کۆمسیۆنی عێراق: بەلانی کەم ١٠ مانگمان پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان



بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەم پێویستیان بە ١٠مانگ هەیە، بۆیە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدانی هەڵىژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا قورسە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

هیمان تەحسین بەگم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عيراق دەکەوێتە سەر چەند شتێک، یەکەم “پێویستە بە فەرمی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داوامان ليبکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن تا ئەم ساتەش هیچ داوایەکمان لەو ڕووەوە لێنەکراوە.”

وتیشی:”ئێمە ئێستا لەم کاتەدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق، کە بڕیارە ڕۆژی ١٨ی مانگی دوانزەی ئەمساڵ(٢٠٢٣) بەڕێوەبچێت، بۆیە ئێستا کۆمسیۆن سەرقاڵی ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە عێراق.”

وتیشی:” هەرێمی کوردستانیش لە چوار پارێزگا پێکهاتووە، بۆیە لەم کاتە و لە ئەمساڵدا کارکردن بۆ ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە کەمێک ئاڵۆزە.”

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن سەبارەت بەوەی کە ئایا بە فەرمی هەرێمی کوردستان داوایان لێبکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوان ئامادەدەبن وتیشی:” پێموایە ئەستەمە بۆ ئێمە وەک کۆمسیۆن، چونکە ڕەنگە فریای زۆر شت نەکەوین، لەبەر ئەوەی ڕوونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەبێت بە یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت.”

راشیگەیاند:” پێویستە ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆببێتەوە و گفتوگۆیەکی باش بکرێت لەگەڵ هەموو فەرمانگەکانی کۆمسیۆن دەبێت بزانین ئامادەییمان هەیە یاخود نا؟ وە ئەو ڕێگرییانە چین ئەگەر بمانەوێت ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین؟وە بە تەواوی چەندە کاتمان پێویستە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە فەرمی داوامان لێکرا.”

وتیشی:” ئەمڕۆ وەک کۆمسیۆن کۆبوونەوەیەکی زۆرمان لە ناو فەرمانگەکانی خۆمان لە بەغداد ئەنجامدا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەنجامی ئەوەی فەرمانگەکانمان وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بدەنەوە.”

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن راشیگەیاند:” پێشتریش ئاماژەمان پێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک پێویستمان بە ١٠ مانگ هەیە بۆ ئامادەکارییەکان تا گرێبەست بکەین لەگەڵ کۆمپانیاکان، و تەواوی ڕێکارەکانی تر جێبەجێ بکەین.”

وتیشی:” نایشارمەوە ئێمە ئێستا ئامادەکاری باشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، بەڵام ئەم بابەتی هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێم نوێیە و ئامادەکاری زۆری دەوێت.”

” ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین، ڕەنگە ئەو پێویستییە ئەوتۆیەمان نەبێت بە کۆمسیۆنی هەرێم، مەگەر تەنها بۆ چەند بابەتێکی ڕێکاری پێویستمان بێت، چونکە ئێمە ئەزمونی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرتاسەریمان لە عێراق هەیە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان چەند جار بەڕێوەبردووە.”هیمان تەحسین بەگ وای وت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد:” ڕێوەشوێنەکان و ئامادەکاریییەکانی ئەوان(کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم) لە ڕووی هونەرییەوە جیاوازە، چونکە ئێمە هەموو ڕێوشوێنەکان بە ئامێر دەکەین، بەڵام ئەوان ئەو ڕێوشوێنەیان نییە، وە تۆماری دەنگدەرانی ئێمە نویکراوەتەوە و چاودێرییەکی توندی لەسەرە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە تایبەتمەندییەکانی جیهان.”

 

 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاگاداردەکاتەوە
پێشت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاگاداردەکاتەوە
ئەردۆغان نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی ئەنقەرە دەکات
دواتر ئەردۆغان نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی ئەنقەرە دەکات
پەیوەندیدار