ئەڵمانیا؛ لە “کلتوری پێشوازی”ەوە، بۆ سیاسەتی دیپۆرتکردنەوە



لە پێنجی ئەیلوولی ٢٠١٥مێرکڵ لە ترسی کارەساتێک کە بەسەر هەزاران پەنابەردا بێت، لەگەڵ نەمسا بڕیاریدا پێشوازی لە پەنابەران بکات.

 

چەند ڕۆژێک دواتر ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند؛ زاڵبوون بەسەر شەپۆلی مافی پەنابەریداو ئاماژەی بەوەکرد، لە خۆگرتنی شەپۆلی پەنابەران “ئەرکێکی نیشتمانی گەورەیە” و “ئەڵمانیا لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو دەبێت”.

 

لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٥، ئەڵمانیا جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی دبلن بەرامبەر بە پەنابەرانی سوریای ڕاگرت، لەو ڕێکەوتنەکەدا باس لە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە کراوە، کە لێیەوە چوونەتە ناو یەکێتی ئەوروپا.

بەخێربێیت بۆ ئەڵمانیا

لە پاییزی ٢٠١٥، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ ژمارەیەک شاری ئەڵمانیا، پەنابەران لەلایەن خۆبەخشەکانەوە پێشوازییەکی بێهاوتاییان لێکرا، چ هاووڵاتیانی ئەڵمانی و چ بیانییەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بە پەنابەرانیان وت بەخێر بێن، خۆبەخشەکان هاوکاری مرۆیی و ماددییان پێشکەش بە زۆرێک لە پەنابەران کرد، بۆ نموونە لە میونشن چێشتخانەی کاتی بۆ ئەو پەنابەرانە دانرا، کە چاوەڕێی تۆمارکردنیان لە پۆلیس و گواستنەوەیان بۆ پەناگە دەکرد.

 

قەیرانی نیشتەجێبوون

ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران دوای بڕیارەکەی مێرکڵ لە ساڵی ٢٠١٥ چوونە ئەڵمانیا، زیادبوونی ژمارەی پەنابەران تەحەددایەکی گەورەی بۆ ئەڵمانییەکان دروستکرد، شارەکانی ئەڵمانیا دەستیان کرد بە بەکارهێنانی باڵەخانە چۆڵ و  جێهێڵراوەکان وەکو پەناگە بۆ پەنابەران، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بانگهێشتی فەرمانبەرە خانەنشینەکانیان کرد بۆ ئەوەی دووبارە کاربکەنەوە لە ناوەندەکانی پەنابەران.

 

سەرەتای ئەو ڕووداوانەی کە هاوسەنگییان تێکدا

ڕووداوەکانی شاری کۆڵن کە لە شەوی سەری ساڵی ٢٠١٥/١٦ بەڕێوەچوو، سەرەتای سەرهەڵدانی گۆڕانکاری بوو لە هەڵوێستی ئەڵمانییەکان بەرامبەر بە پەنابەران، کە ئەو شەوە شایەتی پرۆسەیەکی گەورەی هەراسانکردنی بەکۆمەڵ بوون کە پێشتر ئەڵمانیا دۆخی لەو شیوەیەی بەخۆیەوە نەبینیبوو.

رۆژی دوای ئەو شەوە، پۆلیس بە سەدان ڕاپۆرتی ئەو ژنانەی پێگەیشت کە تووشی هەراسانکردن و دزیکردن بوون، دواتر زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ لێکۆڵینەوەی ئەنجامدرا، کە تیایدا لە دەستنیشانکردنی تەنها چەند تۆمەتبارێک سەرکەوتوو بوون، کە سیمایان دەرخەری ئەوەبوو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بن، بەپێی شایەتحاڵەکان.

 

داواکاری دیپۆرتکردنەوە

کردەوەکانی ئازاردان و هەراسانکردنی سێکسی لە شاری کۆڵن، لە شەوی سەری ساڵدا، شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایی لە ئەڵمانیا لێکەوتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستیپێکرد.

بزووتنەوەی پێگیدا گرنگترین بزووتنەوەبوو، کە داوای ڕاگرتنی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەرانی بۆ ئەڵمانیا دەکرد.

ئەم بزووتنەوەیە دژایەتی جێگیرکردنی پەنابەرانی وڵاتانی موسڵمانی دەکرد و بانگەشەی ئەوە دەکرد، کە کلتووری ئەوان لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوادا ناگونجێت.

 

سنووردارکردنی ژمارەی پەنابەران

لە بەرامبەر پاشخانی هێرشەکانی کۆڵن، لە شەوی سەری ساڵدا، سەرۆکی ئەوکاتەی پارتی کۆمەڵایەتی مەسیحی کۆنەپەرست هۆرست سیهۆفەر، ئەو ڕووداوەی وەک دەرفەتێک زانی بۆ ئەوەی جەخت لەسەر داواکاری سەرەکی خۆی بکاتەوە بۆ دانانی سنوورێک لەسەر ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە ڕێگەیان پێدراوە بچنە ئەڵمانیا، بەڵام مێرکڵ لە کۆنفرانسی حزبی “یەکێتی کۆمەڵایەتی مەسیحی” (باڤاری) لە میونشن ئەو بابەتەی ڕەتکردەوە.

هێرشی جیاواز کە لەلایەن پەنابەرانەوە ئەنجام دەدران

هەندێک لە پەنابەران کردەوەی توندوتیژییان ئەنجامدا، کە وایکرد زۆرێک لە لایەنگران پشتیوانی خۆیان بۆ سیاسەتی پێشوازیکردن بکشێننەوە.

لە دیارترین ئەو هێرشانەدا، ئەوەی لە شاری ئەنسباخ لە باشووری ئەڵمانیا ڕوویدا، پەناخوازێکی سووری لە کردەیەکی خۆکوژیدا خۆی تەقاندەوە و ١٢ کەسیش برینداربوون.

پەناخوازێکی دیکە، لە شاری ڤورزبۆرگ لە شەمەندەفەرێکدا بە تەقەمەنی و چەقۆ پێنج کەسی بریندار کرد.

 

هێرشی دژە پەنابەران

لە لایەکی دیکەوە خەڵک هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک شوێنی پەنابەران، وەک ئاگرتێبەردان لە سەنتەری وێرتایم، هەروەها هەندێک لە شارەکانی ئەڵمانیا شاهیدی خۆپیشاندانی دوژمنکارانە بوون بۆ پێشوازیکردنیان.

ئەم کردەوانە وای لە ڕاوێژکار ئەنگێلا مێرکڵ کرد کە بڵێت ئەو توندڕەوانەی کە هێرش دژی پەنابەران ئەنجام دەدەن، تەحەمول ناکرێن.

 

ئۆپەراسیۆنی ڕاکردن لە پشت داعشەوە!

لە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ بەرلین بەهۆی کارەساتی ڕفاندنی بارهەڵگرێک هەژا کە بەهۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٨ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەم کردەوەیە لەلایەن پەنابەرێکەوە بە ناوی ئەنیس ئەلعەمری تونسی، ئەنجامدرا، کە ئەوکات تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو، تۆمەتبارکرا بە ڕفاندنی بارهەڵگرێکی زەبەلاحی پۆڵەندی و خۆ کردن بە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا لە بازاڕێکدا لەسەروەختی ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی کریسمس لە دڵی بەرلین دا.

 

سیاسەتی مێرکڵ لە ژێر ڕەخنەدا

پەرەسەندنی قەیرانەکان و توندبوونەوەی کێشەکان وایکرد، مێرکڵ ئاستی جەماوەری دابەزێت، ڕەخنەگرانی تۆمەتباریان کرد بەوەی هانی زیاتری پەنابەران بۆ دەستپێکردنی گەشتە مەترسیدارەکانیان بەرەو ئەوروپا دەدەن، بۆیە لە ئەیلوولی ٢٠١٦ ئەڵمانیا پشکنینی کاتی لە سنوورەکانی لەگەڵ نەمسا دەستپێکرد.

ئایا ئەڵمانیا پەنابەری نوێ وەردەگرێت؟

کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ پەنابەران ڕەزامەندی حکومەتی ئەڵمانیای ڕاگەیاند بۆ وەرگرتنی ١٠ هەزار پەنابەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی “نیشتەجێکردنی” یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەوڵی خێراکردنی کردنەوەی سەنتەری نوێی پەنابەران دەدات تا ئەوانەی دەمێننەوە و داواکانیان وەردەگیرێت نیشتەجێبن، پاشان ئەوانەی داواکانیان رەتدەکرێنەوە دیپۆرتیان بکەنەوە.

سەرچاوە؛DW

مەغریب لە “وزەی با” پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی گرتووە
پێشت مەغریب لە “وزەی با” پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی گرتووە
هێزێکی ئەمنیی ڕێگریی لە خۆپیشاندانەکەی هەولێر کرد
دواتر هێزێکی ئەمنیی ڕێگریی لە خۆپیشاندانەکەی هەولێر کرد
ەیوەندیدار