زیاتر لە ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆكراین گوازراوەتەوە



 

تا ئێستا بەپێی ڕێككەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆكراین و توركیا لەڕێگای ٥٠١ كەشتییەوە زیاتر لە ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵە گوازراوەتەوە.

مانگی تەمووزی ڕابردوو لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەكان ‌و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، “ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش” لە ئیستانبوڵ بەمەبەستی گواستنەوەی دانەوێڵە لە ئۆكراینەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دامەزرێندرا كە نوێنەرانی توركیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕووسیا و ئۆكراین تیایدا بەشدارن.

یەكەمین كەشتی گواستنەوەی دانەوێڵە، كەشتی رازۆنی بوو كە لە یەكی ئاب لە بەندەری ئۆدیسا بەرەو بەندەری تەرابلوس لە باكووری لوبنان بەڕێكەوت كە ٢٦ هەزار تۆن گەنمەشامی هەڵگرتبوو.

بە دوای ئەو كەشتییەدا، چەندین كەشتی دیكەیش لە بەندەرەكانی ئۆدیسا و چەرنۆمۆرسكەوە بەڕێكەوتن و تا ١٣ی ئاب، ژمارەی كەشتییە بەڕێكەوتووەكان گەیشتە ١٧ كەشتی و زۆربەیشیان بە بەندەرەكانی وەك تەكیرداغ، ئیسكەندەرون و ئیزمیر لە توركیا تێپەڕین و لە گەرووی ئیستانبوڵ پشكنین بۆ كەشتییەكان كرا.

لە میانی دوو هەفتەی دوای بەڕێكەوتنی یەكەمین كەشتیدا، ژمارەی كەشتییەكان گەیشتە ٢٥ كە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار تۆن دانەوێڵەیان گواستەوە.

هەرچەند هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر بەندەری سیڤاستۆپۆل لە ٢٩ی تشرینی یەكەم كاریگەری كردە سەر چالاكییەكانی گواستنەوەی دانەوێڵە و بۆ ماوەیەك چالاكییەكان ڕاگیران، بەڵام بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی گرژییەكان و بەمەبەستی بەردەوامیدان بە چالاكییەكان، سەرۆككۆماری توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆكی ئۆكراین، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی-یەوە كرد و بەم جۆرە چالاكییەكانی گواستنەوەی دانەوێڵە دەستی پێ كردەوە.

هەر لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بڕیار درا ماوەی رێككەوتنی رەوانەكردنی دانەوێڵە كە بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ بوو بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژی دیكە درێژ بكرێتەوە.

لە میانی بەردەوامیدان بە ڕەوانەكردنی دانەوێڵە، ژمارەی ئەو كەشتییانەی تا دوێنێ لە ئۆكراینەوە بەڕێكەوتوون گەیشتووەتە ٥٠١ كەشتی و زیاتر لە ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی وەك گەنم، گەنمەشامی و جۆیان گواستووەتەوە، زیاتر لە ٢٠٠ كەشتییش گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست.

زیانەكانی بەهەڵە بەكارهێنانی مۆبایل
پێشت زیانەكانی بەهەڵە بەكارهێنانی مۆبایل
سەرۆكایەتی توركیا: خۆمان وادەی ئۆپەراسیۆنەكەی ڕۆژئاوا دیاریدەكەین
دواتر سەرۆكایەتی توركیا: خۆمان وادەی ئۆپەراسیۆنەكەی ڕۆژئاوا دیاریدەكەین
ەیوەندیدار