بەغدا، رێگای جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەدۆزێتەوە



لە بەردەوامی چاوەڕوانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، دواجار بەغدا پەنا بۆ ڕێگایەکی جێگرەوە دەبات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، کە ئەم ڕێگایە ڕەنگە کارتی فشارەکانی تورکیا کەمبکاتەوە.

 

دواخستنە بەردەوامەکانی تورکیا سەبارەت بە کردنەوەی هێڵی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، وایکردووە کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق هەناردەکردن بۆ باشووری وڵات بگوێزێتەوە لە پێناو دەرچوون لە بازنەی ئەو داواکارییە زۆرانەی تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەیەتی و ئەم هەنگاوەش وەک کارتێکی فشارە بەرامبەر ئەو بەربەستانەی تورکیا هەم بۆ ئاوی عێراق هەم بۆ ئابوورییەکەی دەیگرێتەبەر.

 

چاودێران دەڵێن، جیاوازی هاوسەنگی بازرگانی، کە ساڵانە نزیکەی 13.8 ملیار دۆلارە بە قازانجی تورکیا، کارتێکی گرنگە لە بەرژەوەندی عێراق، کە دەتوانێت وردە وردە قەبارەی مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەمبکاتەوە، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە لەلایەن حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، کە ئامادە نییە فشار بخاتە سەر تورکیا لەسەر پرسی ئاو و رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە بۆری بەندەری جەیهانەوە و هەروەها تا ئێستا نەیتوانیوە تورکیا پابەند بکات بە پێدانی ئەو قەرەبووەی کە پەیوەستە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم پاش ئەوەی لەلایەن دادگای بازرگانی نێودەوڵەتییەوە بەسەریدا سەپێندراوە، کە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.

 

ڕائید ئەلعوبەیدی یەکێک لە گەورە ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای نەوتی باکوور هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو ڕۆژانە لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ باشوور و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

 

شارەزایان دەڵێن گواستنەوە لە ڕێگەی تانکەرەوە تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەکات، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت قەرەبووی ئەم تێچوونانە دەکاتەوە.

 

ئەگەرچی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە هەرزانتر و سەلامەتترە، بەڵام زیانەکانی عێراق لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە، رۆژانە بە نزیکەی ٣٢ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، لەوەتەی لە ٢٥ی ئازاری ڕابردووەوە پرۆسەکە ڕاگیراوە، ئەمەش وایکردووە کۆی گشتیی ئەو زیانانە بۆ نزیکەی 5.6 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە کەئەم برە بەسە بۆ دروستکردنی دەیان هێڵی گوێزەرەوەی نەوت، ئەمە لە کاتێکدایە تێچووی دروستکردنی بۆری گواستنەوەی نەوت بە درێژایی 700 کیلۆمەتر(لە باکوری عێراقەوە بۆ بەسرە) لە نێوان 100 بۆ 200 ملیۆن دۆلاردایە.

 

جێی باسە لەچوارچێوەی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان”، عێراق لەم دواییانەدا پلانێکی گەورەی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبانەکانی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی گواستنەوەی هەرێمی کە ئەوروپا و کەنداو بەیەکەوە ببەستێتەوە.

 

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنین لە وەزارەتی گواستنەوە، یونس ئەلکەعبی، نەخشە ڕێگاکە پلانی دروستکردنی بۆری غاز لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە لەخۆدەگرێت.

 

چاودێران دەڵێن، بەستنەوەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە باشووری عێراقەوە دەکرێت بکەوێتە چوارچێوەی ئەم هەوڵە.

 

تا ئێستا ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە لایەن تورکیاوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی لە ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

ئێران هاتووچۆی هەندێک ئۆتۆمبێل لە هەرێمەوە سنووردار دەکات
پێشت ئێران هاتووچۆی هەندێک ئۆتۆمبێل لە هەرێمەوە سنووردار دەکات
دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ لە عێراق دەستیپێکرد
دواتر دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ لە عێراق دەستیپێکرد
ەیوەندیدار