سەرۆ قادر: ئەوانەی لە کوردستان پشتگیری حەماس دەکەن پێشتر پشتگیری داعشیان دەکرد



سەرۆ قادر ڕایگەیاند ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت وەک ئەو کاتەی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام وایە کە ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی هەرێم حوکمیان دەکرد و ئەوانەش کە ئێستا لە کوردستان پشتگیری حەماس دەکەن، پێشتر پشتگیری داعشیان دەکرد.

سەرۆ قادر، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا باسی لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، “ئەوەی شەممە ڕوویدا کارەساتی شنگالی بەبیر ئێمە هێنایەوە، ئەو دروشم و دەموچاو داپۆشین و گرتن و کوشتنی خەڵک و دانانی منداڵ لەناو قەفەز بۆ فرۆشتن ڕێک ڕەفتارەکانی داعش بوو لە شنگال کە لە سەرەتای مانگی ئابی 2014 لە شنگال ئەنجامیان دا”.

وتیشی: ” ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ئێستا وەک ئەو کاتەی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام وایە کە ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی هەرێم حوکمیان دەکرد، وەک داعش وان کە بەشێک لە دەشتی نەینەوایان لە ژێر دەستی داعش بوو”.

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوسۆزی بۆ بزووتنەوەی حەماس دەردەبڕن، سەرۆ قادر دەڵێت: ” ئەوانەی ئێستا لە کوردستان پشتگیری حەماس دەکەن، ئەوانە پێشتریش پشتگیرییان لە داعش و ئەنسارولئیسلام دەکرد و بەشێک بوون لە ئەنسارولئیسلام کە پاشماوەی قاعیدە بوون”.
بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان وتیشی: “من پێم باشە کورد نەببێتە داعشی واتە حەماسی و پشتگیری بکات، وە نەببێتە لایەنگری ئیسرائیل، بە هیچ شێوەیەکیش ڕەوا نییە کە بریسکەی سمێڵمان بێت کە یەهودی و ئیسرائیلی دەکوژرێت، وە دەوڵەتی ئیسرائیلی هیچ کاتێک زیانی بۆ کورد نەبووە، من وەک هیچ لایەنێکیش قسە ناکەم، من بەڕێوەبەری ئەنستیتۆیم، و دەبێت سیاسییەکانیش هیچ هەنگاوێک دژی کورد نەنێن، و ئەوەندە عاقڵ بین تێبگەین، دەبێت بۆ مانەوەی خۆمان لەگەڵ بۆچوونی ئاشتەوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ئەوروپا بین.”

سەرۆ قادر ڕاشیگەیاند، “کورد هەمیشە دۆستی فەلەستینییەکان بووە بەس مەبەستم چەکدارانی حەماس نا، لە هەمان کاتدا لەگەڵ جووەکانیش ڕابردوویەکی پرشنگدارمان هەیە لە پاراستنییان، نابێت شەرم لەوە بکەین، بەڵام ئەوەی ڕۆژی شەممە ئەوە ڕەفتارێک نییە کە میللەتێک بەرامبەر بە داگیرکەرەکەی تێبکۆشێت بۆ ئازادی.”

وتیشی: “فەلەستینییەکانیش وەک کورد خاوەن بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازین، بەڵام ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕووی‌دا دوورە لە ئاکاری هەر بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز، ئەگەر فەلەستینییەکان مافی مانەوەیان هەیە، ئیسرائیلییەکانیش مافی ژیانییان هەیە.”
جەختیشیکردەوە کە “ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلە نە شەڕی ئیسلام و جووە، بەڵکو ئەمە شەڕێکی هەرێمییە و ئامانجی سیاسی لە پشتە”.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە دوای ڕووداوەکانی ڕۆژی شەممەوە، هەزار کەس لە ئیسرائیل و 704 کەس لە فەڵەستینییەکان کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش لەهەردوولا بریندار بوون.

ئاکام و مەلام عەبدوڵا، سیما دیارەکەی مزگەوتی گەورە
پێشت ئاکام و مەلام عەبدوڵا، سیما دیارەکەی مزگەوتی گەورە
کۆشکی سپی لەبارەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ “ئیسرائیل” وەڵامدەداتەوە
دواتر کۆشکی سپی لەبارەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ “ئیسرائیل” وەڵامدەداتەوە
ەیوەندیدار