یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بۆ ساڵ ڕۆژی 31 ی ئاب بڵاوکردەوە



مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەساڵ ڕۆژی 31 ی ئابدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت” لەم یادە تاڵەدا ئێمە ھەمیشە لە بری کینە بەخشینەوە و تۆڵە کردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەکانی ئەو کارەساتە نەتەوەییە و گشت کارەساتەکان بە یەکجاری بسڕینەوە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی…

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگھێشت و بە چاوساغی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ھێزەکانی گاردی کۆماریی رژێمی دیکتاتۆری بەعس شاری  ھەولێری پایتەختی کوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەکانی وڵاتەکەمانیان داگیرکرد وزیانێکی کوشندەو جەرگبڕیان لەماناکانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دا کەھەرگیزاو ھەرگیز لە بیر ناچنەوە.

ھەمووی شەش ساڵ بوو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕیبوون و بەشێکی خاکی نیشمانیان لە چنگ دەرھێنابوون، کەچی پارتی بە بیانووی پڕوپوچی تێکچوونی بەڵانسی ھێزەکان لە شەڕی ناوخۆ، جارێکی ترئەو سوپای ئەنفال و کیمیابارانەیان ھێنایەوە سەر خاکی کوردستان و شاری ھەولێر، کە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێکۆشەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی شەھید وبرینداربوون، سەدانیان بەدیل گیران و بێسەروو شوێن کران و دەبابەکانی ئەوسوپا شۆڤێنییە شکۆی پارلەمانی ھەلبژێردراوی خەڵکی کوردستانیان شکاند و ئەزموونەکەمانیان، لەسەرەتای پێکھاتنییەوە، لە کەدارکرد.

ھەرچەندە ئەم خیانەتە وەک زۆر ناپاکی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەکەماندا پەڵەیەکی ڕەشی قەترانییە  و بەسەدان پاکانەی خیتابی ئیعلامی وکتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەکاری رووداوەکان ناسڕدرێتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھێزە سیاسییە  دەربەستەکانی کوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئایندەی گەلەکەمان و رەوایی و مەسەلەی کورد ھەیانە، پاڵپشت بەوەی ناکرێت پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان لە شوێنێکدا چەق ببەستێت و پەکی بخرێت، بۆیە تێکڕا قەدەری باشتری ئاشتی و پێکھاتنەوەیان ھەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاکی و خیانەتدا بازیان دا و ھەوڵیان خستەگەر بۆ  پاراستنی ئەوی ماوە لە شکۆی ئەزموونی نەتەوەکەمان، لاپەڕەیەکی تازەیان بۆ ئاشتی و تێھەڵچوونەوەی خەباتی دیموکراتی ھەڵدایەوە. روخانی سوپای رژێمی ھاوکاری کارەساتی سی ویەکی ئاب لە پرۆسەی ئازادی وھەروەھا ھەرچی دەسکەوتی گەلەکەمان ھەیە، لەدانپیانانی دەستووریی بە ھەرێمی کوردستان و سیستمی فیدڕاڵی بەرھەمی دانبەخۆداگرتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەرۆشی نیشتمانپەروەرانەیە بۆ دوارۆژی کوردایەتی و سەروەری کوردستان .

بەڵام بە داخەوە ئەو ھێزەی بەرپرسە لە خیانەتی ٣١ ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەکانی مێژوو، لەسەر ھەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەھەمان نەفەسی تەسکی بەرژەوەندی پارتێتیەوە،ئاگری ناکۆکی و ناپاکی خۆش دەکات کە دیارە بەھەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری ھوشیارانەی دەربەستانی ئایندەی کوردستان تێگەیشتووە، بۆیە وا ئێستاش بە  تۆمەت داتاشین و تەشھیری بێبنەما بۆ ھێزە نیشتمانپەروەرەکان، لەسەرووی ھەمووشیانەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یادەوەری تیژی مێژوو تاقیدەکاتەوە ، پارە و پاوەر و تەزویری میدیایی بێ شوماری بۆ ئەم چەواشەکارییە خستۆتەگەڕ، لە جیاتی ئەوەی ھەوڵبدات بە یەکجاری  برینەکانی مێژووی خیانەت سارێژ بکات و بە سیاسەتی دروستی کوردستانی و نەتەوەیی ئەو لاپەڕە رەشە لە مێژووی خۆی و کوردستان بسڕێتەوە، کەچی ھەمیشە لە ھەوڵی  شەرعیەتپێدانی چەواشەکارانەی ئەو خیانەتەدایە و بێ باکانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی و ئایندەی گەلەکەمان دەکات.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

لەم یادە تاڵەدا ئێمە ھەمیشە لە بری کینە بەخشینەوە و تۆڵە کردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەکانی ئەو کارەساتە نەتەوەییە و گشت کارەساتەکان بە یەکجاری بسڕینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیری لەوە دەکەین کە ویستی  خۆسەپاندن وەلا بنرێ و بژاردەی راستکردنەوەی پرۆسەی حوکمڕانی و  دیموکراسی و دادپەروەری راستەقینە لە کوردستاندا بچەسپێنرێت . بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێ ئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی ١٩٩٦ و کەموکوڕییەکانی تر غافڵ بین.

لەیادی ئەو رۆژە ڕەشە و بۆ یادی ھەموو شەھید و قوربانیانی گەلەکەمان، سڵاو لە سەرجەم شەھیدە قارەمان و سەربەرزەکانی گەلەکەمان بەتایبەتی شەھیدە سەربەرزەکانی موقاوەمەتی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، لە رۆژی رەشی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ دا .

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

 

کوردەوان هەڵەبجەیی: بڕوام بە پشكنینی DNA نەماوە
پێشت کوردەوان هەڵەبجەیی: بڕوام بە پشكنینی DNA نەماوە
نرخی نەوتی سپی ماڵان لەم گەرمایەدا بەرزە
دواتر نرخی نەوتی سپی ماڵان لەم گەرمایەدا بەرزە
ەیوەندیدار