قائیمقامی سلێمانی: رێگەنادرێت لە شوێنی ئاژەڵفرۆشان، ئاژەڵ سەرببڕدرێت



لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون قائیقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند لە رۆژانی جەژندا رێگەنادرێت لە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵدا، ئاژەڵ سەرببڕدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی قوربان لەرووی تەندروستی و ئەمنییەوە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەرو نوێنەری دەزگاو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تەئکیدکرایەوە ئەوکەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن مەترسی زیاتریان لەسەرەو پێویستە خۆپارێزی زۆر بکەن.

ئاماژە بەوەش کرا خۆپارێزی لەو نەخۆشییە زۆر ئاسانە، بەڵام چارەسەرکردنی تووشبوان بەو ڤایرۆسە قورسە، له‌ ئێستادا پێداویستی چارەسەرکردنیشی لە ناوەندە تەندروستییەکان کەمن.

قائیمقامی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ مه‌راسیمی قوربانیكردن لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا هاووڵاتییان ده‌توانن وەکو ئەرکێکی ئاینی قوربانیکردن ئەنجام بدەن، به‌ڵام به‌و رێكارانه‌ی له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ریه‌وه‌ دیاریكراوه‌.

ڕوونیشیکردەوە کە له‌ شاری سلێمانی چەند شوێنێکی دیاریکراوی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون دیاریكراوه‌‌ کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە تێدادەکرێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک رێگەنادرێت ئاژەڵی تێدا سەرببڕدرێت بۆ سه‌ربرینی ئاژه‌ڵیش کوشتارگەی فەرمی دیاریكراوه‌ و بەدەر لەو کوشتارگەیه‌ رێگه‌ نادرێت لەهیچ شوێنێکیتر ئاژەڵ سەرببڕدرێت.

ئاوات محەمەد ڕاشیگەیاند، لەرووی ئەمنیەوە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی لە چەند رۆژی پێش جەژن و رۆژانی جەژندا لەهەموو شاردا ئامادەییان دەبێت و رێگەنادەن هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو دروست ببێت، هه‌روه‌ها هاوكاری ته‌واوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و تیمه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ری ده‌كه‌ن بۆ ریگریكردن له‌ سه‌ربرینی ئاژه‌ڵ به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان.

 

ڕاپۆرتێک، نهێنی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرا دەکات
پێشت ڕاپۆرتێک، نهێنی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرا دەکات
سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی هەولێر دەرچوو
دواتر سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی هەولێر دەرچوو
ەیوەندیدار