سەرۆکێکى هەمیشە زیندوو



عەبدولواحید محەمەد – نووسەر

لى کوان یو، بنیاتنەرى سەنگافۆرە، لە بیرەوەریەکانى خۆى باسی سەردەمى داگیرکارى یابانیەکان دەکات و دەڵێت زۆر دڕەندە و توندڕەو بوون لەگەڵ هاووڵاتیانى وڵاتەکەم، ئەگەر هەر کارێک بیانویستبایە نەکرابا، ئیتر بەردەبوونە گیانى خەڵکە بێوەیەکە.

دواى ئەوان شکان و هەڵاتن، ئەمجارەیان کەوتینە بەر دەستى ئینگلیزەکان، ئەوانیش لەوان باشتر نەبوون، هەڵسوکەوتیان زۆر خراپ بوو، ئەمە وایکرد من ڕقم لە داگیرکەران و بێگانە ببێتەوە و هەموشیان بەیەک چاو سەیربکەم.

ئەو حاڵەی گەلەکەم منی گەیاندە ئەو ئاستەى کە زۆر بەتوندى داکۆکى لە هاووڵاتیەکانم بکەم ، چونکە لە ئەنجامى ئەو داگیرکاریە سەنگافۆرە وەکو گۆماوێکى گەورە و لیخن سەیر دەکرا، بۆیە مالیزیاش بەخۆى نەگرتین و ساڵى ١٩٦٥ لە خۆیان دابڕین.

کاتێک سەربەخۆ بووین لە لیستى وڵاتاندا لە هەموو ڕووێکەوە لە ڕیزبەندى دواوە بووین، تا ئێرە ئەوە بەشێک لە بیرەوەریەکانی ئەو زاتە بوو، ئەوانە بوو وایکرد ‘لى کوان’ بە هەموو شێوەیەک کاربکات بۆ ئەوەى خزمەتى وڵاتەکەى بکات و بەرەو پێشەوەى ببات، کاتێک بووە سەرۆک وەزیران ئیتر شەو و ڕۆژى خستە سەریەک بۆ پێشخستنى وڵاتەکەى، بۆ ڕێگرتنیش لە گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، مووچە و پێدراوى باشی بە وەزیرەکان و کارکتەرەکانى دەوڵەتدا، بۆ ئەوەى بیر لە گەندەڵى نەکەنەوە، یەکەم هەنگاویش لە پەروەردەوە دەستىپێکرد، لە پەروەردەشدا بە پێداویستیەکانى بازاڕ و دەستى کار، بۆیە بە ماوەیەکى پێوانەیی داهاتى تاک لە پێنج هەزار و ٥٠٠ دۆلارەوە بۆ٥٠٠ هەزار دۆلار بەرزبۆوە.

لە پەروەردە و خوێندندا بوونە پێشەنگى وڵاتان، بە جۆرێک لە باخچەى منداڵانەوە تا دوا قۆناغ بە ئامێرى زیرەک و ئایپاد دەخوێنن، ئێستا سەنگافورە بە وڵاتى پڵنگەکان ناوزەد دەکرێت، ئەوەى جێگەى هەڵوێستە کردنە ئەو پیاوە لە ژیانێکى زۆر سادە و خانوێکى ئاسایی بوو، لە هەرچی ئەو سەرۆکانە ئێستا لێیەوە بەهرەمەندن، دووربوو، بەشێوەیەک نە خەدەم نە حەشەم، هیچ شتێکى لەو شێوەیەى نەبوو.

لە خەرجیشدا هەر پیاوێکى زۆر بگربوو، بەڵام ئەو خەڵکانەى لەگەڵی کاریان دەکرد دەستبڵاوبوون، ئەوەش بۆ ئەوەى بوو گەندەڵى لە وڵاتەکەیدا نەبێت، بە کردایش هەر نەبوو، کاتێک ئەو پیاوە لە ٢٠١٥ کۆچی دواییکرد یەک ملیۆن و نیو لە کۆى پێنج ملیۆن کەسی وڵاتەکەى لە ڕێوڕەسمى ماڵ ئاوایی کردنى بوون.

ئەمساڵ یادی ١٠٠ ساڵەی لەدایکبوونى ئەو سەرۆکە هەمیشە زیندووە دەکرێتەوە، بۆ ئەوە بڕیارى ئەوەدرا وەکو سونبلى وڵات پەیکەرى لە هەموو شوێنێک بۆ بکەن، بەڵام کوڕەکەى قبوڵى نەکرد وتى تەنها دەبێت دوو پەیکەرى سادەى بۆ بکرێت، ئەو دەستەواژەشی لەسەر دەنوسین “ئاوڕ لەهەر لایەک بدەیتەوە هەر لى کوان یو دەبینی”.

پێویستە بوترێ ئەو یادە لەکاتێکدا دەکرێتەوە، سەنگافۆرە بەپێى هەموو پێوەرەکان لە ڕیزبەندی وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکاندایە ، ئەوەش هەمووى لەسەر دەستى ئەو پیاوە بوو کە باوەڕى بەوە هەبوو، “دەبێت هەموو شتێک بۆ وڵات و هاوڵاتیان بێت، چونکە جوانى نیشتمان زۆر جوانتر و پڕ بایەختر لە خودى خۆت”.

ئەمە نمونەى پیاوى سەر ڕاست و دەسەڵاتدارى دڵسۆز و خۆنەویستە، ڕێک پێچەوانە ئەو واقیعە لە ئێستادا لەلاى ئێمە دەگوزەرێت، لێرە هەموو شتێکى گران بەها بۆ سەرۆکەکانە، کەچى دەردەسەرى و نەبوونى بۆ خەڵکەکەیە، لەکاتێکدا لەم هەرێمە هەرچی خوا ڕەخساندوویەتى بۆ مرۆڤایەتى هەیە، ئینجا حاڵمان بەمشێوەیە، بەڵام سەنگافۆرە گۆمەکى لیخن و پڕ لە مێش و مەگەز و خەڵکێکی دەروون شکاو لە ئەنجامی داگیرکاری زیاتریان نەبوو، کەچی وا ئێستاکە لە ترۆپکدان.

ئەوەى ئێمە و ئەوان جیا دەکاتەوە، ئەوانە سەرکردەکانیان خزمەتى خوارەوە دەکەن، بەڵام لێرە هەموو دەبێ لە خزمەتى سەرۆکەکاندا بێت، هەر بۆیە ئەوان کە سەرۆکیان کۆچى دواییکرد هەموو خەڵکەکەکان حەیران و نیگەران بوون، دڵنیام لێرە ئەگەر یەکێک لەوانە بەرەو دوا گۆڕی بچێت، زۆربەى زۆرى هاووڵاتیان ئەگەر بە ئاشکراش دڵخۆشی خۆیان دەرنەبڕن، لەناخەوە بزەیان دێت.

ماوەتەوە یەک ڕاستیان پێ بڵێم، سەروەت و سامان و حەرەسی زۆر و حەشەم و خەدەم و ڕێزە سەیارەى مۆدێل بەرز بە کەڵکتان نایێت، تەنها خۆشەویستى گەل و هاووڵاتیان سەروەت و هەموو شتێکە و بەس.

 

پارتی: بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە پابەندین
پێشت پارتی: بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە پابەندین
چوار برینداری ئاگرەکەی حەمدانییە گواسترانەوە بۆ تورکیا
دواتر چوار برینداری ئاگرەکەی حەمدانییە گواسترانەوە بۆ تورکیا
پەیوەندیدار