ناڕەزایی دژی پریپەید، سیتییەکانی هەولێریشی گرتەوە



دانیشتوووانی سیتییەکانی هەولێر لە دژی پەیڕەوکردنی سیستمی پریپەیدی کارەبا ناڕەزاییان دەربڕی و ڕایانگەیاند کرێی کارەبا ١٠ هێندە زیادیکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتوووانی سیتییەکانی هەولێر ڕاگەیەندراوێکیان لە دژی جێبەجێکردنی سیستمی پریپەیدی کارەبا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “ئێمە وەک دانیشتووانی کۆمەڵگە نشینەکان (سیتیەکان) ناڕەزایی خۆمان ئەخەینە پاڵ دانیشتووانی سیتیەکانی تر و هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی ٢٤ کاتژمێری کارەبا بەناوی سیستەمی پریپەید”.

ڕوونیشیانکردەوە کە لە بەرزی نرخی یەکەکانی کارەبا و نەگونجانی لەگەڵ بژێوی دانیشتووان و هاونیشتیمانیان بەگشتی ناڕزاین و نرخەکەی بەجۆرێکە کە بۆ کارتێکی (٣٢٠ کیلۆواتی) نرخی (٥٦٠٠٠)د ینار دیاریکراوە واتە بۆ هەر یەک کیلۆواتێک کارەبای سیستەمی نوێ بڕی (١٧٥)دینار دیاریکراوە کە بەراورد بە نرخی پێشووی کارەبا بە ڕێژەی ١٠ هێندە زیادی کردووە.

دانیشتووانی سیتییەکانی هەولێر دەڵێن: ناکرێت حکومەت لەپێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بە گرانکردنی نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە ببێتە هۆکاری بارگرانی زیاتر و سەختتر کردنی ژیانی هاونیشتیمانیان.

دەقی ڕاگەیەندراوی دانیشتووانی سیتییەکانی هەولێر

پەیامی ناڕەزایی هاونیشتیمانیان بۆ :

-بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

-بەڕێز وەزیری کارەبا

-بەڕێز داواکاری گشتی.

-لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئێمە وەک دانیشتووانی کۆمەڵگە نشینەکان (سیتیەکان)  ناڕەزایی خۆمان ئەخەینە پاڵ دانیشتووانی  سیتیەکانی تر و هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی ٢٤ کاتژمێری کارەبا بەناوی سیستەمی پریپەید کە  ماوەیەکە لە سیتیەکان خراوەتە بواری جێبەجێ کردن، بەهۆی بەرزی نرخی یەکەکانی کارەبا و نەگونجانی لەگەڵ بژێوی دانیشتووان و هاونیشتیمانیان بەگشتی بەجۆرێک بۆ کارتێکی (٣٢٠ کیلۆواتی) نرخی (٥٦٠٠٠)د ینار دیاریکراوە واتە بۆ هەر یەک کیلۆواتێک کارەبای سیستەمی نوێ بڕی (١٧٥)دینار دیاریکراوە کە بەراورد بە نرخی پێشووی کارەبا بە ڕێژەی ١٠ دە هێندە زیادی کردووە چوونکە نرخی پێشوو بۆ هەر ١ کیلۆواتێک (١٨)دینار بوو، هەروەها لەدوای دانانی ئەم سیستەمە بە داگیرساندنی چەند ئامێرێکی کەم (گلۆپ-سەلاجە-غسالە-تەلەفزیۆن) لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نزیکەی(٢٥-٣٠)کیلۆوات سەرف ئەبێت. ئەگەر حسابی بکەین بۆ هەر مانگێک ماڵێکی ئاسایی پێویستی بە  (٩٠٠)کیلۆوات کارەبا دەبێت کە نرخەکەی نزییکە(١٥٠٠٠٠ تا ٢٠٠٠٠٠)دینار دەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ بارگرانی و سەخت کردنی ژیانی هاونیشتیمانیان.

لەبەر ئەم هۆکارانە و چەن هۆکارێکی تر داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ خۆشگوزەرانی زیاتری هاونیشتیمانیان بفەرموون بە پیاچوونەوە بە نرخی یەکەکانی کارەبا و کەمکردنەوەی نرخەکان بەجۆرێک گونجاو بێت لەگەڵ باروگوزەرانی هاوڵاتیاندا.

ناکرێت حکومەت لەپێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر  و بەهۆی دەستەوسانی چەن ساڵەی لە چارەسەرکردنی گرفت و کێشەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر بە گرانکردنی نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە ببێتە هۆکاری بارگرانی زیاتر و سەختتر کردنی ژیانی هاونیشتیمانیانی و بەرز کردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بەم کارەش هاونیشتیمانی لە خانووی خۆیدا بکاتە کرێچی حکومەت.

دانیشتووانی سیتیەکانی هەولێر

بایکۆتکردنی دەوام چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی گرتەوە
پێشت بایکۆتکردنی دەوام چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی گرتەوە
یەکەم فەرمانگەی سلێمانی بایکۆتکردنی دەوامی ڕاگەیاند
دواتر یەکەم فەرمانگەی سلێمانی بایکۆتکردنی دەوامی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار