هێرشی سەربازی سەر غەززە بەرەکانی شەڕ فراوانتر دەکات



ماوەی چەند ڕۆژێکە ئیسڕائیل ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی لە ئامادەباشیدان بۆ لەشکرکێشی سەر غەززە تا دەسەڵاتی سەربازیی حەماس بە تەواوی لەناو ببەن، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی حەماس دێت بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا.

 

سوپای ئیسڕائیل زیاتر لە ٣٠٠ هەزار یەدەگی بانگهێشت کردووە و ناوچەکانی سنووری غەززە پڕ بوون لە تانکی مێرکاڤا و سیستمی مووشەکی خۆهەڵگر و هەزاران ئۆتۆمبێلی سەربازی

 

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل و هێزی دەریایی هێرشی بەردەوام بۆ سەر هەر شوێنێک کە گومان دەکرێت حەماس یان جیهادی ئیسلامی یان کۆگای چەک تیایاندا بوونی هەبێت بۆردوومانی دەکەن.

 

ئەم بۆردوومانانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە خەڵکی سڤیل لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس.

 

زۆری ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانی سەر نەخۆشخانەیەک لە ناوەڕاستی غەززە لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکە.

 

بۆچی هێشتا ئیسڕائیل دەستی بە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە نەکردووە؟

 

پەلەکردنی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەردانی ئیسڕائیل بەڵگەیە لەسەر نیگەرانی کۆشکی سپی لە تێکچوونی دۆخەکە، واشنتۆن لە دوو شت نیگەرانە: خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

بایدن بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسڕائیلی کرد، کە زیاتر ئامانجی سەردانەکە بۆ ئاگادار بوونە لە پلانی ئیسڕائیل بەرامبەر غەززە.

 

سەرچاوە نافەرمییەکان، ئامانجی سەردانەکەی بایدنیان وا خستووەتە روو، کە ناوبراو داوای لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کردووە کە وردتر بێت لە بڕیاری لەشکرکیشییەکەی بۆ سەر غەززە و ئەمریکا دەیەوێت بزانێت ئیسڕائیل چۆن و کەی لە غەززە دەردەچێت، ئەگەر جارێکی دیکە بچێتەوە ناو غەززە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئێران هۆشداری توندی دا، کە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە بەبێ لێپرسینەوە تێناپەڕێت.

 

ئێران ژمارەیەک میلیشیای شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنداری دەکات و ڕاهێنانیان پێ دەکات و پارەدار و تەیاری کردوون بە پێداویستی سەربازی، بەهێزترینی ئەو میلیشیایانە حزبوڵڵای لوبنانە لە سەر سنووری باکووری ئیسڕائیل.

 

لە شەڕی ٢٠٠٦دا کاتێک حزبوڵڵاو ئیسڕائیل ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، تانکە مۆدێرنەکانی ئیسڕائیل بەهۆی مینی چێندراو و بۆسە سەربازییەکانەی حزبوڵڵاوە لەناوبران.

 

لەو کاتەوە ئەم میلیشیا شیعەیە بە هاوکاریی ئێران ریزەکانی خۆی پڕچەک و تەیار کردۆتەوە، ئەمڕۆ پێدەچێت نزیکەی ١٥٠ هەزار مووشەک و دەیان سەکۆی مووشەکیی هەبێت کە زۆربەیان مەودا دوورن.

 

لێرەدا هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ هەیە، کە ئەوەیە، ڕەنگە حزبوڵڵا بەرەیەکی شەڕ لەسەر سنووری باکوور بکاتەوە، ئەگەر ئیسڕائیل غەززە داگیر بکات.

 

بەڵام هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە کە حزبوڵڵا لەم کاتەدا ئەم شەڕەی بوێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی لە نزیک کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە ئامادەن بە هانای ئیسڕائیلەوە بێن.

 

ئەمەش ئیسڕائیل دڵنیا دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی حزبوڵڵا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا بە هێزی ئاسمانی و دەریایی وەڵام بداتەوە.

 

دەبێت وەبیر بهێنرێتەوە کە لە شەڕی ٢٠٠٦دا حزبوڵڵا توانی بە یەکێک لە مووشەکە دژە کەشتییە پێشکەوتووەکانی خۆی کەشتییەکی جەنگی ئیسڕائیلی بکاتە ئامانج.

 

دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سیڤیلی فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیل، بەشێکی زۆر لە هاوسۆزی جیهانی بۆ ئیسڕائیل سەبارەت بە هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، گۆڕا بۆ زیادبوونی داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە.

 

ئاماژەکان ئەوە دەخەنە ڕوو؛

ئەگەر هێزەکانی ئیسڕائیل بچنە ناو غەززە، ژمارەی قوربانییەکان زیاتر دەبێت.

هەروەها سەربازە ئیسڕائیلییەکان لە بۆسەدا، لەسەر دەستی قەناس بەدەستەکان گیانلەدەستدەدەن و شەڕ لە خەندەقەکاندا ڕوو دەدات کە چەندین کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا درێژدەبنەوە.

بەڵام، جارێکی دیکە، پێدەچێت خەڵکی مەدەنی گەورەترین زیانیان پێ بگات.

“هاوشێوەی فەرمانبەران، کارمەندانی کەرتی تایبەتیش دەبێت هەژماریان هەبێت”
پێشت “هاوشێوەی فەرمانبەران، کارمەندانی کەرتی تایبەتیش دەبێت هەژماریان هەبێت”
ئەمریکا: چین خاوەنی ٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە 
دواتر ئەمریکا: چین خاوەنی ٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە 
ەیوەندیدار