ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: بەغدا کاتی لەبەردەستدا نییە بۆ چەکداماڵینی ئۆپۆزسیۆنی ئێران



ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، ئەو وادەیەی بۆ داماڵینی چەکی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە بۆ بەغدا بەس نییە و بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتیش باس لەوە دەکات کە ئێران بەدوای بیانوودا دەگەڕێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک بگاتە تاران و پرسی چەکداماڵینی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەجێندای سەرەکی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا دەبێت.

سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو وادەیەی تاران بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ عێراق دایناوە کە بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران 22ی مانگە و بەرپرسە سەربازیەکانیشیان بە 19ی ئەم مانگە دیارییان کردووە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی کوردستانەوە بڵاویکردەوە کە عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.

ئێستاش هەولێر و بەغدا کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئێرانەوە و ئەوەی ئەرکەکەشیانی قورستر کردووە، نەبوونی هاوڕایی و هەماهەنگییە لە نێو پارتەکانی ڕۆژهەڵات بۆ چۆنیتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.

پێشتر محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی توند و فراوانی لە دژی پارتەکانی ڕۆژهەڵات کردبوو، ئەگەر لەو وادەیەی دیاریکراوە، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت.

یەکێك لە سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتیش بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنە ئەمنییەکە بیانوویەکی ئێرانە بۆ پاکتاوکردنی ئۆپۆزسیۆن، چونکە زۆر باش دەزانێت جێبەجێکردنی لەلایەن عێراقەوە ئەستەمە.

بە وتەی بەرپرسێکی ئەمنی عێراقییش کە بۆ ڕۆژنامەکە قسەی کردووە، عێراق تەنها حەوت ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە و ناتوانێت لەو ماوەیەشدا هیچ بکات، بۆیە دوای ئەوە هەموو ئەگەرێك کراوە دەبێت.

ئەوەی جێی سەرنجیشە تا ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەمپێکی جێگرەوەیان بۆ پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان نەکردووە، هەرچەندە جەخت لە دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکان دەکەنەوە.

سێ ساختەکار دەستگیركران
پێشت سێ ساختەکار دەستگیركران
مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان دەچینەوە بەغدا
دواتر مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان دەچینەوە بەغدا
ەیوەندیدار