“تورکیا، لە ڕۆژئاوای کوردستان ملیۆنان هاووڵاتی بێ ئاو و کارەبا کردووە”



بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وێڕای برینداربوون و گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆ، بووەنەتە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبای ملیۆنان هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاکاندا.

 

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەرێتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، دەڵێت، “بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکان لە سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان، لەوانەش وێستگەکانی کارەبا و ئاو، ناپابەندیی تورکیا پیشان دەدەن و قەیرانە مرۆییەکان توندتر دەکەن لە ناوچەکەدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد”دانیشتووانی شاری حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی ئاو بوونەتەوە، ئێستا قورسایی زیادبوونی بۆردومان و وێرانکارییەکان لەسەریان زیاتر بووە و نەهامەتییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئاو گەورەتر دەکات”.

 

سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تورکیا لە پاییزی ساڵی ٢٠١٩ وە، ئاوی وێستگەی عەلوکی ناوبەناو لە شاری حەسەکە و گوندەکانی دەبڕێت.

 

بەڕێوبەریی خۆجێی لە ڕۆژئاوا بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی راگەیاندووە، “بەهۆی تێکشکانی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو، کۆمەڵگا ناوخۆییەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی پشت بە وێستگەکە دەبەستن، لەبری ئەوە ناچارن تاڕادەیەکی زۆر پشت بەو ئاوە ببەستن کە لە رێگەی تانکەری تایبەت و رێکنەخراوەوە دەگوازرێتەوە، ئاوەکەش گرانە، جگە لەوەی زۆرجار کواڵتی ئەو ئاوە خراپە و پشکنینی بۆ نەکراوە”، ئەمە جگە لە تێکچوونی بارودۆخی پاکوخاوێنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو، لەنێویاندا بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ئەیلوولی 2022دا.

پێش بۆردومانەکانی تورکیا، نەتەوەیەکگرتووەکان مەزەندەی کردبوو، کە دوو لەسەر سێی دامەزراوەکانی پاککردنەوەی ئاوی ناوچەکە و نیوەی وێستگەکانی پەمپکردن و یەک لەسەر سێی عەمبارەکانی ئاو لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە ساڵی 2011 ەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش قەیرانێکی سەختی ئاوی لە سەرانسەری سووریا و وشکەساڵی و کەمیی وزەی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

هێرشەکانی ئۆکتۆبەری 2023 یەکەمجار نییە، کە تورکیا بە ئەنقەست ژێرخانی ناوچەکە بکاتە ئامانج، بەپێی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ، هێرشە ئاسمانییەکان لە مانگی تشرینی دووهەمی 2022 دا زیانی زۆری بە ناوچە چڕ و ژێرخانە گرنگەکان گەیاندووە.

 

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەداوە کە “بەپێی یاساکانی جەنگ، تورکیا و لایەنەکانی دیکەی شەڕی چەکداری نابێت هێرش بکەنە سەر ئەو ژێرخانانەی کە پێویستن بۆ هێشتنەوەی هاووڵاتیان لە ژیاندا، یان لەناویان ببەن یان لەکاریان بخەن، لەوانەش دابەشکردنی ئاو و تۆڕی ئاوەڕۆکان”.

لە لایەکی دیکەوەو بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوا، لەسەرەتای ئەم مانگەدا فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی دامەزراوەکانی نەوت و کارەبا و ئاویان کردووە، کە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستداوە و ژێرخانی ئابووری رۆژئاوایان خاپوور کردووە بۆ ئەوەی دانیشتووانی ناوچە جیاجیاکان ناچاربکەن ناوچەکە بەجێبهێڵن.

چاپی نوێی دیناری عێراقی یەکێکە لە ڕێکارەکان
پێشت چاپی نوێی دیناری عێراقی یەکێکە لە ڕێکارەکان
ڕاپۆرتێک: ئیسرائیلییەکان خەویان لێ ناکەوێت
دواتر ڕاپۆرتێک: ئیسرائیلییەکان خەویان لێ ناکەوێت
ەیوەندیدار