شەڕی نرخ دەستی پێکردووە.. بۆچی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل نرخەکانیان کەم دەکەنەوە؟



پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە ماوەی چەند مانگی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێل لە بازاڕ و کەمی خواست لەسەریان.

بانکی سویسری- UBS بڵاویکردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێژەی ٪٦  قەبارەی فرۆشتن تێدەپەڕێنێت، زیاتر لە ٥ ملیۆن ئۆتۆمبێل بە بێ فرۆشتن دەمێنێتەوە.

هاوکات فشار لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات و دەبێتە پاڵنەری کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی شەڕی کەمکردنەوەی نرخ، بۆ ئەوەی کڕیار ڕابکێشن و ئاستی فرۆشیان بەرزبکەنەوە.

پیشەسازی ئۆتۆمبێلی لە جیهاندا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە دووچاری گرفت بووەتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢چەندین جار بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و زنجیرەی دابینکردنی ئۆتۆمبێلی لە سەرانسەری جیهاندا پەکخستووە، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل بەرهەمەکانیان کەمبکەنەوە.

 

خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل-OICA ئاماژە بەوە دەکەن، ساڵی ٢٠١٩ ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا گەیشتووەتە ٦٧.١ ملیۆن، لە کاتێکدا فرۆشی ئۆتۆمبێل ٦٤ ملیۆن بووە.

ساڵی ٢٠٢٠دا  ٥٥.٨ ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەم هێنراون و ٥٣.٩ ملیۆن ئۆتۆمبێلیش فرۆشراون، هەروەها  لە ساڵی ٢٠٢١دا ئامارەکانی-OICA دەریانخستووە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بەرزبووەتەوە بۆ ٥٧ ملیۆن، لەکاتێکدا فرۆشی ئۆتۆمبێل ٥٦.٤ ملیۆن بووە.

کۆمپانیایەکی هەڵسەنگاندنی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاندووە، نزیکبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لە ئاستی فرۆشتن ترسەکانی زیاد کردووە کە پیشەسازی ئۆتۆمبێل بگاتە ئەو کاتەی کە خواستی بازاڕ کەمتر بێت لە ڕێژەی بەرهەمهێنان.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٦١.٥ ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەم هێنراون و ٥٧.٤ ملیۆن ئۆتۆمبێلیش فرۆشراون، ئەمەش لە کاتێکدایە نرخەکانیش لە ئاستێکی بەرزدا ماونەتەوە، بەهۆی تێچووی زۆری کەرەستە و پێکهاتەکانی بەرهەمهێنانی وەکو پۆڵا، پلاستیک، مس، نیکل، کۆبالت، لیتیۆم، پلاتینیۆم و کانزاکانی پالادیۆم.

بەهای جیهانی بازاڕی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە نزیکەی ٢.٥٢ ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی، واتە کەمتر لە قەبارەی بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٩ کە گەیشتە ٢.٨٨ ترلیۆن دۆلار.

 

چین گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا، چ لە ڕووی خواست و هەم لە ڕووی دابینکردنی ئۆتۆمبێلەوە، لە بەرامبەردا کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی گەورەترین کۆمپانیای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ١٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل فرۆشراوە.

سینتیا لیان، شرۆڤەکاری پیشەسازی ئۆتۆمبێل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “سکای نیوز عەرەبی” ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی نرخی ئۆتۆمبێلەکانیان، لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی فرۆشتن، شەڕی کەمکردنەوەی نرخەکان دەستیپێکردووە.

ئەمساڵ کۆمپانیای تێسلا چەند جارێک نرخەکانی کەمکردووەتەوە، بەهۆی گرفتی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبیل لە ساڵی ٢٠٢٣دا کە دووچاری جیهان بووەتەوە، بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان و  ئەمەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ دۆخی گشتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە ساڵی ٢٠٢٤دا.

لای خۆیەوە محەمەد موسا، بازرگان و شارەزای بازاڕی ئۆتۆمبێل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ” سکای نیوز عەرەبی” ڕایگەیاند: ” زیادبوونی گرفتی بژێوی ژیانی دانیشتووان و هەڵاوسانی ئابووری، جگە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی قەرزی بانکی، بوونەتە هۆی فشار لەسەر توانای کڕیارانی ئۆتۆمبیل، چونکە نرخەکان بۆیان ناگونجاو بوون، هاوکات لەم نێوەندەدا کارگەکانی بەرهەمهێنان زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل دەکەن، کە پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەبێ فرۆش ماونەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی پێی گەیشتووین دابەزاندنی نرخەکان پێویستە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان کڕیاری زیاتر ڕابکێشن”.

ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەم کۆمپانیایانە دەبێت واز لە ئاستی پێوانەیی قازانجەکانیان بهێنن کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، لە کاتێکدا تۆیۆتا، ڤۆڵکسواگن، بی ئێم دەبلیو و مێرسیدس قازانجێکی پێوانەیییان لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بەدەستهێناوە.

مارکێتێک داخرا، جگه‌رەی ئه‌لیكترۆنی بە منداڵان فرۆشتووه‌
پێشت مارکێتێک داخرا، جگه‌رەی ئه‌لیكترۆنی بە منداڵان فرۆشتووه‌
ئەمڕۆ بەهای دۆلار و نرخی زێڕ چەندە؟
دواتر ئەمڕۆ بەهای دۆلار و نرخی زێڕ چەندە؟
ەیوەندیدار