وشکەساڵی و قەیرانی خۆراک وڵاتێکی عەرەبی دەباتە کەناری لە ناوچوون



ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بانگەوازێکی بەپەلەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هاوکاری بەپەلە پێشکەش بکەن بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان سۆماڵی لەو قەیرانە سەختەی خۆراک کە وڵاتەکەیانی پێدا تێدەپەڕێت بەهۆی خراپترین دۆخی وشکەساڵی، کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.

 

گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای سەردانێکی لەناکاوی بۆ سۆماڵ وتی: پێویست بە پشتیوانییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، کە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی کێشەی مرۆیی و برسێتی و تیرۆر بووەتەوە.

 

بەهۆی سەختی ژیان و برسێتی سەدان هەزار سۆماڵی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرەو شاری مۆگادیشۆی پایتەخت و ئەو کەمپە سەربازیانە هەڵاتوون کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتیی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە کراونەتە پەناگە و هاوکاری دەکرێن.

نیوەی ئەو ١٧ ملیۆن کەسەی کە تێکڕای دانیشتوانی سۆماڵ پێکدەهێنن، بەدەست قەیرانی خۆراک دەناڵێنن و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە، کە بە پێی ڕاگەیەنراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی ٢.٦ ملیار دۆلاری پێویستە.

 

وشکەساڵی لەو وڵاتە بووەتە هۆی داڕمانی ئەو بازرگانییە بچووک و مامناوەندانەش کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی سەدان هەزار کەس بوون لە شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکاندا.

 

لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی سۆماڵەوە ئەنجامدراوە، پێشبینی ئەوە دەکات، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو کەسانەی لە سۆماڵ بەهۆی برسێتی گیان لەدەستدەدەن، بگاتە نزیکەی ٣٤ هەزار کەس.

 

لەمبارەیەوە نوێنەری تایبەتی بەرپەرچدانەوەی وشکەساڵی لە سۆماڵ، عەبدولرەحمان عەبدولشەکور هۆشداری دا لە دۆخێکی زۆر کارەساتبار.

ناوبراو بۆ “سکای نیوز عەرەبی” وتویەتی: “بابەتەکە زۆر مەترسیدار و ئاڵۆز دەردەکەوێت، بەو پێیەی ئەو وشکەساڵییە بەربڵاوەی لەسەدا ٩٠ی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، هاوکاتە لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی دابینکردنی دانەوێڵە کە بەهۆی ئەو شەڕەوە دروستبووە کە زیاتر لە ساڵێکە لە ئۆکراین بەردەوامە”.

 

عەبدولشەکور دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی وشکەساڵیەوە زیانیان پێگەیشتووە، جووتیار و ئاژەڵدارن کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکە پێکدەهێنن و بژێوی ژیانیان بە تەواوی لە دەستداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وشکەساڵی پەیوەست بە ململانێکانی ئۆکراین کاریگەری لەسەر دابینکردنی دانەوێڵە و سووتەمەنی هەبووە، ئەمەش لە بەرامبەردا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە سۆماڵ کە پشت بە بازاڕی ئۆکراین دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی لەسەدا ٧٥ی هاوردەکردنی دانەوێڵە.

 

شەکور، ئاماژەی بۆ فراوانبوونی بەرچاوی برسێتی کرد، کە ئێستا نزیکەی هەموو ناوچەکانی وڵاتەکەی گرتۆتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکیەکان و کەمیی سەرچاوەی ئاو، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان.

 

وشکەساڵی ئێستا زیاتر لە ٨ ملیۆن کەسی لە بارێکی برسێتی کوشندەدا هیشتووەتەوە، ٣٤٠ هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش لەکاتێکدایە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش وەک پێویست نین.

کاریگەرییە کارەساتبارەکانی وشکەساڵی و برسێتی لە سۆماڵ فراوانتر بووە و تەنانەت پایتەختی مۆگادیشۆ و ئەو چەند شارەی دیکەشی گرتووەتەوە کە تاڕادەیەک لەم شەپۆلەدا سەلامەت بوون.

 

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٤ ملیۆن سۆماڵی ناچاربوون لە زێدی ڕەسەنی نیشتەجێبوونیان هەڵبێن، دوای ئەوەی بەهۆی وشکەساڵی سەرچاوە سەرەتاییەکانی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی داخستنی هەدەپەوە هۆشداری دەدرێت
پێشت لەبارەی داخستنی هەدەپەوە هۆشداری دەدرێت
ئافرەتێك ١٠ ساڵە بە دەفەكەی موسڵمانان  بەخەبەر دەهێنێتەوە
دواتر ئافرەتێك ١٠ ساڵە بە دەفەكەی موسڵمانان بەخەبەر دەهێنێتەوە
ەیوەندیدار