حکومەتی عێراق: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، عێراق وێران دەکات



وتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە عێراق وێران دەکات.

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابخەن، ئەویش وەك کاردانەوەیەك بۆ پشتگیرییەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە جەنگی دژی بزووتنەوەی حەماسدا.

لەو بارەیەوە باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵئ “عەهد”ی سەر بە میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، عیراق پابەندیی نێودەوڵەتیی گەورەی لەسەرشانە و هەر بڕیارێك بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دروست دەکات.

وتیشی: “بڕیارەکەی پێشووی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی سوید، نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لە باڵیۆزخانەکانەوە داوای ئەوەمان پێگەیشت کە دەبێت نێردە دیپلۆماسییەکان لە دەستدرێژی بپارێزرێن”.

عەوادی هۆشداریشیدا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەنگاوی هاوشێوە بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕایگەیاند، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نەك تەنها کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی وێران بوونی عێراقیش، ئەویش بە هۆی گرنگیی بوونی نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا.

سلێمانی؛ نرخی کارەبای مۆلیدەی ستییەکان دیاری کرا
پێشت سلێمانی؛ نرخی کارەبای مۆلیدەی ستییەکان دیاری کرا
“لەماوەی ٧٢ ساڵی ڕابردوودا تەنها سەرۆکی ئەمریکا بووم جەنگم هەڵنەگیرساندووە”
دواتر “لەماوەی ٧٢ ساڵی ڕابردوودا تەنها سەرۆکی ئەمریکا بووم جەنگم هەڵنەگیرساندووە”
ەیوەندیدار