ژینگە لە پاشماوەکانی جەنگ پاک دەکاتەوە و شتی بەسوودیان لێ دروست دەکات



کەسانی بەهرەمەند لە هەر شوێن و جێگایەکدا بن، بەرهەمیان هەیە و سوود بە دەوروبەر و کۆمەڵگەکەیان دەگەیەنن.

ئەو کەسە بەهرەمەندانە هەردەم پشت بەخۆیان دەبەستن و بیرۆکەی خۆیان دەخەنە کار، بۆیە جیاواز لە کەسانی دەوروبەریان زیاتر تیشک دەخەنە سەر ئەو کارەی خولیای خۆیانە و هەموو هەوڵێک دەدەن تیایدا سەرکەوتووبن.

بەڵێن ئیبراهیم (٢٨ ساڵ)، یەکێکە لەو گەنجە بەهرەمەند و دەستڕەنگینانەی لە گوندی بێلولە دەژی، کە سەربە ناحیەی مەیدان-ە لە قەزای خانەقینی سەر بە ئیدارەی گەرمیان.

گوندەکەی بەڵێن بەهۆی ئەوەی لەسەر سنووری عێراق-ئێرانە، پاشماوەیەکی زۆری جەنگی لێیە، هەر لە مین و تەقەمەنی هەتا جۆرەها پاشماوەی جەنگی وەک گوللەی تۆپ و هاوەند و فیشەک.

بەڵێن لەبری ئەوەی وەک زۆرێک لە گەنجان گوند جێبهێڵێت و ڕوو لە ژیانی شار بکات، پەرەی بە بەهرەکەی داوە کردوویەتیە خزمەتی ژینگە و کۆمەڵگاکەی.

بەڵێن ڕۆژانە و بەپێی پێویستی شاخ و گرد و دەشتەکانی گوندەکەی دەگەڕێت و ئەو پاشماوانەی جەنگ لە کانزاکان کە زیانێکی زۆر بە ژینگە و سروشت دەگەیەنن کۆدەکاتەوە و، لە نێو وەرشەیەکی بچووکدا کە لە ماڵەکەی خۆی دروستی کردووە، دەیانکات بە شتانی سوودبەخش.

بە کۆکردنەوەی پارچەی تۆپ و گوللە هاوەن و قاوەنی فیشەك، بەڵێن چەقۆی ناوازە دروست دەکات کە داخوازییەکی زۆری هاووڵاتیانی لەسەرە.

وەک بەڵێن باسی دەکات، ماوەی شەش ساڵە دەستی بەو کارە کردووە کە چەقۆسازییە و لەسەر خواست چەقۆی هەمەجۆر دروست دەکات کە کوالیتییەکی زۆر باشی هەیە.

بەڵێن سەبارەت بە کارەکەی ڕایگەیاند: ”سەرەتای دەستپێکردنی ئەم کارەی من دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧، ئیشەکەی من بریتییە لە ئیشی چەقۆسازیی، بەزۆری چەقۆی گیرفان و چەقۆی قەسابی و چەقۆی ماڵان دروست دەکەم، جاروباریش حەربە و خەنجەر دروست دەکەم”.

بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان نزیکترین خاڵی سنووریە و چەند سەد مەترێک لە سنووری ئێرانەوە دوورە، جەنگی عێراق-ئێران لەو ناوچەیە زۆر چڕ بووە و بۆردومانێکی زۆر کراوە، بەو هۆیەشەوە پاشماوەیەکی زۆری تەقەمەنی لێیە، بەڵێنیش ئەو پارچانەی بە کەڵکی کارەکەی دێن کۆدەکاتەوە و چەقۆ و کەرەستەکانی دیکەیان لێ دروست دەکات.

بەڵێنی بەهرەمەند کار بە پاشماوەی تەقەمەنییەکان دەکات بۆ دروستکردنی چەقۆکان و وەک خۆی دەڵێت: ”ئەو پارچانەی گوللە تۆپ و هاوەن و ئەوانەی دیکە کە بەکاریان دەهێنم هیچ زەرەر و زیانێکیان نییە، واتە پوچەڵ بوونەتەوە و تەقیون، ئەگەر مینێک ساغ بێت یان ترەقەی تێدا مابێت من بە دەوریاندا ناچم، بینیومن و لە ناوچەی ئێمە هەیە، بەڵام من ئەوانە بەکاردەهێنم کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە و هیچ کێشەیان نییە”.

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، بەڵێن لە وەرشەکەیدا بە ئامێری سادە و دروستکراوی دەستی خۆی کارەکانی دەکات و خۆشەویستی بۆ کارەکەی، لە جوانی و ڕەونەقی بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

وەک بەڵێن باسی دەکات، بوونی ژمارەیەکی زۆر مین و پاشماوەکانی جەنگ لە شاخ و گێڵگەکانی گوندی بێلولە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، زیانێکی زۆری بە خەڵکێکی ناوچەکە گەیاندووە و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و بەهۆی لەدەستدانی دەست و قاچ و چاویان بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.

بەڵێن باس لەوە دەکات کە ئەو چەقۆ دروست ناکات و بۆ فرۆشتن دایانبنێت یان بۆ بازاڕ کار ناکات، بەڵکو لەسەر خواستی خەڵک کار دەکات و لە هەموو شارەکانی هەرێم و عێراق و دەرەوەی وڵاتیش خواست لەسەر بەرهەمەکانی هەیە و گوتی: ”هەر لە خانەقینەوە هەتا دهۆک و زاخۆ خەڵک داوای دەکات و، بەگشتیی بۆ هەموو شارەکانی دەنێرم. بەپێی داواکاری خەڵک ئیشەکان دەکەم. هەتا بۆ دەرەوەی وڵاتیشم ناردووە، هەر ئەم ماوەی ڕابردووە ڕەنگە ٤٠-٥٠ چەقۆم دروست کردبێت و ناردبێتم بۆ دەرەوەی وڵات”.

هەروەها بەڵێن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هەموو شێوازێکی چەقی دروست ناکات، بەتایبەتی کە بۆ شەڕ و خراپەکاری بەکاربێت، بە هیچ نرخێک ئەو جۆرە چەقۆیانە دروست ناکات، بەڵکو کارێک دەکات کە سوودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت.

گوتیشی: “هەندێک جار ئەو حەربانەی من دروستیان دەکەم هەر کاریشی پێ ناکرێت، تەنیا بۆ جوانییە و خەڵکی هەر بۆ جوانی دایدەنێت”.

ئەوەی بەرهەمی کارەکەی بەڵێن جیادەکاتەوە لە بەرهەمەکانی دیکە، وردی کارکردنێتی لەسەر چەقۆکان، کە بۆ هەر یەکێکیان کاری تایبەت دەکات و لەسەر خواستی کڕیار دروستیان دەکات، بۆ دەسکی چەقۆکانیش شاخی ئاژەڵ بەکاردەهێنێت، چونکە بە گوتەی بەڵێن شاخی بەران جوانە و ڕەنگی تایبەتی هەیە.

ملیۆنان کەس بەبێ نیشانە توشی کۆرۆنا دەبن
پێشت ملیۆنان کەس بەبێ نیشانە توشی کۆرۆنا دەبن
هەولێر؛ دەست بەسەر زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا
دواتر هەولێر؛ دەست بەسەر زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا
ەیوەندیدار