وێنە؛ ئێران بە نمایشکردنی چەکی قورس یادی جەنگی هەشت ساڵە دەکاتەوە



لە ٤٣مین ساڵیادی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراقدا چەکی قورس لە ناوجەرگەی تارانی پایتەخت نمایش کرا.

لە مەیدانی بەهارستان کە تیایدا مووشەکی سەر تانک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئامێرە دەریاییەکان و مووشەکی دوور مەودای ”سجیل” نمایش کرا، پۆرترێتی ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەیی هەڵواسرا.

لەو نمایشەدا کە ناوچەی زۆنگاوی هور عەزیمی سنووری ویلایەتی خوزستان، (یەکەم خاڵە کە سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق، سەدام حسێن لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠دا هێرشی کردە سەر) زیندووکرایەوە و، کۆمەڵێک وێنە نمایشکران کە باس لە جەنگەکە دەکەن.

لە ڕووکاری دەرەوەی باڵەخانەکانی دەوروبەری مەیدانەکەدا وێنە و دیمەنی ساڵانی جەنگەکە و وێنەی ئەو کەسانە نمایش کران کە لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

لەو نمایشەدا کە بە پۆستەر زانیاری لەبارەی ساڵانی جەنگەکە دەدرا بە سەردانیکاران، ئەوەی بووە جێی سەرنج هەڵواسینی پۆستەرێک بوو بە لایەکی ئەو بارهەڵگرەی سەکۆی مووشەکی ”سجیل”ی هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو ”ئامانج تەلئەبیبە”.

ساڵانە لە ئێران لە ڕۆژانی ٢٢-٢٩ی ئەیلوول، لە ژێر ناوی ”هەفتەی بەرگریی پیرۆز” یادی جەنگی ئێران-عێراق دەکرێتەوە و چالاکی جۆراوجۆر ساز دەکرێت.

ڕوڕەسمەکە لە ٢٢ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تێیدا مووشەکی هایپەرسۆنیک ”فەتاح” کە توانای بڕینی مەودای هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتری هەیە، لەگەڵ مووشەکی بالستی ”حاجی قاسم” و مووشەکی ”پاوە” کە توانای بڕینی مەودای هەزار و ٣٥٠ کیلۆمەتری هەیە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ”ئارش”ە کە توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە، نمایش کران.

بەهۆی ناکۆکی زۆر لە نێوان ئێران و عێراقدا و بانگەشەکانی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و تۆمەتبارکردن بە ”هەناردەکردنی شۆڕش”، لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠دا جەنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەڵگیرسا و بەدرێژایی هەشت ساڵ بەردەوام بوو.

جەنگەکە کە لای حکومەتی بەعس لە عێراق بە ”قادسیەی سەدام” و لای حکومەتی ئێران بە ”بەرگریی پیرۆز” ناوزەد دەکرێت، ناوێکی دیکەی جەنگی یەکەمی کەنداوە کە یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەدەی بیست.

لەم جەنگەدا کە هەشت ساڵی خایاند لە نێوان هەردوو وڵاتدا، یەک ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا.

چۆن گووگڵ جیهانی گۆڕی؟
پێشت چۆن گووگڵ جیهانی گۆڕی؟
بۆجاری دووەم دڵی بەراز بۆ مرۆڤ دانرا
دواتر بۆجاری دووەم دڵی بەراز بۆ مرۆڤ دانرا
ەیوەندیدار