لە ئەمریکاوە ڕۆڵی “جۆ بایدن” شەرمەزار دەکرێت



لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا هەزاران کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان کرد، داوای کۆتاییهێنانیان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد، سیاسەتەکانی پشتیوانی ئیسرائیل و ڕۆڵی سەرۆک جۆ بایدنیان شەرمەزار کرد کە خۆپیشاندەران بە “هاوبەش لە جینۆساید” وەسفیان کرد.

خۆپیشاندەران بە شەقامەکانی واشنتۆندا ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ئاڵای فەلەستینیان بەرزکردەوە و دروشمی “بایدن، تۆ بەشداریت لە جینۆساید” یان دەوتەوە، دواتر لە گۆڕەپانی ئازادی کۆبوونەوە کە چەند هەنگاوێک لە کۆشکی سپی دوورە.

بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمە گەورەترین خۆپیشاندانە لە پایتەختی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە ئەنجامدراوە.

ئاماندا ئایزنهاوەر، (٢٤ ساڵ) لە ڤێرجینیاوە هاتووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، “رێگەدان بە لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ژیانی کەسانی بێتاوان جێگەی قبوڵکردن نییە و ناتوانین ئەمە بە ململانێیەکی یەکسان بزانین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوە پەڵەیەکی ڕەشە لەسەر مێژووی ئەمریکا، ناتوانم وەک هاوڵاتییەک قبوڵی بکەم”.

سوپای ئیسرائیل بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک هێرشەکانی خۆی بۆ سەر غەززە بەردەوام کردووە و هەڵمەتی توندی بۆسەر شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەستپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی نۆ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

لە کاتی خۆپێشاندانەکەدا وتارەکان پێشکەش کران، کە تیایدا وتاردەران پشتیوانی سەرۆکی ئەمریکایان بۆ ئیسرائیل ئیدانە کرد و وتیان “دەستەکانتان بە خوێنی فەلەستینییەکان سوور بووە”.

هەندێکیان بەڵێنیان دا کە پشتگیری لە هەوڵەکانی بایدن نەکەن بۆ بەدەستهێنانی خولی دووەمی سەرۆکایەتی لە ساڵی داهاتوو، هەروەها پشتگیری لە بانگەشەکانی دیموکراتەکانی دیکەش نەکەن، ئەوانیش بە لیبڕاڵی “دوو ڕوو” وەسفیان کردن.

هەندێکی دیکەش ڕەخنەیان لە سەرکردەکانی ئەمریکا گرت کە کوشتنی ژنان و منداڵانیان لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە شەرمەزار نەکردووە.

یاسمین ئایمان (٢٥ ساڵ) کە لە نیویۆرکەوە هاتبوو، وتی ” لە خولی داهاتوو دەنگ بە پارتی دیموکرات نادەین” و وتیشی “هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسین دەنگ بە پارتی دیموکرات نادەن”.

ڕێکخەرانی فەلەستینی ڕایانگەیاند، ئەمە گەورەترین خۆپیشاندان بوو بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین لە مێژووی ئەمریکادا کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بەشدارییان تێداکرد.

هاوکات دوێنێ شەممە خۆپیشاندانی دیکە لە سەرانسەری ئەمریکا بەڕێوەچوو و داوای کۆتاییهێنانیان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرا، بەتایبەت لە نیویۆرک و سانفرانسیسکۆ، هەروەها خۆپیشاندانی هاوشێوە لە چەند شارێکی کەنەدا ڕێکخرا.

پێشتریش لە لەندەن، پاریس، بەرلین، ئەنقەرە، ئەستەنبوڵ و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین بەڕێوەچوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران: فراوانبوونی شەری غەززە، گومان هەڵناگرێت
پێشت وەزیری دەرەوەی ئێران: فراوانبوونی شەری غەززە، گومان هەڵناگرێت
تورکیا ناوی ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات بە تورکی
دواتر تورکیا ناوی ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات بە تورکی
ەیوەندیدار