هەزار تەرم لە ژێر داروپەردووی غەززەدا ماوەتەوە



دەسەڵاتدارانی غەززە نیگەرانی خۆیان لەبارەی قەیرانە مرۆیی و ژینگەییەکانەوە دەردەبڕن، لەکاتێکدا سەدان تەرم لە ژێر داروپەردووی غەززە گیریان خواردووە.

وەزارەتی ناوخۆی بزووتنەوەی حەماس، هۆشداریدا لە قەیرانە مرۆیی و ژینگەییەکان و ڕایگەیاند، تەرمی زیاتر لە هەزار فەڵەستینی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وێران بوون.

ڕۆژی دووشەممە، عیاد ئەلبۆزۆم، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بزووتنەوەی حەماس، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی، ئەمەش پاش ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی تیمی بەرگری شارستانی فەلەستین کە ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، هەندێکی دیکەیان دوای ٢٤ کاتژمێر لە بۆردوومانی بیناکان بە زیندووی دەرهێنران.

سەدان چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمدا سنوورەکانیان تێپەڕاند و چوونە ناو ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەسیان کوشت و دەیان کەسیشیان بە دیل گرت، ئیسرائیل لەو کاتەوە هێرشی ئاسمانی لەسەر کەرتی غەززە ئەنجام دەدات.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە ژمارەی کوژراوان لە ڕۆژی دووشەممە گەیشتە ٢٧٥٠ کەس لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکان ٩٧٠٠ کەس بووە.

یومنا سەید، پەیامنێری کەناڵی جەزیرە، لە خان یونس، شارێکی باشووری غەززەوە، ڕایگەیاند، بۆردومانی ئیسرائیل لە شارەکە و ناوچەکانی دیکەی باشوور بەردەوامە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە زیاتر لە ملیۆنێک کەس کرد کە باکوری کەرتی غەززە چۆڵ بکەن، ئەم ڕێنماییە نزیکەی نیوەی ٢.٣ ملیۆن دانیشتووی غەززە دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، “ماوەیەک پێش ئێستا پێنج ئەمبولانس گەیشتنە نەخۆشخانەیەک لە خان یونس کە بریندارەکانیان هەڵگرتبوو، چەندین برینداری سەختیان پێبووە لەوانە ژن و منداڵ، نەخۆشخانەکان لە دوای بڕینی کارەبای ئیسرائیل بۆ غەززە مۆلیدەیان بەکارهێناوە، ڕایانگەیاندووە کە سووتەمەنییان تەواو دەبێت و لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ناتوانن کاربکەن”.

دووشەممەی ڕابردوو ئیسرائیل گەمارۆیەکی تەواوی خستە سەر کەرتی غەززە و ڕێگریکرد لە گواستنەوە خۆراک، سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکە بۆ غەززە.

یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، “ئێمە گەمارۆیەکی تەواو دەخەینە سەر غەززە … ڕێگە نادەین بە دابینکردنی کارەبا، خۆراک، ئاو، غاز بۆ غەززە”.

 

سەرچاوە: Al Jazeera

ڕۆژنامەی لیبراسیۆن؛ ئێران و ئیسڕائیل لە پشت پەردەوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەدان
پێشت ڕۆژنامەی لیبراسیۆن؛ ئێران و ئیسڕائیل لە پشت پەردەوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەدان
پێشەوا هەورامانی: ئامانجی شاندی هەرێم چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە
دواتر پێشەوا هەورامانی: ئامانجی شاندی هەرێم چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە
ەیوەندیدار