“پڕۆژەی هەژماری من شکست دەهێنێت”



حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی “هەژماری من”ە، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت پڕۆژەکە سەرکەوتوونابێت.
پڕۆژەی “هەژماری من” تایبەتە بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەران، تا لەو ڕێگایەوە مووچەخۆران متمانەیان بە بانک دروستببێت و بانکیش جوڵەی ئابووری هەبێت.
بەڵام بەپێی وتەکانی د. ئومێد قەرەداغی مامۆستای بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانی ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوونابێت، چونکە سیستمی بانکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دواکەوتووە.

 

خەڵك: پڕۆژەی هەژماری من سەرکەوتوودەبێت؟
د.ئومێد قەرەداغی: لە ڕاستیدا بە باوەڕی من لە بارودۆخی ئێستادا کە بانکەکان متمانەیان نییە، کە سیستمێکی بانکی پێشتکەوتوو نییە، لە ڕێگای پارەدانی ئەلیکترۆنی ناتوانێت ئامانجەکەی بەدیبهێنێت، چونکە کە هاووڵاتی متمانەی بە بانک نەبوو ئامادە نییە پارەی تێدا دابێت، کە پارە لە هەژمارەکان دانەنرا چۆن پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکرێت.

خەڵك: بانکەکان توانای پێدانی مووچەی هەموو مووچەخۆرانیان بە جارێک هەیە؟
د.ئومێد قەرەداغی: بانکەکان توانایان لاوازە و ئەوەندە پارە نەختینەیان لەبەردەستدا نییە بەجارێک ملیۆنێک فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستاندا پارەکەی لە کاتێکی گونجاودا وەربگرێت، بۆیە بە بڕوای من ئەو پڕۆژەیە مەحکومە بە شکست.

خەڵك: سیستمی بانکی هەرێمی کوردستان پێشکەوتووە؟
د.ئومێد قەرەداغی: سیستمی بانکی کوردستان و عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی سیستمێکی بانکی زۆر دواکەوتووە، ئەو مۆدێلەیە لە حەفتاکانەوە لە عێراقدا کاری پێدەکرێت، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نییە، بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەوری نوسینگەی حەواڵە یان پێدانی قەرزی و کۆمەڵێک ئەرکی سادەی بانکی جێبەجێدەکات، ئەو ئەرکە بنەڕەتییەی بانک لە جیهاندا هەیەتی، لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێنابێت، وە بانک لە کوردستان کێشە گەوورەکەی ئەوەیە کە متمانەی نەماوە، خەڵك متمانەناکات پارەکانی لە بانکدا دابنێت، بانکیش کە متمانەی نەبوو و هاووڵاتی پارەی تێدا دانەنا دەوری لە چالاکی ئابووریدا زۆر لاوازدا دەبێت.

خەڵك: حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من دەبێت چی بکات؟
د.ئومێد قەرەداغی: دەبێت سیستمی سیاسی دۆخێکی وا سەقامگیر دروستبکات، کە متمانە بۆ بانکەکان بگەڕێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت پڕۆژەی هەژماری من جێبەجێبکات.

خەڵك: بەرزکردنەوەی نرخی سوود لە عێراق سوودی بۆ هاووڵاتیان دەبێت؟
د.ئومێد قەرەداغی: هەڵبەت نرخی سوود لە بانکی ناوەندیدا بەرزکراوەتەوە، ئامانجەکەی بریتییە لە چەند خاڵێکە، یەکەمیان کە هانی ئەو کەسانە بدات کە دیناریان لە ماڵەوە داناوە بیکەنە بانکەکانەوە، بەمە نەختینەیەکی بەهێز لە بانکەکاندا دروستدەبێت، دووەم، ئەو کەسانەی کە دۆلاریان هەیە وە ئامانجیان ئەوەیە لە دیناردا وەبەرهێنان بکەن، دۆلارەکانیان بکەن بە دینار وە خواست لەسەر دینار دروستببێت، بەمە فرۆشتنی دۆلار دروستدەبێت و خواست لەسەر دینار زیاددەکات، ئەمە وادەکات کاریگەرببێت بە ئەندازەیەکی دریاریکراو لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، ئەمە جگە لەوەی کە هاندەردەبێت بۆ ئەوەی کە بانکەکان چالاک ببنەوە و جموجوڵی بانکی زیاتر گەشەبکات.

زەیتی زەیتونی سوریا لەلایەن تورکیاوە دەدزرێت و لە ئاستی جیهانیدا هەناردە دەکرێت
پێشت زەیتی زەیتونی سوریا لەلایەن تورکیاوە دەدزرێت و لە ئاستی جیهانیدا هەناردە دەکرێت
لەسەر دۆسییەی دزینی ٧ ملیار دینار کەسێک دەستگیرکرا
دواتر لەسەر دۆسییەی دزینی ٧ ملیار دینار کەسێک دەستگیرکرا
ەیوەندیدار