چین لە کێبڕکێی پیشەسازی ئۆتۆمبێل سەرکەوتوو دەبێت؟



دوای ئەوەی ئەوروپا بۆ چەندین دەیە زاڵ بوو بەسەر پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا بەهۆی توانا گەورە و کێبڕکێکارەکەی لە دروستکردنی بزوێنەری سووتەمەنی، ئێستا تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان بە پشتبەستن بە بزوینەری کارەبایی، داهاتووی پیشەسازی ئۆتۆمبێل بە تەواوی دەگۆڕن.

گرنگترین پرسیار کە لە بازاڕەکانی جیهاندا دووبارە دەبێتەوە: ئایا پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەوروپا لە مەترسیدایە؟ یاخود ئەوروپا لە بواری دیجیتاڵکردنی ئۆتۆمبێلدا پێش چین دەکەوێت، چین لە کێبڕکێی پیشەسازی ئۆتۆمبێل سەرکەوتوو دەبێت؟

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکاندا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە مەترسیی کێبڕکێی کۆمپانیا نوێیەکانی چین، لەکاتێکدا پیشەسازی ئۆتۆمبێل بەرەو کارەباییکردن دەڕوات.

 

ئەو مەترسییەی لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت

کریستۆف پێریلات، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤالێۆ بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێل، پشتڕاستی دەکاتەوە: “دروستکەرانی ئۆتۆمبێلی چینی لە ژێر ڕۆشنایی شۆڕشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی گەشە دەکەن، کێبڕکێی ئەوروپا لە مەترسیدایە، چونکە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاد دەکات.”

ئۆلیڤەر بلوم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤۆکسواگن دان بەوەدا دەنێت، ” ئاڵەنگارییەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە دێت”.

لوکا دی میۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕینۆ دەڵێت، “ئێمە ئامادەین کێبڕکێ لەگەڵ ڕکابەرە چینییەکان بکەین”.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاد دەکات، کۆمپانیا چینییەکان سوودمەندن لە یارمەتییەکانی حکومەت بۆ بەرهەمهێنانی پاتری بە نرخێکی کەمتر، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێی ئەو ئۆتۆمبیلانە بکات کە بە سووتەمەنی کاردەکەن.

هاوکات بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی پێویستیان بە پارەیەکی زۆرە، هەروەها چاوەڕێی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پارەیە لەم پیشەسازییەدا وەبەربهێنن.

چین بووەتە پێشەنگی جیهان، ئەمریکا و ئەوروپای بەیەکەوە تێپەڕاندووە، بە هەمان شێوە لە بەرهەمهێنانی پاتری، پارچەی یەدەگ و تەکنەلۆژیا کێبڕکێی بازاڕەکانی جیهان دەکات.

 

ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەوروپا

هاشم عەقل، ئابووریناس و ئەندامی دەستەی ئەمینداری سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی “سکای نیوز عەرەبی” ئاماژەی بەوەکردووە: “پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپا ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، بەهۆی زیانەکانی چین کە لەسەر ئەم کەرتە دروستکردووە.”

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی چین-CAAM پێشبینی دەکرێت چین لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەربەستی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بشکێنێت، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٧٩ هەزار ئۆتۆمبێل هەناردەکراون.

هاشم عەقل، دەشڵێت: “ئەوروپا لە ئێستادا توانای ئەوەی نییە لەگەڵ چیندا بگونجێت سەبارەت بە پرسی دیجیتاڵکردنی ئۆتۆمبێل، بەو پێیەی قۆرخکاری لەسەر پیشەسازی پاتری و کەرەستەی خاو هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە نرخی ئۆتۆمبیلەکانیان بەرزە، بەراورد بەو ئۆتۆمبیلانەی چین بەرهەمیدەهێنێت، بەهۆی کەمی نرخەکانی لە بازاڕدا کێبڕکێ دەکات و بەکارهێنەرانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە”.

ئەو تەکنەلۆجیایەی کە لە ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەکاردێت هاوشێوەی ئۆتۆمبێلە ئەوروپیەکانە، تەنانەت کۆمپانیای تێسلای ئەمریکیش بەهۆی بوونی لە چین سەرکەوتوو بووە، بەو پێیەی نیوەی بەرهەمی تێسلا لە چینەوە دێت، جگە لە هەموو ئەوانە، بازاڕی چینی گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلە لە جیهان.

تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئایندەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا، بەشدارن لە باشترکردنی ئەزموونی لێخوڕین و زیادکردنی سەلامەتی، بەو پێیەی چین  لەم چوارچێوەیەدابە پێشکەوتوو دادەنرێت، بەهۆی پشتبەستنی بە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و وەبەرهێنانی گەورە.

 

زمانی ژمارەکان ڕکابەری چین نیشاندەدات

پشکی بەرهەمهێنەرانی چینی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ١٥٪ بەرزدەێتەوە، ئێستا ڕێژەی ٥٪ پشکەکانی هەیە، ٪٨٠ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ناوخۆی چین بەرهەم دەهێنرێن، هاوکات ٪ ٨٥ی کارگەی پاتری کارەبایی جیهان هەیە.

لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، چین جێگەی ژاپۆنی گرتەوە وەک پاڵەوانی جیهانی لە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل، لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٢٠ چین لە پلەی شەشەمی ئەم ڕیزبەندییەدا بوو.

قەبارەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چین لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ نزیکەی ٣.٧٩ ملیۆن یەکە زیادیکردووە، بە ڕێژەی گەشەسەندنی ٪٤٢.٤  ساڵانە، لەکاتێکدا چین نزیکەی ٥٣٤ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەناردەکردووە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ.

وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لە دەوامی مامۆستایاندا کرد
پێشت وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لە دەوامی مامۆستایاندا کرد
کۆبوونەوەکەی حکومەت کۆتایی هات و زانیاری نوێ دەربارەی مووچە ڕاگەیەندرا
دواتر کۆبوونەوەکەی حکومەت کۆتایی هات و زانیاری نوێ دەربارەی مووچە ڕاگەیەندرا
ەیوەندیدار