ڕۆژی جیهانی ڕەبۆ،،، ئامۆژگاری بۆ زیاتر لە 260 ملیۆن تووشبوو



ڕۆژی جیهانی تەنگەنەفەسی هەموو ساڵێک دەکەوێتە ٧ی مانگی ئایار، و تایبەتە بە تیشک خستنە سەر بابەتەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکە لە سەرانسەری جیهاندا.

دەستپێشخەری جیهانی بۆ تەنگەنەفەسی (GINA) لە ڕێگەی ئەو بۆنە نێودەوڵەتییەی کە ڕێکیدەخات، هەوڵدەدات ئەو کەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون بە پاکێجێک زانیاری گونجاو بەشدار بکات بۆ ئەوەی بتوانن بە سەرکەوتوویی بارودۆخەکانیان بەڕێوەببەن.

جگە لەوەش، ڕۆژی جیهانی تەنگەنەفەسی (WAD) ئامانجی هۆشیارکردنەوەی پسپۆڕانی چاودێری تەندروستییە سەبارەت بە ڕێژەی نەخۆشی و مردن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

تەوەری چالاکییەکەی ئەمساڵ بریتییە لە “پەروەردەی تەنگەنەفەسی، ئەگەرەکان بەهێز دەکات”، بۆ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ئەو کەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون لە ڕێگەی پەروەردەیەکی دروستەوە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشیەکەیان، هەروەها بۆ ئەوەی بزانرێت کەی پێویستە داوای هاوکاری پزیشکی بکەن.

دەستپێشخەری جیهانی بۆ تەنگەنەفەسی (GINA) لە ساڵی 1993 دامەزراوە، یەکەم ڕۆژی جیهانی تەنگەنەفەسی لە ساڵی 1998 بەڕێوەچوو، دواتر ئاهەنگەکە بووە ڕێوڕەسمێکی ساڵانە بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی نەخۆشانی تەنگەنەفەسی دەبێتەوە.

تەنگەنەفەسی نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکانە، کە وادەکات بۆری هەوا زۆر تەسک ببێتەوە، و هەوای پێویست نەچێتە ناو سییەکان و هەناسەدانی بۆ مرۆڤ قورس دەکات.

هەندێک لە نیشانە باوەکانی تەنگەنەفەسی بریتین لە:

– کێشەی هەناسەدان

– ئازار لە سنگدا

– کۆکە و هەناسەبڕکێ

بەپێی ئامارەکانی دەستپێشخەری جیهانی بۆ نەخۆشی تەنگەنەفەسی (GINA)، نەخۆشییەکە یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ناگوازراوە لە جیهاندا، کە زیاتر لە ٢٦٠ ملیۆن کەس تووشی دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدەن، کە دەتوانرێت لە چەند ڕێگەیەکەوە ڕێگری لە زۆربەی ڕووداوەکانی مردن بەو نەخۆشییە بکرێت.

پرسە سەرەکییە جیهانییەکانی پەیوەست بە تەنگەنەفەسی کە پێویستیان بە پەروەردە هەیە بریتین لە:

– دەستنیشانکردنی نادروست

– کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئامێری هەڵمژینی دژە هەوکردنی کۆرتیزۆل.

-زۆر بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدان.

– زۆر پشتبەستن بە ئامێری هەڵمژینی کور مەودای بیتا ٢ (SABA).

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا بەردەستنەبوونی دەرمانی هەناسەدان، بەتایبەتی دەرمانی هەناسەدانی کۆرتیزۆل، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی زیاتر لە 90%ی مردن بەهۆی تەنگەنەفەسی لەو وڵاتانەدا ڕووبدات.

نیوەگۆی باکوور لە هاوین نزیک دەبێتەوە ، بە بۆنەی چالاکییەکەوە ماڵپەڕی NDTV پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک ئامۆژگاری کرد بۆ نەخۆشانی تەنگەنەفەسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەشوهەوای گەرمدا، کە دیارترینیان بریتین لە:

1-ئەگەر چالاکییەکانی دەرەوەت پلانی بۆ دانەنراوە هەوڵبدە لە زووترین کاتدا بەرنامەی بۆ دابنێیت، چونکە ئەمە ئەگەری چوونە دەرەوەت کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە ڕۆژە گەرمەکاندا.

2- پێش دەستپێکردنی وەرز ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بژاردەکانی چارەسەرکردن ئەگەر زانیت کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەنەفەسیت لە مانگە گەرمەکاندا قورسترە.

3- ئامێری هەڵمژینی تەنگەنەفەسیت لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر دوور بخەرەوە و دوور لە ژووری گەرم و ناو ئۆتۆمبێلەکەت ، کە ئامێری هەڵمژینی تەنگەنەفەسی لە شوێنێکی داخراو و فێنکدا بهێڵیتەوە.

4- لە چاودێریکردنی نەخۆشانی تەنگەنەفەسیدا گرنگە دڵنیابین لەوەی کە تەنگەنەفەسی بە باشی بەڕێوەدەبرێت لە سەرەتاوە، لەبیرت بێت بە بەردەوامی دەرمانی کۆنترۆڵکردنی تەنگەنەفەسی بخۆیت، و هەمیشە دەرمانی فریاگوزاری لەبەردەستتدا بێت.

5- باشتر وایە هەمیشە بە شێداری بمێنیتەوە و شلەمەنی زۆر بخۆیتەوە.

6- هەمیشە پشکنین بۆ کەش و هەوا و پێشبینی پلەکانی گەرما و پلانی چالاکیەکانی دەرەوە بکە.

7- هەوڵبدە پیسبوونی هەوای ناوماڵ کەم بکەیتەوە بە بەکارهێنانی پاککەرەوە ( گسکی کارەبایی).

بەهۆی هەورە بروسکەوە کارەبای مێرگەسۆر زیانی بەرکەوت
پێشت بەهۆی هەورە بروسکەوە کارەبای مێرگەسۆر زیانی بەرکەوت
هەوڵی “تیرۆركردنی” زیلینسكی درا
دواتر هەوڵی “تیرۆركردنی” زیلینسكی درا
ەیوەندیدار