دەیڤد ڤێتەر، منداڵە دەگمەنەکەی جیهان



لەسەر کێلی گۆڕەکەی دەیڤد ڤیتەر نوسراوە: “دەستی لە هیچ شتێکی ئەم جیهانە نەدا، بەڵام جیهانی گۆڕی “.

نەخۆشییەکی دەگمەن، وایکرد هەموو ژیانی لە ناو پێکهاتەیەکی پلاستیکیدا بێت، کەس بۆی نەبوو دەستی لێبدات، چونکە ئەو گیرۆدەی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو کە بە نەخۆشی “کەمی بەرگری تێکەڵاو” ناسرا بوو.

 

دەیڤد ڤێتەر، ئەو منداڵەی لە یەکەم ساتەکانی دوای لەدایکبوونیەوە تا پێش دوو هەفتەی کۆتایی ژیانی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، کەس دەستی لێنەدا و نەیتوانی تەنانەت خۆی لە ئامێزی دایک و باوک و خانەوادەکەشیدا ببینێت.

دەیڤد تەنها دوو هەفتەی ژیانی لە دەرەوەی کیسێکی پلاستیکیدا لەناو ژوورێکی نەخۆشخانەیەک بەسەر برد، لە هەوڵێکدا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی لەڕێی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەگمەنەکەی بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش بۆی بوو بە دوا ساتەکانی ژیانی.

 

ئەم منداڵە سەرەڕای تەمەنی کورتی، بەڵام بوێری و تێگەیشتنی خۆی بۆ نەخۆشییەکەی نیشان دا، بارودۆخی ناوازەی ژیانی قبوڵ کرد، بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی دەرچوون بوو لەو جێگەیەی کە تێیدا بوو، بەڵام سەختی و کاریگەری نەخۆشییەکەی دواجار بووە هۆی ژیانئاوایی و پاش مەرگیشی ژیانی هەزاران منداڵی ڕزگار کرد.

 

پێش لەدایک بوونی دەیڤد، دایک و باوکی، کچێکی تەندروستیان بە ناوی کاترین بوو، دواتر کوڕی دووەمیان لە ساڵی ١٩٧٠ لەدایک بوو، کە لە تەمەنی ٦ مانگیدا کۆچی دوایی کرد .

 

پزیشکەکان بە دایک و باوکەکەیان وت؛ ئەگەر هەیە هۆکاری مردنی منداڵەکەیان بە هۆی جینێکی گۆڕاوەوە بێت، ئەگەر بێت و منداڵێکی تریشیان ببێت ئەوا رەنگە هەمان چارەنووسی ئەم منداڵەی هەبێت بە ڕێژەی ٥٠ ٪.

 

“کەمی بەرگریی تێکەڵاو” نەخۆشیەکی دەگمەنە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە جینە جیاوازەکاندا دروست دەبێت، کە بەشدارن لە گەشەکردن و کارکردنی خانەکانی بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن، منداڵی لەدایک بوو بەم نەخۆشییە وەک ئەوە وایە بەبێ سیستەمی بەرگری لەدایک بووبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر میکرۆبێک منداڵەکە هەڵیبگرێت، جا لە ڕیی دەست لێدانی کەسێکی دیکە بێت یان هەڵمژینی هەوای ئاسایی، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی.

 

مەیلی هەبوونی منداڵ دایک و باوکی ڤیتەر دەباتە لای پزیشک و پزیشکان پێیان دەڵێن؛ ئەگەر منداڵێکی تریان ببێت، وەک منداڵی پیشووتریان بەدەست نەخۆشیی کەمی بەرگریی دەناڵێنێت، بەڵام بژاردە و چارەسەرێک هەیە کە دەتوانن کاری لەسەر بکەن، پزیشکەکان پێشنیاریان کرد کە منداڵەکەیان بخرێتە شوێنێکی دابڕاو لە ژیانی ئاسایی، بۆ پاراستن لە میکرۆب و هەوکردن، کاتێک کەمێک تەمەنی گەورە دەبێت، دەتوانرێت بە چاندنی مۆخی ئێسکی خوشکە گەورەکەی چارەسەر بکرێت.

 

پزیشکەکان پێیان وابوو چارەسەرەکەی تەنها پرسی کاتە، هیچ باسێک نەبوو کە منداڵەکە لەو کاتەدا دەتوانێت تا چەند لە گۆشەگیریدا بمێنێتەوە لەو ژینگە داخراوەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەرکەوتنێکی لەگەڵ کەسدا هەبێت، تەنانەت دایک و باوکیشی.

 

لە ٢١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧١، دەیڤد ڤیتەر لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا لەدایک بوو.

تەنها چەند چرکەیەک دوای نەشتەرگەری، دەیڤد لە ژینگەیەکی داخراودا دانرا و دوای ئەوەش برایە نەخۆشخانەی منداڵانی تەکساس، لەوێ ژیانی لەناو کیسێکی پلاستیکی ڕووپۆشکراو دەستپێکرد، کە ئەندازیارانی دەزگای ناسا بۆیان دیزاین کردبوو.

 

پزیشکان و خێزانی دەیڤد چاوەڕێی شۆکێکی گەورە بوون، چونکە دواتر دەرکەوت شانەکانی کاترینی خوشکی گونجاو نین بۆ چاندنی مۆخ لە چارەسەری دەیڤد دا.

 

لەگەڵ گەورەبوونی دەیڤد، پزیشکانیش بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا، بەڵام دواجار ئەوە ڕوون بووەوە کە ژیان لەم کیسەیەدا ژیانی هەمیشەیی ئەو دەبێت.

 

خزمەتکردن و پێدانی خۆراک و ئاو، گۆڕینی دایبی و جلوبەرگ، بۆ دایک و باوکی دەیڤد ئەوپەڕی بارگرانی بوو، دەبوو هەموو شتێک بەشێوەیەکی تایبەت تەعقیم بکرێت.

 

دەیڤد، کاتێک تەمەنی بووە ٣ ساڵ هێنرایە نێو خانەوادەکەی و لەماڵەکەی خۆیاندا جێیەکی تایبەتی بۆ دروستکرا، تا لەگەڵ خێزانەکەی بچێتە ژیانەوە، بەڵام چ ژیانێک، تەنانەت لە ڕۆژی لە دایکبوونەکەشیدا، دایک و باوک و خوشکەکەی مۆمەکانی سەر کێکەیان بۆ دەکوژاندەوە و نەیدەتوانی دەست لە هیچ بدات.

 

لە ماوەی ئەو ساڵانەدا دەیڤد هیچ بەرکەوتنێکی پێست بە پێستی لەگەڵ هیچ مرۆڤێکی دیکەدا نەبووە، تەنانەت خانەوادەکەی نەیانتوانییەوە ماچێکیشی بکەن.

 

لە تەمەنی ٧ ساڵیدا ژیانی دەیڤد بۆ نیو میدیاکان دزەی کرد، بە “کوڕی ناو کیسەکە” ناسرا، هاوسۆزییەکی زۆر و پاڵپشتییەکی بێ وێنەی لەلایەن پزیشکانەوە وەرگرت، کە هەوڵیاندا چارەسەرێک بۆ حاڵەتەکەی بدۆزنەوە، بۆیە ژوورێکی بچووکی یاریکردنیان بۆ دروستکرد، کە بە کیسە سەرەکییەکەوە بەسترابوو، ئەمەش شوێنی زیاتری پێدەبەخشی بۆ جوڵە و یاریکردن، کتێب و تەلەفزیۆنێکیشی بۆ زیادکرا، و  هەر لە ماڵەکەی خۆیدا خوێندنی قوتابخانەی دەستپێکرد.

دواتر دەزگای ناسا بەرگێکی دابڕگەی بۆ دروستکرد، هاوشێوەی بەرگی کەشتیوانەکان، تا دەیڤد بتوانێت لەبەری بکات و بۆ چەند خولەکێک بچێتە دەرەوە.

 

کاتێک دەیڤد تەمەنی بوو بە ١٢ ساڵ، پزیشکەکان چارەسەرێکی تاقیکارییان بۆ چاندنی مۆخی ئێسک پەرەپێدا کە تەنانەت ئەگەر هاوتاش نەبێت دەتوانرێت یارمەتی بدات بۆ دروستکردنی سیستمی بەرگری.

 

دایکی دەیڤد دەڵێت: “پزیشکەکان پێیان وتین ڕێژەی سەرکەوتنیان زۆرە، لەئەگەری سەرنەگرتنی هەوڵەکەشیاندا، دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم”.

 

دایک و باوکی دەیڤد نەشتەرگەریەکەیان بۆ ڕوونکرایەوە هەرچەندە دڵنیا نەبوون لە ئەنجامەکەی، بەڵام دەیڤد و خێزانەکەی بڕیاریان دا بچنە پێشەوە و چارەسەرە نوێیەکە تاقی بکەنەوە.

دوای نەشتەرگەرییەکە، دەیڤد ڤیتەر بۆ ماوەی چەند مانگێک لە نەخۆشخانە مایەوە، بەڵام بارودۆخی دەستی بە تێکچوون کرد و ڕشانەوە و سکچوونێکی بێ ئەندازەی تووشبوو، بۆیە پێویستی بە چاودێری ورد و تایبەت بوو لە دەرەوەی ئەو کیسەی تێیدا دەژیا، پزیشکەکانیش لەگەڵ خێزانەکەی گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ شوێنێکی تایبەت.

 

لە ٧ی شوباتی ١٩٨٤دا دەیڤد برایە ژوورێکی دابڕاو لە ژینگەی ئاسایی، بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا خێزانەکەی ڕاستەوخۆ دەستیان لێدا.

دوای چەند ڕۆژێک بارودۆخی دەیڤد زیاتر خراپ بوو، بە دایکی وت: من ماندوو بووم، بۆچی ئەم هەموو بۆرییە دەرناهێنین و ناچینەوە ماڵەوە؟

 

لە ٢٢ی شوباتدا دەیڤد بە دایکی وت “هەمووتانم خۆشدەوێت”، ئەوە دوا قسەکانی بوو، چاوەکانی داخست و چووە دۆخی کۆما، دایکی دەمامکەکەی داکەند و بۆ یەکەمجار منداڵەکەی ماچ کرد، بەڵام دوای چەند خولەکێک مردنی دەیڤد ڕاگەیەندرا..

دکتۆر ویلیام تی شیرەر، ئەو پزیشکەی سەرپەرشتی کەیسی دەیڤد ڤیتەری کردووە، دەڵێت: “بەهۆی توێژینەوەی کەیسی دەیڤد، هەزاران منداڵی دیکەی بەرگری لاواز ئەمڕۆ لە ژیاندان”.

 

پزیشکەکان بۆ توێژینەوەکانیان لەسەر خانەکانی دەیڤد کەڵکیان وەرگرت تا هیوایەکی نوێ بە ژیانی زۆر کەس ببەخشن.

 

بۆیە لە سایەی دەیڤد ڤیتەر، ئەمڕۆ چیتر پێویست ناکات شوێن و جێگای دابڕ بۆ منداڵانی تووشبوو بە هەمان نەخۆشی بەکاربهێنین.

ئەمڕۆ دادگای دەستووری توركیا بڕیارێك لەبارەی هەدەپەوە دەدات
پێشت ئەمڕۆ دادگای دەستووری توركیا بڕیارێك لەبارەی هەدەپەوە دەدات
نرخی گۆشت هەرزان دەكرێت
دواتر نرخی گۆشت هەرزان دەكرێت
ەیوەندیدار