“هاتنی مووچە وەك چیرۆكی مێرولەی لێهاتووە هیچكات كۆتایی نایەت”



 

سەركردەی حزبێكی ئۆپۆزسیۆن لە هەریێمی كوردستان پێی وایە، “هاتنی مووچە وەك چیرۆكی مێرولەی لێهاتووە هیچكات كۆتایی نایەت” و ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتیان متمانەیان بە هیچ حكومەتێك نەماوە.

سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچە و بەخشینی هەر خزمەتگوزارییەكی گشتی ئەركی كەرتی گشتییە جێبەجێی بكات و بەهیچ شێوەیەكیش ناتوانێت هاووڵاتیان منەتبار بكات، لەئەگەری ناتوانایی و شكست لە پێدانی ئەو مافە بە هاووڵاتیانی، باشترە دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت، ئەگەر هۆكاری شكستەكە خۆی بوو، ئەگەر هۆكارەكەش خۆی نییە با بە ڕوونی بۆ هاووڵاتیانی بەیان بكات.

وتیشی، “بەداخەوە ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت مەترسییەكی گەورەیە، كە زۆر زیاترە لەمەترسی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئەمنی، چونكە لەسەروو ئەو مەترسیانەوە هاووڵاتیان متمانەیان بە هیچ حكومەتێك نەماوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەوەی دەبینرێت لە دوای ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم بە بیانووی سەربەخۆیی ئابووری بەتەواوی گەلی باشووری چەوساندەوە بەشێوەیەك لە چارەكە مووچە و نیو مووچە، تاكو دواكەوتنی مووچە و ئاوابوونی خزمەتگوزارییەكانیشی هاتەسەر، بەڵام هاووڵاتیان زۆر خۆڕاگربوون و دڵیان بەو حكومەتە خۆماڵیەی خۆیان خۆش بوو هەرچەندە دەشیانزانی ستەمیان لێدەكرێت.

ئەو سەركردەیەی بزووتنەوە ئاماژەی بەوەشكرد، كار گەیشتە ئەوەی حكومەت بە تەواوی متمانەی نەما و هاووڵاتیان داوای ڕێككەوتنیان كرد لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئێستا بەداخەوە بەرپرسانی هەردوو حكومەت یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەجێبەجێنەكرنی ڕێككەوتنەكان و لەم نێوەندەشدا جگە لە برسیكردن و چەوسانەوەی هاووڵاتیانی هەرێم، متمانەی هاووڵاتیانیش بۆ بەرپرسانی هەردوولا كەم بووەتەوە و نەماوە و بەشێوەیەك گرفت و هاتنی مووچە وەك چیرۆكی مێرولەی لێهاتووە هیچكات كۆتایی نایەت.

جەختیشی كردەوە، ئێستاش ئەوەی دەبینرێت حكومەتی هەرێم ڕازییە بە ناردنی بڕە پارەیەك لەلایەك حكومەتی عێراقەوە، لەكاتێكدا پێشتر زیاتر لەو بڕە ڕازی نەدەبوو، جێگای تێڕامانە و بێ متمانەیی زیاتر كردووە.

سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی دەشڵێت: “بەهەر جۆرێك بێت، ئەركی حكومەت و حوكمڕانەكانی كورستانە چیتر دەست لە ستەمی هاووڵاتیانیان هەڵگرن و ئەگەر كێشەكە لەدەست ئەمانەیە با بەخەڵكی بڵێن، ئەگەرنا هەڵویست وەرگرتن باشترین چارەسەرە ئەگەر خۆیان هۆكار نین، چارەسەرەكەش كشانەوەیە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دواجار متمانەی هاووڵاتیانیش تا رادەیەك دەگەڕێتەوە، چونكە چەندین هەڵبژاردن لەبەردەماندایە و دۆخی كورد لەمە باشتر نابێت”.

سودانی بڕیارێكی بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەكەی كەركوك دەركرد
پێشت سودانی بڕیارێكی بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەكەی كەركوك دەركرد
ڕوسیا و توركیا دەستبەرداری دۆلار دەبن
دواتر ڕوسیا و توركیا دەستبەرداری دۆلار دەبن
ەیوەندیدار