ئافرەتێك ١٠ ساڵە بە دەفەكەی موسڵمانان بەخەبەر دەهێنێتەوە



 

ناهی عارف محەمەد ئەو ژنەی ١٠ ساڵە بە دەفەكەی موسڵمانان بۆ پارشێو بەخەبەر دەهێنێتەوە دەڵێت “١٠ ساڵ زیاترە دەف لێ دەدەم و بەردەوامم. لە تەكیە و خانەقاكانیش خزمەتم كردووە. وەك خادیمێك و باوەڕپێكراوێك و دەروێشێكی دڵسۆز بۆ رێگەی خودا، هەوڵ دەدەم هەرچییەكم پێ بكرێت ئامادەم لەسەر یەك قاچ بووەستم لەبەر خاتری خودا، بەڵام بۆ دنیایی ناكەم و بۆ خودای دەكەم”.

دەشڵێت ”لە تەكیە و خانەقاكاندا بە خەلیفە ناهی ناسراوم. من دوو ساڵ خزمەتم كرد لە تەكیەكەی بەختیاری، تەكیەی شێخ محەمەدی رەفاعی. دەمێكە لە تەكیە و خانەقاكاندام و ناسراوم. خۆشیان دەوێم و خۆشەویستم لەناو دەروێشەكاندا لەوێ فێری دەفژەنین بووم”.

رەمەزان پیرۆزترین مانگەكانی ساڵە لەلایەن موسڵمانان بەتایبەت كە تیایدا موسڵمانان لە بەشی كۆتایی شەو و نزیك لە بەرەبەیاندا، هەڵدەستن بۆ خواردن و خۆ ئامادەكردن بۆ كاتی بەرۆژووبوون كە لەلایەن گەلی كورد بە پارشێو (پاشیڤ) ناوزەد دەكرێت.

هەڵسانی موسڵمانان لە پارشێودا هەرچەندە كەمێك گرانە، بەڵام وابەستییان بە ئایینی ئیسلامەوە وای كردووە كە گرنگی بە خواردنی پارشێوبدرێت كە تیایدا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ رۆژی داهاتووی بەرۆژووبوون، هەر لە دێر زەمانیشەوە بە چەندین رێسا و رێكاری جۆراوجۆر، هاووڵاتییان یەكتریان وەخەبەر هێناوە لەنێو خەوی قوڵی شەودا، تاوەكو خۆیان ئامادەبكەن بۆ رۆژی داهاتوو.

لە كۆندا و لەو كاتەی كە ئامێرەكانی تەكنەلۆجیا نەبوون لە گوند و شاردا، كەسێك بە دەهۆڵە و دەف دەكەوتە نێو شەقامەكان و خەڵكی بەخەبەر دەهێنایەوە بۆ ئەوەی پارشێویان لەدەست نەچێت.

ئێستا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆجیادا، ئەو كولتوورە كەمبووەتەوە، بەڵام لە شاری سلێمانی ژنێك ماوەی ١٠ ساڵە بە خۆی و دەفەكەیەوە ژمارەیەك كۆڵانی شاری سلێمانی دەگەڕێت و هاووڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەهێنێتەوە.

ناهی عارف محەمەد (٦٠ ساڵ) كە خاوەنی سێ منداڵە و ژنی ماڵەوەیە و هاوسەرەكەشی خانەنشینە و بە “خەلیفە ناهی” لەنێو خەڵكی سلێمانیدا ناسراوە ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی ١٠ ساڵە پارشێوان دەچێتە شەقام و كۆڵانەكان و خەڵك بەخەبەردەهێنێتەوە.

خەلیفە ناهی ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر شەوگار و كەشوهەوا لەباربێت ئەوا دەچێتە دەرەوە و بە دەنگی دەفەكەی موسڵمانان خەبەر دەكاتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پارشێو ”لە كاتی باراندا ناتوانم بچمە دەرەوە و دەف لێ بدەم و ئەمەم پێ ناخۆشە، چونكە لە كاتی باراندا ناكرێت چەتریش بگرم و دەفیش لێ بدەم. ئەو گەڕەكانەی دەچم زۆریان پێ خۆشە. ئەگەر تەندروستیم تەواو بێت و رێگەم پێ بدات دوو سێ كۆڵان دەچم و دەفیان تیادا لێ دەدەم. ئەگەر بتوانم زیاتریش دەڕۆم”.

خەلیفە ناهی ئاماژە بەوە دەكات لەنێو كۆمەڵگەی موسڵماناندا كەمێك ئەستەمە ژن بەشەو لە دەرەوە بێت و دەف لێبدات، بۆیە جاری وا هەیە ژنان دێنە باڵكۆنەكان و ڤیدیۆم دەگرن منیش بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم ڤیدیۆم بكەن و بڵاویشم بكەنەوە. زۆر ئاساییە بەلامەوە.

وشکەساڵی و قەیرانی خۆراک وڵاتێکی عەرەبی دەباتە کەناری لە ناوچوون
پێشت وشکەساڵی و قەیرانی خۆراک وڵاتێکی عەرەبی دەباتە کەناری لە ناوچوون
حكومەتی هەرێم لەسەر دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان كۆدەبێتەوە
دواتر حكومەتی هەرێم لەسەر دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان كۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار