دەیان خێزانی كورد لە جەنگی سوودان گیریانخواردووە



 

لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ڕۆژی شەممە لە خەرتومی پایتەختی سوودان و شارەكانی دەوروبەری سەریهەڵدا، ژمارەیەك كوردی رۆژئاوای كوردستان كە لەوێ دەژین، گیریان خواردووە.

شەڕێكی قورس لە نێوان سووپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی فریاگوزاری لە خەرتوم و شارەكانی بەحری، ئوم دێرمان، فاشیر و نیالا و هەندێك شوێنی دیكە ڕوویدا، كە تێیدا چەكی قورس و تانك و فڕۆكەی جەنگی بەكارهێنران.

لە خەرتوم، نزیكەی 70 خێزانی كوردی سووریا كە كۆچیان كردووە بۆ سوودان، بەهۆی بەردەوامی شەڕەكەوە گیریان خواردووە.

ئەحمەد كوتو كە خەڵكی كۆبانێیە و لە خەرتوم كار دەكات، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەهۆی شەڕی توندەوە، فڕۆكەخانەی خەرتوم لە كاركەوتووە و ناشتوانن لە ماڵەكانیان دەربچن.

دەشڵێت “فڕۆكەخانەكە داخراوە، زیانی زۆر هەبوو، سێ فڕۆكە سووتان كە یەكێكیان سعوودیە و دوانی دیكەش فڕۆكەی نەتەوە یەكگرتووەكانن”.

بەپێی زانیارییەكانی كوت، زۆربەی خێزانە كوردەكانی خەرتوم خەڵكی كۆبانێن و بەهۆی ئەم شەڕەوە تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانی بە كورد نەكەوتووە.

كوت دەڵێت “تا ئێستا كەس لێمان نزیك نەبووەتەوە، هەمووان لێرە لە ماڵەكانی خۆیانن، سەربازەكان بە تەنیا شەڕ دەكەن، هەندێك هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەكانی شەڕدا كوژراون.”

عارف محەمەد بازرگانێكی كوردی خەڵكی كۆبانێیە و لەگەڵ خێزانەكەی خاوەنی كارگەیەكن لە خەرتوم و ئەو ئێستا بە سەردانێك لە قامیشلۆیە، دەڵێت نزیكەی 20 كەس لە بنەماڵەكەی لەو شەڕەی خەرتوم گیریان خواردووە.

محەمەد لە لێدوانێكیدا دەڵێت “دۆخی خێزانە كوردەكان زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت ترسێك هەیە كە ئەم شەڕە درێژە بكێشێت”.

ئەو دەشڵێت “نزیكەی 300 خێزانی كوردی سوریا لە سەرتاسەری سوودان هەن كە زۆربەیان خەڵكی كۆبانێ و گرێ سپین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەی خەرتوم كورد و هاووڵاتیانی دیكەی بیانی گیریان خواردووە و سنووری میسریش نزیكەی 1000 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

بەپێی ئاماری لیژنەی پزیشكی سوودان، لە شەڕەكەدا 56 هاووڵاتی كوژراون و 600 كەسیش برینداربوون.

نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگا نێودەوڵەتییەكانی دیكە مەزەندە دەكەن كە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 ەوە نزیكەی 100 هەزار هاووڵاتیی سووریایی لە سوودان نیشتەجێ بوون.

دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خرایە سەر بەغدا
پێشت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خرایە سەر بەغدا
ئەمریكا كوژرانی سەركردەیەكی باڵای داعشی راگەیاند
دواتر ئەمریكا كوژرانی سەركردەیەكی باڵای داعشی راگەیاند
ەیوەندیدار