كاتی پەسەندكردنی بودجە و پشكی هەرێم ئاشكراكرا



جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە لیژنەی دارایی لە كۆتایی ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەسەندكردنی و ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت: “لەم هەفتەیەدا پڕۆژەكە دەچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت”.

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لیژنەی دارایی دەنگدان لەسەر گرنگترین ماددەكانی یاسای بودجە تەواو دەكات و ئێستا كۆبوونەوەكانیان بەردەوامە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو چەند ماددەیەی ماوە.

ڕاشیگەیاندووە، لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكات و دەیداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوەكو كاتی دانیشتن بۆ پەسەند كردنی دیاری بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، لیژنەی دارایی هەوڵی زۆر و بێ‌ وچانی داوە بۆ كامڵ كردنی ماددەكانی بودجە، چونكە ئەو یاسایە بۆ سێ‌ ساڵی داراییە.

لای خۆشیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ ناکۆکی ئەوتۆ لەنێوان لایەنەکان نییە لەسەر بودجە، لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان و لە دانیشتنی گشتی دەنگی لەسەر دەدرێت.

وتوشیەتی، “ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە باوەڕناکەم ئەمساڵ هیچ ئاستەنگێک بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت”.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، پشكی هەرێم بە 12.67% دیاری كراوە و بەوەش زیاتر لە 17 ترلیۆن دینار پشكی هەرێم دەبێت بە بودجەی بەكاربردن و وەبەرهێنان و سیادییەوە، هاوكات مووچەی پێشمەرگەش خراوەتە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق و میلاكی فەرمی 682 هەزار فەرمانبەری مەدەنی جێگیركراوە.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاندبوو، كە بودجەی عێراق لە بەرژەوەندی كوردیشە و وتبووی، “بڕێكی زۆر پارە دەدرێت بە هەرێم، كە ساڵانە سەرووی 16 ترلیۆن دینارە”.

ڕاشیگەیاندبوو، میلاكی فەرمانبەران كێشەی نەماوە و لە بودجەدا جێگیر كراوە.

لە بودجەدا كارتی مۆبایل گران كرا
پێت لە بودجەدا كارتی مۆبایل گران كرا
لە هەرێم چەند ڕێكارێكی بەپەلە بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون ڕاگەیەنرا
دوات لە هەرێم چەند ڕێكارێكی بەپەلە بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار