داوا دەكرێت بە مەرجی “پلەبەرزكردنەوە” بایكۆت بشكێنرێت



ماوەی سێ‌ هەفتەیە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و تا ئێستا بەشێكی مامۆستایان بایكۆتی خوێندنیان ڕاگەیاندووە و داوای دوو مووچە دەكەن و وەزارەتی پەروەردە داوای شكاندنی بایكۆت دەكات، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: “لەجیاتی گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا مەرجی پلەبەرزكردنەوە بۆ شكاندنی بایكۆت دابنرێت”.

لە ئێستادا مامۆستایان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆتیان كردووە و داوای پێدانی دوو مووچە دەكەن و شاندێكی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بە 60 هەزار واژۆوە چوونە بەغدا و داوای گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا دەكەن و چەند فراكسیۆنێكی كوردستانیش لە بەغدا پڕۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ پێدانی ڕاستەوخۆی مووچە.

ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆی سلێمانی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە ژمێریاری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، خواستی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر حکومەتی عێراق خواستێکی ڕەوا و مافێکی پیشەییە، بەڵام ئەم پرسە گرێدارەوە بە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و کارگێڕی و داراییەوە، قەبارە و ئاڵۆزی کێشەکان بەجۆرێکن لە ئێستادا گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا مومکین نییە.

ڕاشیگەیاند، من پێشنیار ئەکەم، لە جیاتی خواستی گواستنەوەی مووچە، لەجیاتی بەفیڕۆدانی کات لە کێشەیەکدا، کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەنجامی نابێت، داواکارییەکمان هەبێت واقیعی تر بێت و ئەگەری بەدیهێنانی زیاتر بێت، بۆیە با پێداگیری جددی لە گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوە بکرێ.

وتیشی، “ڕاوەستانی پلەبەرزكردنەوە (ترفیع) بۆ ماوەی 10 ساڵی ڕەبەق، یەکێکە لە گەورەترین غەدرەکان، زیانێکی ئێجگار گەورە بە داهاتی فەرمانبەر له قۆناغی خانەنشینی ئەگەیەنێت، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا نزیکەی چارەکی مووچەی فەرمانبەران بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە ئەڕوات، بۆیە کارکردن لەسەر گەڕانەوەی باشترین و بە ئەنجامترین بژاردەیە”.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختیشی كردەوە، ئەوەش بە گونجاو ئەزانم ، مەرجی شکاندنی بایکۆت بە گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوەی 10 ساڵی ڕابردوو ببەسرێتەوە ،ساڵانی ڕابردوو بایکۆت کراوە و بێ دەستکەوتێکی ئەوتۆ شکێنراوە، بەمەرج دانانی گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوە بۆ شکاندنی بایکۆت وا دەکات مامۆستایان و فەرمانبەران به دەستکەوتێکی ڕاستەقینەوە بێنە دەرەوە لە پرۆسەکە.

 

قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت
پێشت قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت
محەمەد؛ ئەو منداڵەی بە چەكی قەدەغەكراوی تورکیا سووتا چی بەسەرهات؟
دواتر محەمەد؛ ئەو منداڵەی بە چەكی قەدەغەكراوی تورکیا سووتا چی بەسەرهات؟
ەیوەندیدار