لە هەرێم چەند ڕێكارێكی بەپەلە بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون ڕاگەیەنرا



وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم چەند ڕێکارێكی بەپەلەی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی (تای خوێنبەربوون) ڕاگەیاند.

ڕۆژی پێنج شەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، كە تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون، كە بەهۆی “گەنە”وە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە زیادی كردووە و گەیشتۆتە 119 حاڵەتی تووشبوون و 18 حاڵەتی كردن، كە لە هەولێر تووشبوویەك هەیە و یەكێكیش گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

ڕاشیگەیاندووە، دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە، هەروەها پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، “کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن، کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان”.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: “ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هەروەها ڕێگە لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربونی تێدا بڵاوبوەتەوە دەکرێت”.

وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، “هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن”.

كاتی پەسەندكردنی بودجە و پشكی هەرێم ئاشكراكرا
پێشت كاتی پەسەندكردنی بودجە و پشكی هەرێم ئاشكراكرا
مانگی ڕابردوو عێراق بە بەهای ١.٦ ملیۆن دۆلار فستقی ئێرانی هاوردەکردووە
دواتر مانگی ڕابردوو عێراق بە بەهای ١.٦ ملیۆن دۆلار فستقی ئێرانی هاوردەکردووە
ەیوەندیدار