەم بابەتە پێویستی بە ماوەیەكە، كە لە 6 مانگ كەمتر نەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش پاییزی 2024 ئەنجام نادرێت”.

لە بەرامبەریشدا، غەیاس سورچی، سەركردە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مانگی شوبات-ی داهاتووی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بە ڕەزامەندی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەیانەوێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن خێراتر بکەن، بەڵام سەرقاڵی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کۆتایی ئەمساڵدا بووە هۆی دواکەوتنیان”.

وتیشی، “هەموو لایەک پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گۆڕینی حکومەتی هەرێم بۆ حكومەتی كاربەڕێكەر تا کارەکان ئاسایی دەبنەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن”.

جەختیشی كردەوە، هیچ بژاردەیەک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی هەرێم بەدەست قەیرانەکانەوە دەناڵێنێت، کە بەبێ هەڵبژاردن ناتوانرێت تێپەڕێنرێت.

دادگای باڵای فیدڕاڵی لە دوو بڕیاریدا درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندنەوە و بەوەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم-یش درێژكردنەوەی ماوەكەی هەڵوەشایەوە، هەر بۆیە بڕیار درا لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكرێت.

تەندروستی هەرێم بڕیارێك سەبارەت بە دەرمان دەردەكات
پێشت تەندروستی هەرێم بڕیارێك سەبارەت بە دەرمان دەردەكات
“هیوادارین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت”
دواتر “هیوادارین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت”
پەیوەندیدار