“ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە کردووە و  ناتۆش چاودێری دەکات”



بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام دەڵێت:

– “هەر سێ وڵاتی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە کردووە و ھەریەکە لە ھۆڵەندا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆش چاودێری دەکەن”.

– “بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێم، ئێمە لە بابەتێکدا ئیش دەکەین کە بابەتێکی تەکنیکییە، ئیشەکەمان پرسی یەکخستنەوەیە، بەڵام ئەوەیش شاراوە نییە کە زۆرجار لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە گرفتی سیاسی ڕوودەدەن و، ساردی لە نێوان حزبەکان یا بۆچوونی جیاواز لە نێوان حزبەکان دروست دەبێت و ئەمەیش کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکەدا ھەیە”.

بەرپرسێکی کاروباری یەکخستنەوەی و ڕێکخستەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان لەسەر پڕۆژەیەکی ھەنگاو بە ھەنگاو بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن و ڕەتی دەکاتەوە ھیچ ھۆشدارییان لەمەڕ کەمتەرخەمی پێدرابێت و ڕوونیشی دەکاتەوە کە تەنھا گرفتی سیاسی دەتوانێت، تەگەرە بخاتە بەردەم ئیش و کارەکانیان.

بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام لە دیمانەیەکدا ڕایگەیاند، ئەرکی ئەوان تەکنیکییە و تا ئێستا توانراوە چەندین ھەنگاوی گرنگ بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بنڕێن.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەنگاوەکان بە چاودێری نێودەوڵەتیی بەڕێوەدەچێت و لە داھاتوودا زۆر ھەنگاوی گرنگتریش دەنرێت.

– “سەرەتای بیرۆکەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر خواستێکی سەرۆک بارزانی بوو لە بەریتانیا”

ئەو بەرپرسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە سەرەتای بیرۆکەی چاکسازی لە وەزارەتەکەی کرد و وتی: “بابەتی تایبەت بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥ کە پشت دەبەستێت بە داواکارییەکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەوکات، “سەرۆک مەسعود بارزانی” سەرۆکی ھەرێم بوو کە لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەو داواکارییەی پێشکەشی کردبوو کە ئەوان پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە بن بۆ ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ڕێکبخرێنەوە و ڕێفۆرمی تەواو بکرێت لە نێو ئەم ھێزانە، لەو کاتەوە لە سەر داوای “سەرۆک بارزانی”، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دیراسەیەکی تایبەتی کردەووە بۆ بارودۆخی پێشمەرگە و دواجار ئەنجامەکانی پێشکەیش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە”.

وتیشی: “لە دوای ئەم دیراسەیەی کە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەنجامی داوە، گرووپی Office of Security Cooperation (OSCI) کە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوبانگە و تایبەتە بە وڵاتی ئەمریکا ئەوانیش دیراسەیان خۆیان تایبەت بە پرسی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ھەر دوا بەدوای ئەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دیراسەیەکی دیکەی تایبەت بەو پرسە پێشکەش بە حکوومەت ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کرد و لە کۆتاییدا لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە کە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاسپێدرا، بۆ ئەوەی ئەم سێ دیراسەیە بەیەکەوە تێکەڵ بکات و یەک دیراسەی گشتیان لێ دروست کرد، ئەویش بە ناوی ‘پرۆگرامی پێشمەرگە لە ئاییندەدا’ بوو”.

– سێ وڵات پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە کردووە و ھەریەکە لە ھۆڵەندا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆش چاودێری دەکەن

بە وتەی بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام، ھەر یەک لە ئەمریکا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا پڕۆژەی چاکسازییەکەیان لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە ٣٥ پڕۆژەی ھەنگاو بە ھەنگاویان ئامادە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ھەریەک لە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ھێزەکانی ناتۆش لەسەر خەت بوون بۆ چاودێری و ھەماھەنگی زیاتر و بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە.

لەم بارەویەوە عەقید شاخەوان وتی: “لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم پڕۆگرامە (پڕۆگرامی پێشمەرگە لە ئاییندەدا)، بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا پاڵپشتی ڕاوێژکارییان بۆ ئەم پڕۆگرامە کردەوە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، ھۆڵەندا پەیوەندیی کردەوە بەو وڵاتانەوە و لە ئێستادا، چوار وڵات جگە لە ھاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژبە داعش پاڵپشتی لە پڕۆسەکە دەکەن و ھاوکات ناتۆ لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکانییەوە، چەندین جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەیان کردەووە و ئەگەر پێویست بێت پاڵپشتی ئێمەیش دەکەن”.
بەو پێیە ھەنگاوەکانی چاکسازی بە کردار لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی پێکردووە و لە یەکەم ھەنگاویشدا، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا، کە ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەیە.

– ھەنگاوەکان بە تێکەڵکردنی لیواکان دەستی پێکردووە و بۆ یەکەمجار فیرقە لە ھەرێمی کوردستان دامەزرا

بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام ئاماژەی بەوەدا کە بۆ یەکەمجار لە ھەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانان دوو فیرقە دامەزراوە و ھەر فیرقەیەک لە چوار لیوا پێکھاتووە.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئێستادا ٢٠ لیوا لە وەزارەت ھەن، کە لەو ژمارەیە ١٢ لیوایان ھاوبەشن.

ھەرچەندە تا ئێستا ھێزەکانی پێشمەرگە بەسەر دوولایەنی سەرەکی دابەشبوونە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، بەڵام ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، پلانیان بۆ دامەزراندنی پێشمەرگە بەبێ ئینتیمای سیاسیی ھەیە و وتی: “یەکێک لە پڕۆژەکانمان دامەزراندنی پێشمەرگەیە، ئەمە یەکێکە لە پڕۆژەکانمان و میکانیزمەکەی وا داڕێژراوە کە لە وەزارەت لە ئایندەیەکی نزیکدا ھاووڵاتیی یان ھەر کەسێکی بێلایەن بتوانێت لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە دابمەزرێت و سەر بە ھیچ حزبێک نەبێت”.

– کێشەی سیاسی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یەکخستنەوەی ھێزەکان

ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ماتیۆ ماكفەرلین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ھەولێر لەبارەی دواکەوتن یان کێشە و گرفت لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی ئاراستەی حکوومەتی هەرێم کرد و ڕایگەیاند کە ھیوادارن، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەیەکەوە و بە یەکگرتوویی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەوان دڵنیاببنەوە لە بەدەستھێنان و گەیشتن بەو ئامانجەی کە لە یاداشتنامەکەدا (لە نێوان ھاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە) نووسراوەتەوە و ھێزێکی یەکگرتوو دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئەو ھێزە بتوانێت کار لەگەڵ ھاوبەشەکانی بکات لە تێکشکاندنی داعش.

لەبارەی ھۆکار و کاریگەرییەکانی ئەم لێدوانەوە، عەقید شاخەوان سەلام وتی: “ئێمە کاری خۆمان بەشێوەی ئاسایی ئەنجامدەدەین و لە ڕاستیدا ھیچ ئاراستەیەکی نوێ بۆ ئێمە نەھاتووە، بەڵام ئێمە بەشدارین لە ھەموو ئەو کۆبوونەوانەی کە لەبارەی چاکسازی پێشمەرگەوە ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە مەترسییەکانی کشانەوەی ھاوپەیمانان ھەیە، ئەوانیش لە ڕوانگەی ھاوکارییەکان فشار دەخەنە سەر ھەرێمی کوردستان و دەڵێن پێویستە ئەم ڕیفۆرمە بەشێوەیەکی باشتر بەرێوەبچێت”.

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ھەنگاوەکانی چاکسازی، عەقید شاخەوان سەلام وتی: “بە ڕوون ئاشکرا، وەڵامی ئەم پرسە دەدەمەوە، ئێمە لە بابەتێکدا ئیش دەکەین کە بابەتێکی تەکنیکییە، ئیشەکەمان پرسی یەکخستنەوەیە، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە زۆرجار لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە گرفتی سیاسی ڕوودەدەن و، ساردی لە نێوان حزبەکان یا بۆچوونی جیاواز لە نێوان حزبەکان دروست دەبێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە ھەیە”.

عەقید شاخەوان وتیشی: “لە ئێستادا ٢٨ پڕۆژەی ھەنگاو بە ھەنگاوی وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە، کاری ئێمە ئەوەیە ھەماھەنگیمان ھەبێت لەگەڵ ھەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە پەیوەستدارن بەو پڕۆژانەوە، ئەوەش بە بوونی یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی ئەم وڵاتانە (چوار وڵات)  ڕاوێژکارانی بیانی یان ئەم گرووپە (MNG) Multinational Group پاڵپشتی تیمەکانی ئێمە دەکەن ئەو تیمانە کارەکانیان ئامادە دەکەن پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و لە ڕێگەی وەزیری پێشمەرگەوە کە پەسەند کرا، دەچێتە قوناغی جێبەجێکردنەوە”.

سەرچاوە؛ ئانادۆڵ

لە بارەی تەڵەی “باندەکانی دامەزراندن” هۆشداریی دەدرێت
پێشت لە بارەی تەڵەی “باندەکانی دامەزراندن” هۆشداریی دەدرێت
ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دهۆک زیاتر لە نیوە کەمی کردووە
دواتر ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دهۆک زیاتر لە نیوە کەمی کردووە
ەیوەندیدار