ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دهۆک زیاتر لە نیوە کەمی کردووە



بەنداوی دووکان ٣٥٪ و بەنداوی دهۆکیش ٤٠٪ی ئاویان تێدایە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان زیاتر ٦٠٪ ئاوی تێدایە. بە وتەی بەرپرسانی ئەو بەنداوانە، بەنداوی دووکان ٩٠ مێگاوات و بەنداوی دەربەندیخانیش ٧٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.

بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان دەڵێت،”ئێستا بەنداوەکە ٣٥٪ ئاوی تێدایە.”

بەنداوی دووکان لەکاتی دروستکردنیدا پێنج یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەبوو. کۆچەر جەمال دەڵێت، ئێستا دوو یەکەیان کار دەکەن و رۆژانە ٩٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.

بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، “لە ئێستادا بەنداوەکە ٦٠٪ ئاوی تێدایە”.

لە سەرەتای دروستکردنیدا بە سێ یەکەی بەرهەمهێنان بەنداوی دەربەندیخان توانای بەرهەمهێنانی ٢٤٩ مێگاوات کارەبای هەبوو. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت، ئێستا رۆژانە نزیکەی 70 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

بەنداوی دهۆک سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکە، لە ئێستادا ٤٠٪ ئاوی تێدایە، بەنداوەکە بە شێوەی سەرەکی پشت بە ئاوی باراناو دەبەستێت و هیچ وێستگەیەکی کارۆئاوی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی دهۆکدا نییە.

بەنداوی دووكان لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی ١٩٦١ لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە، بەنداوی دهۆکیش ساڵی ١٩٨٨ دروستکراوە. جگە لەو سێ بەنداوە، چەند بەنداوێکی دیکەی بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن.

“ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە کردووە و  ناتۆش چاودێری دەکات”
پێشت “ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە کردووە و  ناتۆش چاودێری دەکات”
لە بارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت
دواتر لە بارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت
ەیوەندیدار