ڕاپۆرتێک، نهێنی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرا دەکات



 

لەم دواییانەدا هەواڵی دژیەک و جیاواز سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، لەمبارەیەوە ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی باسی لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کردووە، کە لەلایەن شاندێکی دیپلۆماتکارانی ئەمریکی و ئێرانی لە سەڵتەنەی عومان ئەنجامدراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، تاران و واشنتۆن تا ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە کە لە ڕێککەوتنێک نزیک بووبێتنەوە، ئەمەش بەهۆی زۆرێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیانە، لە کاتێکدا لایەنی ئێرانی ڕەتیدەکاتەوە سەرچاوەی دانوستانەکان لەسەر مەلەفی ئەتۆمی بێت، بەڵام ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕێککەوتن لەو بارەیەوە نزیکە.

 

لە هەمان کاتدا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو پارانەی ئێران کە لە دەرەوەی وڵات ڕاگیراون ئازاد دەکرێن و زانیاریش لەبارەی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی نێوانیان  لەئارادایە.

 

واشنتۆن چی دەوێت؟

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئاژانسی “بلومبێرگ” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندبوو، تاران بە ڕێژەی ٪٨٤ یۆرانیۆمی پیتاندووە، زیادبوونی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێران ئەو خاڵەیە کە واشنتۆن و تەلئەبیبی نیگەران کردووە.

 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەمە بەرزترین ئاستە تا ئێستا، و تەنها ٪٦ کەمترە لەوەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی”.

 

دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە پاکی پیتاندن هەیە لە نێوان ٩٠ بۆ ٩٥٪، بە بڕی ٢٥ کیلۆگرام، بەڵام ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە، و لە ڕێگەی بەرپرسێکی پلە باڵاوە پشتڕاستی کردەوە کە تاران بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٦٠ پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەنجام نەداوە.

 

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئێران، واشنتۆن لەڕێگەی سوڵتانی عومانەوە داوای لە تاران کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئەمەش بەهۆی ترسی ئەمریکا و ئیسرائیل لەوەی ئێران بگاتە ئاستی ٪٩٠ی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەم ڕێژەیە هێڵی سووری ئیسرائیل و ئەمریکایە، بەو پێیەی ئەو ڕێژەیە یە، کە هەر وڵاتێک دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بکات.

 

سەرچاوەکانی بەشدار لە دانوستانەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە تەلئەبیب واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر ئاستی پیتاندنی ئێران بگاتە ئەم ڕێژەیە، ئەوا بە هەر نرخێک بێت ئێران بۆردومان دەکات.

 

لەم پێوەندییەدا ئەمین برتەو شرۆڤەکاری ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “The Cradle” پشتڕاستی کردەوە؛ “تاکە شتێک کە ئەمریکا ئێستا دەیەوێت ئەوەیە ئێران واز لە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، بەبێ ئەوەی ململانێی سەربازی ڕووبدات”، چونکە ئەمریکا تێوەگلاوە لە قەیرانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و گرژی لەگەڵ چین، نایەوێت ململانێیەکی زیادە لە ڕۆژئاوای ئاسیا ڕووبدات کە مەبەست لێی(هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانە کە ببێتە شەڕێک ئەمریکا لایەنێک بێت تێیدا).

 

دەشڵێت؛ تاران لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێژەی پیتاندنی لە سەدا ٩٠، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا دوو بژاردەیان دەبێت: یان شەڕ؛ یان پێکەوە ژیان لەگەڵ واقیعی نوێ و هەوڵدان بۆ تێکدانی بەرنامەی ئەتۆمی و توندکردنەوەی گەمارۆکان و هەوڵدان بۆ نائارامی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا، هەموو ئەم بژاردانەش پێشتر تاقیکرانەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان لە هەڵسوکەوتی تاران دروستنەکرد.

 

لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بە ناچاری دەبینێتەوە کە دانوستان لەگەڵ ئێران بکات، و هەوڵ دەدات لەگەڵیدا بگاتە ڕێککەوتنێک کە گەرەنتی ئەوە بکات کە ڕێژەی پیتاندن نەگاتە ٩٠ لەسەد، بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە شەڕێک کە زیانی بۆ ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هەبێت لە ناوچەکەدا.

 

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان، ئەوەی ئێستا لە عومان لە سەر مێزە، لێکتێگەیشتنێکی نوێ و بەشەکییە، نەک ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدرا، ئەو لێکتێگەیشتنە پێویستی بە؛

– ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات، لە بەرامبەردا ئێران زیادبوونی ڕێژەی پیتاندن ڕابگرێت.

ئازادکردنی پارەکانی ئێران لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، کە ڕێگەی پێدراوە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانی داهاتوو جیهان شایەتحاڵی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی یەکدی بن، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوەی ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی، ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی ڕێژەی پیتاندن کە ئێران پابەند بێت پێیەوە.

 

تێگەیشتنی بەشەکی نەک ڕێککەوتن

سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان لە تاران وەڵام دەدەنەوە کە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە ڕەنگە پێویستی بە ساڵانێک دانوستان هەبێت، واشنتۆنیش ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات کە جارێکی دیکە لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشە نەکات.

بۆ ئەمەش ئەو لێکتێگەیشتنە بەشەکییە وەک سازانێک دێت کە گەرەنتی زیاد نەکردنی ڕێژەی پیتاندن لە ئێران، و ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان لە نێوان دوو وڵاتدا دەکات، لە بەرامبەردا تاران پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی بەدەست بهێنێتەوە و ئەو سزایانە هەڵبگیرێت کە بەسەریدا سەپێنراوە.

 

پەرەسەندن پێش دانوستان 

دوای لێدوانەکەی ژەنەڕاڵ میلی، قۆناغی پەرەسەندنی مەیدانی ئەمریکا دەستی پێکرد.

 

هێزی دەریایی ئەمەریکا لە دەریای عەرەبی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی، کە بەرەو چین دەچوو، دەستی بەسەر دا گرت.

 

لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا، ئێران دەستی بەسەر نەوت هەڵگرێکی ئەمریکیدا گرت کە لە ڕێگەدا بوو لە کوێتەوە بەرەو ئەمریکا لە کەنداوی عومان.

دوای کەمتر لە هەفتەیەک، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەدا گرت لەکاتێکدا لە گەرووی هورمز بەرەو بەندەری فوجەیرە دەپەڕییەوە بۆ ئیماراتی عەرەبی.

 

دوای ئەم پەرەسەندنانە، جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی ڕایگەیاند؛ ئێرانی مەترسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداودا دروستکردووە و وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی دەست دەکات بە بەهێزکردنی پێگەی بەرگری خۆی لە ناوچەکەدا.

 

سەرچاوە ئەمریکییە ئاگادارەکان لە وتووێژەکان بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسیان وتووە “ئامانج لە دانوستانەکان گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵسوکەوتەکانی لە ناوچەکەدا، ئەمە جگە لە دەستوەردانەکانی لە ململانێکانی ئۆکرایندا”.

 

ئێران چی دەوێت؟

پێدەچێت ئێران دەستکراوە بێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە بتوانێت سزاکانی سەری هەڵبگرێت و پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی لە دەرەوەی وڵات بەدەستبهێنێت و دەرفەتە ئابوورییەکانی بەرز بکاتەوە.

 

ئەم تێگەیشتنە بەدیلێکی بەشەکی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشوو پێکدەهێنێت، کە واشنتۆن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا هەڵیوەشاندەوە، بەڵام ئەم کراوەییە بەو مانایە نییە کە تاران هەموو مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات، دەیەوێت سزاکانی ئەمریکا لەسەری هەڵبگرێت، لە بەرامبەر پابەندبوون بە هەندێک خاڵ سەبارەت بە ڕێژەی پیتاندن و چالاکییە ئەتۆمییەکانی.

 

لەمبارەیەوە محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندووە: ئامانجی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکایە.

 

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، بە ڕەچاوکردنی ژمارەی پیتاندنەکان، وا دەردەکەوێت ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا (٢٠١٨-٢٠٢٢) لە وەڵامی دوژمنایەتییەکانی ئیسرائیل لە دژی ژێرخانە ئەتۆمییەکەی، یان لە وەڵامی تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیدا، ڕێژەی پیتاندنی بەرزکردووەتەوە.

 

ئیسرائیل چی دەوێت؟

هەرچەندە تاران و واشنتۆن تا ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە هیچ پێشکەوتنێکیان هەبێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، بەڵام ئیسرائیل گومانی هەیە.

بنیامین ناتانیاهۆ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ سعودیە، وتی؛ “ئیسرائیل دژی هەر ڕێککەوتنێکی ئەمریکییە لەگەڵ ئێران” و “ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بۆ ئیسرائیل پابەندکەر نابێت”.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی “سەنتەری قودس بۆ کاروباری گشتی” ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ لە نێوان واشنتۆن و تاران مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات، دیارترینیان ئەوەیە کە “پێدەچێت ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، ئەمەش وادەکات توانا سەربازییەکانی و توانای هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزبکاتەوە.

 

سایتەکە ئاماژەی بە نیگەرانی زۆری بەرپرسانی ئیسڕائیل کردووە لەڕووی بێتوانایییان لە کاریگەری دانان لەسەر ئیدارەی بایدن.

 

هاووڵاتییەك بە هۆی تەقەمەنییەوە گیانی لەدەستدا
پێشت هاووڵاتییەك بە هۆی تەقەمەنییەوە گیانی لەدەستدا
قائیمقامی سلێمانی: رێگەنادرێت لە شوێنی ئاژەڵفرۆشان، ئاژەڵ سەرببڕدرێت
دواتر قائیمقامی سلێمانی: رێگەنادرێت لە شوێنی ئاژەڵفرۆشان، ئاژەڵ سەرببڕدرێت
ەیوەندیدار