ئۆکراینا و ڕووسیا یەکدی تۆمەتبار دەکەن



دوای بە ئامانجگرتنی بەنداوی کاخۆڤکا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجام دا و نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا یەکتریان بە هێرشکردنە سەر بەنداوەکە تۆمەتبار کرد.

لەسەر داوای ئۆکراینا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا، کە تیایدا جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، مارتین گریفیتس لە دانیشتنەکەدا وتی: “ئەو زیانەی لە بە ئامانجگرتنی بەنداوی کاخۆڤکا کەوتووەتەوە ژیانی ئەو مرۆڤانە سەختتر دەکات کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە لە دۆخێکی دژواردان”.

گریفیتس ئاماژەی بەوە دا، کاری لەپێشینەی نەتەوە یەکگرتووەکان رزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانەیە کە لە دەوروبەری بەنداوەکە دەژین.

 

تۆمەتبارکردنی یەکتر

نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نەبەنزیا ئاماژەی بەوە دا وڵاتەکەی ڕووبەڕووی “هەڵمەتێکی چەواشەکارانەی ڕێکخراو” بووەتەوە، باسی لەوەشکرد کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە ڕووسیا بەنداوەکەی تەقاندووەتەوە.

نەبەنزیا ئاماژەی بەوە دا، ئەم جۆرە دەنگۆیانە ‘شیزوفێرنیا’ن و وتی: “زیانگەیاندنی بە ئەنقەست بە ژێرخانی گرنگ لەلایەن کیێڤەوە زۆر مەترسیدارە و وەک تاوانی جەنگ یان هێرشی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدرێت”.

لای خۆیشیەوە نوێنەری هەمیشەیی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سێرگی کیسلیتسیا وتی: “ئەمە هێرشێکی تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی ئۆکراینا و ئامانج لێی کوشتنی زیاتری هاووڵاتییانی مەدەنی و وێرانکاری زیاترە”.

سێرگی کیسلیتسیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ڕووسیا زیاتر لە ساڵێکە دەستی بەسەر ناوچەکە و بەنداوەکەدا گرتووە، وتیشی: “بۆردومانکردنی بەنداوەکە لە دەرەوە لە رووی فیزیکییەوە ناکردەیییە، بەنداوەکە لەلایەن ڕووسە داگیرکەرەکانەوە مینڕێژ کراوە و تەقێندراوەتەوە”.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەبارەی بە ئامانجگرتنی بەنداوەکەوە رایگەیاندبوو: “ئەمە ئەنجامێکی دیکەی روونی داگیرکاری سەر ئۆکراینایە لەلایەن ڕووسیاوە”.

 

بەنداوی کاخۆڤکا

لە ئاکامی بۆردومانکردنی بەنداوی کاخۆڤکا کە دەکەوێتە ناوچەی هێرسۆن لە ئۆکراینا و لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە زیانێکی زۆر بەر بەنداوەکە کەوت و ئاستی ئاوی رووباری دینیەپەر بە خێرایی بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی.

لە کاتێکدا ناوجەرگەی شاری کاخۆڤکای تازە ژێرئاو کەوت، بەپێی ئەو دیمەنانەی بڵاو کراونەتەوە، دەبیندرێت ئاستی ئاو تاکوو دوو نهۆم بەرز بووەتەوە.

بەرپرسانی ڕووسی بەر لە جەنگ بڕیاری گواستنەوەی دانیشتووانی شارەکەی دا کە ٤٤ هەزار کەسن، هەروەها بەهۆی ئەگەری ڕوودانی لافاویشەوە بڕیاری گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچەکانی گۆلۆپریستانسکیی و ئالەشکی دا.

نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئازەربایجان دەکات
پێشت نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئازەربایجان دەکات
جیاوازی لەنێوان كەسی بەناوبانگ و كەسی كاریگەر
دواتر جیاوازی لەنێوان كەسی بەناوبانگ و كەسی كاریگەر
ەیوەندیدار