چەند بڕیارێک لە بارەى بازاڕى قەیسەرى هەولێر دەرکرا



لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری هەولێر پارێزگاری هەولێر چەند بریارێکی بۆ ئەو بازاڕە دەرکرد.

لە بڵاوکراوەیەکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر سووتانی بازاڕی قەیسەریی و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، لە هەولێر کار و کەسابەتى کاسبکاران لە سەروى هەموو شتێکەوەیە و دڵنیابن کە بەتەنها جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت درێغى لێناکەین، چونکە (بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە) ناسنامەی شارەکەمانە.

ئاشکراشى کرد، لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، ئێوەش هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکى لایە سوپاستان دەکەین هاوکارى تیمەکانى لێکۆڵینەوە بکەن، دڵنییاشتان دەکەینەوە لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەنرێت.

هاوکات ئومێد خۆشناو چەند بڕیارێکی لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، لەوانە:-

یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.

دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاووڵاتییان.

سێیەم/ لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زوترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.

چوارەم/ چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.

پێنجەم/ هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.

شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.

حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.

هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.

نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.

دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە “بانکى جیهان” بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.

یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى ((تەنها دینارى عێراقى)) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان دابن لە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگى تیمەکانبن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکوو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت درێغی لێناکەین.

قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ ستراتیژێکی هاوبەش بۆ پاراستنی ژینگە دابنێن
پێشت قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ ستراتیژێکی هاوبەش بۆ پاراستنی ژینگە دابنێن
زانکۆی زاخۆ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە
دواتر زانکۆی زاخۆ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە
پەیوەندیدار