سوودانی: “پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانە دەکەین کە لە بوودجەدا ھەموار کراونەتەوە”



سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەن کە لە بوودجەدا ھەموار کراونەتەوە، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لەگەڵ دیدگا و بەرنامەی حکووتەکەیدا گونجاوە.

محەمەد شیاع سوودانی راگەیەندراوێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی بەبیرھێناوەتەوە، ئەو بوودجەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٣ی ئاداری رابردوودا دەنگی لەسەر دا‌، بە گرنگییەوە دابینکردنی ‌پێداویستییە سەرەکییەکانی ھاووڵاتییانی لەبەرچاو گرتووە، ھەروەھا حکوومەت ھەوڵدەدات خواستەکانی ھاووڵاتییان بەدیبھێنێت، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دووبارە ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووریی.

 

باسی لەوەشکردووە، بە پێشکەشکردنی بوودجەی سێ ساڵ، داکۆکیان لەسەر دیدگای روونی چاکسازیی کردووە کە لەبەرنامەی حکووتەکەیدا پەسەند کراوە و ھاتووە: “لەچوارچێوەی پەسەندکردنی بوودجەکەدا، ھەنگاوی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەنێن کە لە سەردەمی کابینەکانی پێشوودا تەواونەکراون و کەڵەکەبوون، ھەروەھا لەچوارچێوەی دیدگامان بۆ چاکسازی، خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان بە داھاتە نانەوتییەکان کەم دەکەینەوە و پاڵپشتی خۆمان بۆ کەرتی تایبەت دووپات دەکەینەوە”.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە، پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەن کە لە بوودجەدا ھەموارکراونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لەگەڵ دید و بەرنامەی حکووتەکەیدا گونجاوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەو ھەوڵانەی کە ‌لە ماوەکانی رابردوودا لە ‌پێناو پەسەندکردنی بوودجەدا خرانەڕوو بەرزدەنرخێنن،‌ بەتایبەتی ھەوڵی ئەندامانی لیژنەی دارایی و لیژنەی پلانی ستراتیژیی و خزمەتگوزاریی فیدراڵیی ئەنجوومەنی نوێنەران.

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی شەوی رابردوویدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد.

 

قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.

 

بڕیارە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

٢٩ ھەزار و ١٢١ کەس لە عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعوودیە
پێشت ٢٩ ھەزار و ١٢١ کەس لە عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعوودیە
سیلڤیۆ برلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، کۆچی دوایی کرد
دواتر سیلڤیۆ برلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، کۆچی دوایی کرد
ەیوەندیدار