کێ هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی کەرتی غەززەی ئەنجامداوە؟



کاربەدەستانی فەلەستین ڕایانگەیاند، لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی عەرەبی لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون.

سەرۆکی فەلەستین، مەحمود عەباس، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەی غەززە، بە “کۆمەڵکوژییەکی جەنگی قێزەون” ناوبرد.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە سوپای ئیسرائیل وتی، “پێویستە هەموو جیهان بزانێت، ئەوە گرووپی جیهادی ئیسلامی لە غەززە بوون کە هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی غەززە، نەک سوپای ئیسرائیل”.

هاوکات داود شەهاب، وتەبێژی جیهادی ئیسلامی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ” ئەمە درۆ و هەڵبەستراوە، بە تەواوی نادروستە، داگیرکەران هەوڵی داپۆشینی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییە ترسناکە دەدەن کە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامیانداوە”.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای ئاگربەستی “بەپەلە”ی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد، هەروەها وتی “هێرشەکانی حەماس ڕەوایەتی بە سزادانی بە کۆمەڵی گەلی فەلەستین نادات”.

بەپێی وتەی بەرپرسانی غەززە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە جیاوازەکاندا، کە دوو گەڕەکی کەمپی پەنابەرانیان لە باکووری غەززە کردووەتە ئامانج، زیاتر لە ٣٧ کەسی دیکە کوژراون.

سوپای ئیسرائیل دوو سەربازی دیکەی ئاشکرا کرد کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لە دەستداوە.

 

دیپلۆماسی و ناڕەزایەتی

ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە عەممان میوانداری بکات لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، سەرکردەکانی میسر و فەلەستین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر غەززە.

بایدن لە کاتی گەشتکردنی بۆ ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ” توڕەیی و دڵتەنگییەکی قووڵم هەیە بەرامبەر تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە غەززە، گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمریکا بە بێ دوو دڵی لە پێناو پاراستنی ژیانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا وەستاوەتەوە، ماتەمینی بۆ نەخۆش، کارمەندانی پزیشکی و بێتاوانی دیکە دەگێڕێن کە لەم کارەساتەدا کوژراون یان بریندار بوون”.

تەقینەوەی نەخۆشخانەکە بووە هۆی ئیدانەکردن لە سەرانسەری جیهانی عەرەبی، خۆپیشاندان لە دژی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە تورکیا، ئوردن و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان بەڕێوەچوو، کە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد.

هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین لە ڕامەڵڵا گازی فرمێسکڕێژیان دەڕشت و نارنجۆکی بێهۆشکەریان تەقاندەوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کە بەردیان فڕێدەدا و دروشمیان لە دژی سەرۆک مەحمود عەباس دەوتەوە.

گروپی حزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بە وتەی خۆی هێرشە کوشندەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە غەززە ئیدانە کرد و داوای “ڕۆژێکی توڕەیی بێ وێنە”ی کرد لە دژی ئیسرائیل و سەردانەکەی بایدن.

ئێستا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک دەدات کە لەلایەن بەرازیلەوە داڕێژراوە، تێیدا داوای ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات.

 

ئەمریکا لەبارەی لوبنانەوە هۆشداری دەدات
پێشت ئەمریکا لەبارەی لوبنانەوە هۆشداری دەدات
نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
دواتر نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
ەیوەندیدار