مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان دەچینەوە بەغدا



مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی ڕێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد “بەنیازین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنین”.

مەسرور بارزانی وتیشی، “دەمانەوێت لە سەردانمان بۆ بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە”.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە هەندێک لە کێشە و گرفتەکان و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا کرد و وتی، “ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر ڕێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و پێمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە ڕێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ڕێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش ڕێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین”.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: بەغدا کاتی لەبەردەستدا نییە بۆ چەکداماڵینی ئۆپۆزسیۆنی ئێران
پێشت ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: بەغدا کاتی لەبەردەستدا نییە بۆ چەکداماڵینی ئۆپۆزسیۆنی ئێران
“مەسرور بارزانی نامەی بۆ جۆبایدن نەناردوە”
دواتر “مەسرور بارزانی نامەی بۆ جۆبایدن نەناردوە”
ەیوەندیدار