شارەزای کەشناسی: ڕۆژانی ئایندە بروسکەی بەهێز و تاوە بارانی بەخوڕ دەبێت  



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی ئایندە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە، ھەورە بروسکەی بەھێز، تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو حاڵەتە نا جێگیرەی کە لە ئەمڕۆوە کاریگەری لەسەر بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە کاتەکانی ئەمشەو بۆ بەرەبەیانی سبەینێ پێنجشەمە لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین ناوبەناو ھەورە بروسکە و تاوە باران چالاک دەبێت، بەتایبەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە کاریگەری زیاتر دەبێت، ئەگەری چڕبوونەوە و دروستبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز، تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ دەبێت .

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ پێنجشەمە، جارێکی دیکە لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەھۆی مانەوەی شێی گونجاو و کرداری گەرمبوونەوە و بەھەڵمبوون ئەگەری دروستبوونەوەی کەڵەکە ھەوری بەبروسکە و تاوە باران لەسەر ھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارەی راپەرین و سۆران دەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٢ پلە نزمتردەبێتەوە .

وتیشی، ڕۆژی ھەینی، لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەراست ئەم حاڵەتەش بارانی کەم و پچر پچری لەگەڵ دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر لەکاتەکانی ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتای پێدێت. لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە کەش سەقامگیر و ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی کەم لە پلەکانی گەرما.

ئیسرائیل ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ڕاگەیاند
پێشت ئیسرائیل ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ڕاگەیاند
نرخی نەوت و زێڕ دابەزی
دواتر نرخی نەوت و زێڕ دابەزی
ەیوەندیدار