جووتیاران بە هاوەن ئاژەڵە کێوییەکان لە زەویە کشتوکاڵییەکان دوور دەخەنەوە



گرفتێکی سەرەکی جووتیارانی پێنجوێن بوونی ئاژەڵی کێوی لە ناوچەکەیاندا، بەڵام ئەوان بۆ پاراستنی سرووشت، پەنا بەر ڕاوکردنیان نابەن بەڵکو هەوڵی دوورخستیان دەدەن. جووتیاران ناوچەکە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە سرووشت، ئاژەڵە کێوییەکان لە کێڵگەکانیان دووردەخەنەوە بە بێ ئەوەی زیانێکیان پێ بگەیەنن و بەو شێوەیە هەم کێلگەکانیان و هەم ئاژەڵەکانیش دەپارێزن.

دیار کاوە کە جووتیارێکی ناوچەکەیە دەڵێت، ناوچەکەیان بەرازێکی زۆری هەیە و زیانێکی زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دەدەن، بەڵام ئەوان زیان بەو ئاژەڵانە ناگەیەنن و تەنیا لە کێلگەکانیان دووریان دەخەنەوە. بەو شێوەیە هەم کێلگەکانیان و هەم بەرازەکان دەپارێزن.
پێش ڕێککەوتننامەی جەزائیر و هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێران، گوندەکانی هەرێمی کوردستان ئاوەدان و کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند و بەپیتی کشتوکاڵی بوون، بەڵام لە ئەنجامی جەنگ و سیاسەتی وێرانکاری ڕژێمی بەعس، کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێم بە دەستی ئەنقەست پەکخرا و وێران کرا.
وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵ بە ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچە و گوندەکانی سنووری ئێران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان دەستی پێ کرد، کە تەواوی کەرتەکانی کشتوکاڵی وەک؛ هەنگەوانی و باخداری و سامانی ئاژەڵی ئیفلیج کرد.
دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، دانیشتووانی گوندەکان جارێکی دیکە ڕوویان لە زێدی خۆیان کردەوە و زەویە کشتوکاڵییەکانیان ئاوەدان کردەوە و سەرەڕای نەبوونی و هاوکاری پێویست، جوتیاران بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان توانیویانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەرتەکە بەرەو پێش بەرن و تا ئاستێکی بەرچاو بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم جوتیاران کە مەترسی لەسەر کێڵگەکانیان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دروست دەکات ئاژەڵانی کێوین، لە ساڵانی کۆندا خەڵکی بە کۆمەڵ دەردەچوون بۆ ڕاو بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو ئاژەڵە کێویانە وەک بەرز و، بە ئامڕازی جۆراوجۆری وەک دانانی تەڵە و بەکارهێنانی چەک ڕاویان دەکردن.
جوتیارانی ئەمڕۆ بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی سروشت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر ژیانی ئاژەڵانی کێوی پەنایان بۆ ڕێگای دیکە بردووە و سەرکەوتووش بوون.
جوتیاران تەکنیکی نوێ و سەردەمیانە بەکاردەهێنن کە پێی دەڵێن ناڵە و لە ناو خەڵکیدا بە هاوەن ناسراوە.
ئەم هاوەنە لە بتڵی غاز دەبەسترێت و لە ڕێگەی پێوەرێکەوە کە کاتەکانی تەقاندنی لەلایەن جوتیارانەوە بە ئارەزووی خۆیان دادەنرێت، چەند خولەکێک جارێک دەتەقێت و دەنگێکی بەرز دەردەکات، بەمەیش ئاژەڵا کێویە زیانبەخشەکان دەترسن و ناتوانن لە زەویە کشتوکاڵییەکان نزیک ببنەوە و زیانیان پێ بگەیەنن.
دیار کاوە، کە یەکێکە لە جوتیارانی سنووری پێنجوێن و ساڵانێکە سەرقاڵی پیشەی کشتوکاڵییە، باسی لەم تەکنیکە نوێیە کرد کە زۆربەی جووتیارانی ناوچەکە بەکاریدەهێنن بۆ پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان.
دیار گوتی: ”سنوورەکەمان بەرازێکی زۆری هەیە و زیانێکی زۆر دەدەن لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان، بەتایبەتی شووتی و کاڵەک. ئێمەش ئەم ناڵەیە (هاوەن) بەکاردەهێنین کە چەند خولەکێک جارێک دەتەقێت و دەنگێکی بەرز دەردەکات و ئاژەڵەکان دووردەخاتەوە”.
جوتیاران هەر لە کۆنەوە شێوازی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بۆ پاراستنی دەخڵ و دان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، یەکێک لەو شێوازە باوانەش کە لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێندرێت دانانی داهۆڵە.
دانانی ئەم داهۆڵانە لە ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا، جگە لەوەی بەسوودە بۆ دوورخستنەوەی باڵندە و ئاژەڵەکان لە زەویە کشتوکاڵییەکان، هاوکات بەهۆی ڕازاندنەوەیان یاخود لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ، دیمەنێکی جوان بە کێڵگەکان دەبەخشن.
هاوشێوەی ئەم داهۆڵانە لە کاتی دواکەوتنی باران لە وەرزی چاندنی دەخڵ و داندا، منداڵان بووکە بە بارانە دروست دەکەن کە زۆر لە داهۆڵ دەچێت و بە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و بە یەک دەنگ و یەک ئاواز هۆنراوە دەڵێنەوە کە لە هەر ناوچەیەک و بەشێوازێکە و هیوای باران بارین دەخوازن.

ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکان دەست پێدەکاتەوە
پێشت ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکان دەست پێدەکاتەوە
ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆی مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە
دواتر ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆی مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە
ەیوەندیدار