ئیسڕائیل پلانرێژی بۆ “نەهێشتنی حەماس”دەکات



دوای ئەوەی بەرپرسانی سووپا فەرمانیان بە دەیان هەزار سەرباز داوە سەرکردایەتی حەماس لە غەززە لەناو ببەن، سوپای ئیسڕائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشێکی زەمینی فراوان ئامادە دەکات.

 

بەگوێرەی لێدوانی سێ ئەفسەری باڵای سەربازی ئیسڕائیل کە وردەکارییان سەبارەت بە پلانە سەربازییەکانی ئیسڕائیل داوەتە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سوپای ئیسڕائیل ئامانجی لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا نەهێشتنی ئامادەیی سیاسی و سەربازیی سەرکردایەتی حەماسە، کە کۆنترۆڵی غەززەیان کردووە و هەفتەی ڕابردوو سەرکردایەتی هێرشێکی لەناکاویان کرد بۆ سەر ناوچەکانی ئیسڕائیل و لە ئەنجامدا هەزار و ٣٠٠ کەس کوژران، کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنین.

 

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێشبینی دەکرێت ئەو هێرشە ئەگەرییەی سوپا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسڕائیل بێت لە دوای شەڕی لەگەڵ لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦.

 

ڕۆژنامەکە بە ئاماژەدان بەە لێدوانی ئەو سێ ئەفسەرە، بڵاویکردووەتەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکە یەکەم ئۆپەراسیۆن دەبێت ئیسڕائیل هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو زەوییانە بداتەوە کە لە دوای شەڕی غەززە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە دەستی داون.

 

ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە؛ هێرشی زەمینی کە ئیسڕائیل ماوەیەکی زۆرە خۆی لێ بەدوور دەگرێت، “پڕ مەترسییە”، چونکە شەڕکردن لە ناوچەیەکی جوگرافیای تەسک و چڕ و پڕی دانیشتووانە.

 

نیویۆرک تایمز ئاماژە بە هۆشدارییەکانی بەرپرسانی ئیسڕائیل دەکات کە حەماس لەوانەیە “بارمتە” ئیسڕائیلییەکان بکوژێت و خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنێت، لە ئەگەری هێرشە فراوانەکەیدا.

 

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە ١٤-١٠-٢٠٢٣ ڕایگەیاند: لە کاردانەوە بە هێرشی حەماس چاوەڕوان دەکات “هەفتەیەکی دژوار”  بێتە ڕیی لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و دەستپێکردنی هێرشێکی هەمەلایەنەی وشکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.

 

دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دەڵێت؛ ئامانجمان لەناوبردنی تەواوەتی حوکمڕانی و توانا سەربازییەکانی حەماسە.

 

هاوکات لەگەڵ داواکاری دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە بۆ چۆڵکردن و رۆیشتن بەرەو باشوور، سوپای ئیسڕائیل هەزاران سەربازی یەدەگ و دەیان تانکی لەسەر سنووری غەززە کۆکردووەتەوە.

 

سەرکردە سەربازییەکانی ئیسڕائیل پێشبینی دەکەن بزووتنەوەی حەماس هەوڵی ڕێگریکردن لە پێشکەوتنەکانیان بدات بە تەقاندنەوەی ڕێڕەوەکان و دانانی بۆمبی چێنراو لە کەناری ڕێگا و بیناکاندا.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە ئەفسەرێکی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویکردووەتەوە هەرچەندە مافی قسەکردنی بۆ میدیاکان نەبووە، بزووتنەوەکە بەنیازە لە پشتەوە بۆسەیەک بۆ هێزەکانی ئیسڕائیل دابنێت بە دەرکەوتنی لەناکاو لە تونێلەکان کە لە سەرانسەری باکووری غەززەدا بڵاوبوونەتەوە.

 

بە وتەی ئەفسەرانی ئیسڕائیل، ڕێساکانی شەڕی دژی حەماس سووک دەکرێن بۆ ئەوەی سەربازەکان بتوانن بە ئاسانی تەقە لە هەر گومانلێکراوەکان بکەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بخەنەڕوو.

 

عەقید جۆلان فاچ ئەفسەر لە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە: “رەنگە پلانەکان هێرشی هاوئاهەنگ لە ئاسمان، دەریا و وشکانی” لە کەرتی غەززە لەخۆ بگرن، هاوکات بەهۆی ئەو زیانە بەربڵاوانەشی کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسڕائیلەوە بەر غەززە کەوتوون، سەربازەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەشقی زیاتریان وەرگرتووە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە شەڕکردن لە ژینگە وێرانەکانی شارەکاندا.

 

ئەفسەرەکان دەڵێن، سەرەتا بڕیاربوو هێرشە زەمینییەکە لە کۆتایی هەفتەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام لانیکەم بەشێکی بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە بۆ چەند ڕۆژێک دواخرا کە دەبووە هۆی ئەوەی فڕۆکەوانە ئیسڕائیلییەکان و بەڕێوەبەرانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زەحمەت بتوانن هاوکاری ئاسمانی بۆ هێزە زەمینییەکان دابین بکەن .

 

ئەفسەرەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، جگە لە هێزی پیادە، “هێزی هێرشی ئیسڕائیل تانک و تیمی شارەزایانی تەقینەوە و کۆماندۆ لەخۆدەگرێت”.

 

هەروەها هێزە زەمینیەکان بە “پاراستن لە فڕۆکە جەنگییەکان، هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە کە لە وشکانی و دەریاوە هەڵدەدرێن” بەهێزتر دەکرێن.

 

لای خۆیەوە ڕیچارد هێخت وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، “هێزەکانیان بە تایبەتی سەرنجیان لەسەر کوشتنی سەرۆکی حەماس یەحیا سینوەر دەبێت”.

 

هێخت دەڵێت: ئەم سەرۆکە لە چاوی ئێمەدا، پیاوێکی مردووە و بە پێ دەڕوات، هەر دەبێت بیگەینێ.

 

تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا حیزبوڵڵای لوبنانی کە ئێران پشتیوانی دەکات و هاوپەیمانی حەماسە و خاوەنی کۆمەڵێک هێزی زەمینی و مووشەکی بەرفراوانە کە بە وردی ئامانجیان ئیسڕائیلە، ڕەنگە وەڵامی لەشکرکێشی غەززە بداتەوە بە کردنەوەی بەرەی شەڕی دووەم بۆ ئیسڕائیل لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان.

 

سوپای ئیسڕائیل دوای ئەوەی داوای لە فەلەستینییەکان کرد باکوری کەرتی غەززە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بڕۆن، وتی: هەوڵ دەدەن تا ئەو جێگایەی کە بتوانن ڕێگری لە کوشتنی خەڵکی سڤیل دەکەن.

 

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، نابێت خەڵکی غەززە، لە چوونەدەرەوەیان لە باکووری کەرتی غەززە کەمتەرخەم بن، لە کاتێکدا ئیسڕائیل دوو ڕێڕەوی سەلامەتی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە تەرخانکردووە تا بەرەو باشوور بپەڕنەوە.

 

ئامادە کارییەکانی سوپای ئیسڕائیل بۆ هێرشێکی بەرفراوان لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥-١٠-٢٠٢٣ وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ دوو هەزار و ٣٢٩ کەس، جگە لە نۆ هەزار و ٧١٤ بریندار.

 

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی لە غەززە پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٠٠ کەس لە غەززە کوژراون.

 

پێشتریش، وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو؛ لە هەفتەی ڕابردووەوە نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ فەلەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کوژراون.

سەرچاوە؛ الحرة

بە تۆمەتی ڕفاندنی كچێك سێ کەس دەستگیرکران
پێشت بە تۆمەتی ڕفاندنی كچێك سێ کەس دەستگیرکران
11 کامێرای “خاڵ بۆ خاڵ” لە چوار ڕێگای سەرەکی دەخرێنەکار
دواتر 11 کامێرای “خاڵ بۆ خاڵ” لە چوار ڕێگای سەرەکی دەخرێنەکار
ەیوەندیدار